زەوییەکانى چیای قەرەچۆخ لە مەخمور ئاگریان تێبەردراوە

زەوییەکانى چیای قەرەچۆخ لە مەخمور لە پارێزگاى موسڵ ئاگریان تێبەردرا و بەو هۆیەوە ئاگرێکى گەورە لەو ناوچەیە کەوتوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان ئاگرەکە لەلایەن چەتەکانى داعشەوە بەردراوەتە ناوچەکە و ئاگرەکەش گەیشتوەتە لوتکەى چیاکە.

لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ی شەوی رابردوودا لە ناوچەى مەخمور لە پارێزگاى موسڵ ئاگربەردراوەتە زەوی و زاری هاووڵاتییان لە بناری چیای قەرەچوخ و ئاگرەکە بەشێکى زۆر چیاکە و زەویی کشتوکاڵی و دەخڵ و دانی هاووڵاتییانی گرتووەتەوە. بەپێی زانیاریی هاووڵاتییانى ناوچەکە ئاگرەکە لەلایەن چەتەکانى داعشەە بەردراوەتە ئەو ناوچەیە و ئاگرەکە بە خێرایی لە تەشەنەدا بووە و گەیشتوەتە لوتکەى چیاکە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە بەرەبەیانی دوێنێوە جموجوڵێکى زۆری فڕۆکەی چاودێری و شەڕ لەسەر ئاسمان ئەو ناوچەیەدا هەبووە.

لەمدواییانەشدا لەو ناوچەیە جموجوڵی چەتەکانى داعش زیادیکردووە.

ساڵی رابردوش یەکێک لە کارەکانى چەتەکانى دداعش ئاگربەردانە زەوی و زار و دەخڵ و دانی هاووڵاتییان بوو. چەتەکانى داعش لە رۆژئاواى کوردستان تاوەکو عێراق ئاگریان بەردایە زەوی و زار و دەخڵ و دانی هاووڵاتییان. داعش هەڕەشە لە خاوەن زەوییەکانى ناوچەکان دەکات و داواى سەرانەیان لێدەکات و هەر کەسێک ئامادە نەبێت سەرانە بە چەتەکانى داعش بدات هەڕەشەى سوتاندنی زەوی و زار و دەخڵ و دانەکەى لێدەکەن.

چەتەکانى داعش لە چوارچێوەى کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەکانیاندا و لە پێناو دزی و تاڵانی و دەستدرێژی و داگیرکەریدا دەیان هەزار دۆنم زەوی و دەخل و دانی هاووڵاتییانیان سوتاند.

ژ.ت