رۆژنامەنووسانی کەرکوک ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەن بۆ سەر باشووری کوردستان

رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک پێیانوایە، تورکیا بە بیانوی لێدان و لەناوبردنی پەکەکە هاتووە باشووری کوردستان داگیر بکات.

سەڵاح حەمە ئەمین نووسەر و رۆژنامەنووسی شاری کەرکوک دەربارەی ئامانجی تورکیا لەم هێرشانەی سەر باشووری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "لەشکرکێشیی تورکیا بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان شتێکی تازە نییە و ئەم لەشکرکێشیە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆی باشووری کوردستانە لە ساڵانی نەوەتەکان. ئەوانەی پێیانوایە تورکیا تەنها هاتووە بۆ لەناوبردنی پەکەکە ئەوە زۆر هەڵەن، هەردوو دەوڵەتی تورک و ئێران دەیانەوێێت ئەم ئەزموونەی باشووری کوردستان لەناوببەن."

دەربارەی هەوڵی داگیرکردنی کەرکوک وتیشی: "تورکیا هەوڵدەدات خەونەکەی عوسمانییەکان و ئەتاتورک بێننە دی و ئیستاش تورکیا بەئاشکرا داوای موسڵ و کەرکوک دەکات ."

دەربارەی بێ هەڵوێستیی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق ناوبراو  ئەوەشی وت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان نییە و هیچ هەلۆێشتێکیانیش نابێت بەرامبەر ئەم هێرشانەی ئێران و تورکیا، چونکە لە ئاستی ئەواندا نین، هەروەها عێراقیش وڵاتێکە لە ژێر باری کۆمەڵێک کێشەی خۆیەدایەتی و بێ هاوکاریی دەرەوە حکومەتی عێراق توانای هیچی نییە."

ستار ئەحمەد رۆژنامەنووس و شاعیرێکی شاری کەرکوکە و دەربارەی ئەم هێرشانەی تورکیا وتی: "ئامانجی ئەم هێرشانەی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان لە ناوبردنی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستانە نەک تەنها حزبێکی دیاریکراو."

هەروەها ستار ئەحمەد وتیشی: "ئەم هێرشە دڕندانە هیچ یاسا و رێسایەک قەبووڵی ناکات، پێویستە هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغداد هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەم هێرشانە."

ڕێباز سەباح رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوکە و ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت: " بەداخەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دێتە ناو قوڵایی خاکی باشووری کوردستان بە بیانوی لەناو بردنی پەکەکە، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەست لەم هێرشانە لەناوبردنی پەکەکە نییە، هەرچەندە ناتوانن پەکەکە لەناوببەن،بەڵام مەبەست لەم هێرشانە داگیرکردنی باشووری کوردستانە ."

هەروەها ڕێباز سەباح وتیشی: " بینیمان لەم ماوەیەی ڕابردوو لیستەکەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی ئەستەنبول شکستی هێنا، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە پەرلەمانتارانی باشووری کوردستان تازە دێن لە ناوخاکی کوردستان پێشوازی لە جەندرمەی تورکی دەکەن و کۆبوونەوەیان پێ دەکەن لەگەڵ خەڵکی گوندەکان."

لە کۆتایدا رۆژنامەنووس رێباز سەباح ئەوەشی وت: "ئەم داگیرکارییانە حکومەتی هەرێم قەبووڵی کردووە، بەڵام نابێت حکومەتی عێراق ئەم ئیهانەکردنە قەبوول بکات، کە تورکیا هێرش بکاتە سەر باشوور، چونکە تا ئێستا باشووری کوردستان بەشێکە لە  خاکی عێراق. داوکارم لە کاربەدەستانی حکومەتی عێراق بێدەنگ نەبن و ئیدانەی ئەم هێرشانە بکەن و ڕیگری لەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک بکەن."

ر.م