دواى ٢١ ساڵ لە هەمان شوێن...

ئادار خوشکى گەریلا ئێرش ٢١ ساڵ لەوە پێش لە سیدەکان شەهیدبوو. ئێستا گەریلا ئێرش گەڤەر برای شەهید ئادار لە هەمان شوێن و لە لێلیکانى سیدەکان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان دەکات.

ئادار خوشکى گەریلا ئێرش ٢١ ساڵ لەوە پێش لە سیدەکان شەهیدبوو. ئێستا گەریلا ئێرش گەڤەر برای شەهید ئادار لە هەمان شوێن و لە لێلیکانى سیدەکان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان دەکات و وتی "لەو شوێنەدا هەڤاڵ ئاداری تیادا شەهید بووە، تێکۆشان بۆ من شتێکی بێ هاوتایە".

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەزاران گەنج بۆ ژیان وڵاتێکی ئازاد روو لە چیاکانی کوردستان دەکەن. لەناو تەڤگەری پەکەکەدا بەلانیکەمەوە کەسێکى خێزانێک لە تێکۆشاندایە. لە هەندێک خێزاندا سێ تا چوار خوشک و برا پەیوەست بوون بە پەکەکەوە. یەکێک لەو خێزانانەش خێزانی ئێرش گەڤەرە لە شارۆچکەی گەڤەر.

ئێرش ڕایگەیاند، خێزانی ئەوان بە سێ خوشک و برا پەیوەستی ناو ڕیزەکانی گەریلا بوون. باس لەوەش دەکات کە پاش ئەوەی خوشک و براکانی پەیوەست بوون، ئەویش بڕیاری داوە بەشداری نێو تەڤگەری ئازادی ببێت. پاش ٢١ ساڵ لە شەهیدبوونی خوشکەکەی، لە ئێستادا گەڤەر لە هەمان شوێنی ئەودا لە لێلیکانی سیدەکات خەبات دەکات.

ئێرش گەڤەر باسی چۆنێتی پەیوەستبوونی خۆی بە ڕیزەکانی پەکەکە و بەرخۆدانی لێلیکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئێرش گەڤەر دەڵێت، کاتێک ئاداری خوشکی لە ساڵی ١٩٩٣ دا بەشداری نێو ڕیزەکانی گەریلا بووە، ئەو زۆر بچووک بووە و وتیشی "هاوکات لەگەڵ گەورەبوونم، هەر کاتێک ڕووبەڕووی هێرشی دوژمن دەبوومەوە، بیرم لەوە دەکردەوە خوشکی منیش لەناو تێکۆشاندایە و ئیدی وردە وردە دڵنیا دەبوومەوە کە دژ بە دوژمن بە هێز دەبین. گەورەکانمان زۆر جار باسی گەریلایان دەکرد. کاتێک دەوترا ئێمەش سووپایەکمان هەیە و خوشکی منیش لەناو ئەو سووپادایە، زیاتر سەرنجم دەچووە سەر گەریلا. بۆ من گەریلایەتی خەون و خەیاڵ بوو. لە دنیای منداڵانەماندا لە دۆخێکى بەوجۆرەدابووین، کە تەنها دەمانتوانی خەون بە گەریلا بوونەوە ببینین".

 بۆ درێژەدان بە ڕێبازەکەی ئادار ناوی خۆی کرد بە ئادار

گەڤەر دەڵێت، پاش ئەوەی خوشکەکەی بەناوی ئادار لە سیدەکان شەهید بوو، خوشکێکی تریشی بۆ بەردەوامیدان بە ڕێبازەکەی و تۆڵەکردنەوەی، پەیوەستی نێو ڕیزەکانی گەریلا دەبێت و ناوی خۆی دەکات بە ئادار. وتیشی "ئیدی دوو خوشکم گەریلا بوون. منیش هەنگاوێک زیاتر لە گەریلا نزیک دەبوومەوە. کۆمەڵکوژییەکانی دەورووبەرمان، ڕووداوی کوشتنەکان کە بکوژەکان دیار نەبوون و رۆڵەکانمان لە ناوەڕاستی کۆڵان و شەقامەکان دا دەکوژران، هەموو ئەوانە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هۆشمەندیی تێکۆشان و ڕۆحی تۆڵەکردنەوەیان لەناو مندا گەورەتر و گەشتر دەکرد. تاکە گۆڕەپانێکی ئازاد کە مرۆڤ دەیتوانى تیایدا دژ بە دوژمن شەڕ بکات چیا بوو. براکانمان ڕێگەیان نیشان دابووین و ئێمەش ئیدی درێژە بە قارەمانێتییەکانی ئەوان دەدەین".

گەڤەر دەڵێت، پاش پەیوەستبوونی بەناو ڕیزەکانی گەریلاوە، هاتووەتە شوێنێک کە ئاداری خوشکی تێدا شەهید بووە و وتیشی "هیچ کات ئەمە بۆ من وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەک نەبوو. وزە و هێزێک ئێمەی بەرەو هەمان شوێن راکێشا. کاتێک من هاتمە هەرێمی خواکوڕک، خوشکە گەورەکەم ئادارم بینی. لەگەڵ ئەودا پێکەوە ڕۆیشتینە سەر گۆڕەکەی ئاداری خوشکمان. کۆبوونەوەی ئێمە، واتە کۆبوونەوەى هەرسێکمان رێککەوت نەبوو. ئەو ڕۆژە ئێمە پێکەوە بووین. بەوەش خەونەکەم بەدی هات. خوشکەکانم هاوڕێی تێکۆشانی من بوون".

"لێلیکان داستان دەنووسێتەوە"

ئێرش گەڤەر، لەبارەی بەرخۆدانی لێلیکانەوە وتی "ئێستا من لە ناوچەی لێلیکانى سیدەکانم. بۆ من شتێکی بێ هاوتایە کە لەو خاکەدا کە هەڤاڵ ئاداری تێدا شەهیدبووە تێبکۆشم و لەو ڕێگەیەدا، کە هەزاران هەڤاڵ درێژەی پێدەدەن، بەشداری خەبات ببم. پاش ٢١ ساڵ لە هەمان جێگەدا کە خوشکەکەمی تێدا شەهید بووە، تێکۆشان بە هەموو سەختی و گەورەیی خۆیەوە بەردەوامە. کاتێک من دەستم بەم ڕێگەیە کرد، زانیم هەر هەنگاوێک کە دەینێم، ناحەق نیە و بەهەر هەنگاوێک ڕووبەڕووی واتای راستییەکی نوێ دەبوومەوە. بەرخۆدانی لێلیکان داستان دەنووسێتەوە و بەردەوامیشە لە نووسینەوەی ئەو داستانە. هەڤاڵان هەموو ڕۆژێک چالاکیی کاریگەر ئەنجام دەدەن. هەر سەنگەرێکی لێلیکان بۆ خۆی ڕۆمانێکە".

گەریلا ئێرش گەڤەر ڕاشیگەیاند، ئەوەی لە دەستی دەوڵەتی تورکیادا ماوەتەوە تەنها و تەنها تەکنیکی چەکە و وتیشی "هەڤاڵان لە دژی سووپای داگیرکەری تورکیا کە خۆیان لە پشتی فڕۆکەی چادێرییەوە دەشارنەوە، چالاکیی کاریگەر ئەنجام دەدەن. کاتێک  ئامانجی فڕۆکەی چاودێری پووچەڵ دەکەنەوە ئیتر هیچ شتێک نامێنێتەوە کە سەربازەکان باوەڕیان پێی بمێنێت. کاتێکیش ئێمە هەڵمەتی گەڕان و کەشف بەڕێوەدەبەین، دەمانبینن و ناوێرن لە کونی سەنگەرەکانیانەوە سەر دەربێنن و هەنگاوێک بنێن. سەرکەوتنمان لەم شەڕەدا هەر لە ئێستاوە دیارە. داگیرکەران هیچ کاتێک سەرناکەون. دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە. ئێمەش لە لێلیکان کۆتاییان پێ دەهێنین. دەبێت گەلەکەمان ئەو ڕاستییە ببینن و بزانن کە دەوڵەتی تورکیا وەک لێلیکان، لە هەموو شوێنێک ناچاری لەناوچوونە".

ر.م