زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسی دەستی بە مانگرتن کرد

زیندانیی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان و ٩ بەند کراوی تری سیاسی بۆ شەرمەزارکردنی ئەو گوشار و زۆردارییانەی کە لە بەندیخانەکاندا بەرامبەر بە بەندکراوان ئەنجام دەەدرێت دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

بەپێی ئەو زانیانەی لەلایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەندکراوی سیاسی زەینەب جەلالیان کە لە شاری خۆێ پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کراوە، لە گەڵ ٩ هاوڕێی دیکەی  دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. مانگرتنى ئەو زیندانییە سیاسییانە بۆ ئیدانەکردنى هەلومەرجی خراپی زیندانەکانە بەرامبەر زیندانیان.

ڕەوشی تەندرووستیی زەینەب جەلالیان رۆژ بە رۆژ بەرەوە خراپبون دەچێت، بەڵام ڕێگای پێ نادرێت، کە چارەسەری بۆ نەخۆشییەکانی بکرێت .دەوترێت جەلالیان بەهۆی توشبوونی بەنەخۆشبی هەوکردنی چاو، هەوکردنی دەم و دان لە دۆخێکى تەندروستیى خراپدایە.

 رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستى ئینتەرناشناڵ) رۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠١٧ لە بەیاننامەیەک دا ناڕازیبوونی خۆی بەرامبەر بە کاربەدەستان نیشان دا، کە پێشێلکاری و ناڕەوایى بەرامبەر بە جەلالیان دەکەن و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ناکەن.

رێکخراوەکە راشیگەیاندبوو "دیارە کاربەدەستان دەیانەوێت بە زۆر سزای بە سەردا بسەپێنن و لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا دانپیادانانى (تەلەفزیۆنى) لێوەربگرن".

رێکخراوەکە، دروستکردنى رێگری و لەمپەر لەبەردەم چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانى زەینەب جەلالیان و رێگریکردن لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانى وەکو ئەشکەنجە لەدژی زەینەب جەلالیان پیناسەکردووە.

چالاکوان زەینەب جەلالیانی تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی شاری ماکۆیە. زەینەب جەلالیان ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری کرماشان دەستگیرکرا. لە سەرەتادا سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو. پاشان بە تۆمەتی "دژایەتی بەرامبەر بە خودا " و بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاند.

ر.م