دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر ئاگری بەردایە دارستانەکانى ئامێدی

بەهۆی بۆردومانەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەرەوە ئاگر بەربوویە دارستانەکانى ناحیەى شێلادزێى ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک. ئاگرەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و نەکوژێنراوەتەوە.

فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا رۆژی ٣١ى ئابی ٢٠١٨ گەلیى باڵندە و دەورووبەری گوندەکانى ساجا، چەمی مەشا و ستێ-یان لە ناحیەى شێلادزێى سەر بە ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک بۆردومانکرد. بەهۆى ئەو بۆردومانەوە دارستانەکانى ئەو ناوچانە ئاگریان تێبەربوو.

هاوکات بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیانێکى زۆر بە ناوچەکە گەیشتووە و سەدان دۆنم دەخڵ و دان و باخ و رەزی هاووڵاتییان سوتاوە.

 هەروەها بەهۆی بۆردومانەکەوە چەندین شوێنى بەخێوکردنی هەنگ سوتان و چەندین مێش هەنگوین و پلورەى هەنگ لە ناچوون.

سوپاى تورکیاى داگیرکەر بۆ ئەوەى رێگرى لە هاووڵاتییان بکات و رێگایان پێنەدات بڕۆن ئاگرەکە بکوژێنەوە، بە فڕۆکەى جەنگى بەردەوامە لە بۆردومانکردنى ئەو ناوچانە. بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە هاووڵاتییانى ئەو گوندانە ناچاربوون بگەڕێنەوە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە.

ر.م