"سوتاندنى دارستانەکانى کوردستان بەشێکە لە شەڕی هەمەلایەنە لە دژى گەلی کوردستان"

تەیب تەمەل پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان باسی لە شەڕی هەمەلایەنە لە دژى گەلی کوردستان کرد و وتى، سوتاندنى دارستانەکانى کوردستان بەشێکە لەو شەڕە هەمەلایەنەیە، کە لە دژى گەلی کورد بەڕێوەدەچێت.

جوگرافیاى ئامەد، دێرسیم و چەولیک بە جوانییە سەرنجڕاکێشە و تایبەتەکەیانەوە بە ناوبانگن. ئەو جوگرافیایە زیاتر لە مانگێکە بە پاساوی ئۆپراسیۆنى سەربازی لە زەمین و ئاسمانەوە بۆردومان دەکرێن. بەهۆی بۆردومانەکانەوە لە چەندین شوێن ئاگرکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا ئاگرەکان بەردەوامن و دەیان هەزار دۆنم لە دارستان و لەوەڕگە و پاوانە و رەز و باخی ئەو ناوچانە سووتاون.

ئەو شوێنانەى ئاگریان تێبەردراوە بوونەتە پارچەیەک لە خۆڵەمێش و دووکەڵ و تاوەکو ئێستاش بە شێوەى فەرمی هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەى ئەو ئاگرانە نەدراوە و ئاگرەکانیش بەردەوامن لە سوتاندنى دار و باخ و رەز و سروشتی ئەو ناوچانە.

گەلی ئەو ناوچانە و دەستە خۆبەخشەکان دەیانەوێت بڕۆن ئاگرەکان بکوژێنەوە، بەڵام لەلایەن سەربازان و پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورکیاوە رێگرییان لێدەکرێت و رێگایان پێنادەن ئاگری ناو دارستان و سروشتى کوردستان بکوژێنەوە.

تەیب تەمەل پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان لەبارەى ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) دوا.

"شەڕێکى هەمەلایەنە لە دژى کوردستان بەڕێوەدەچێت"

تەمەل رایگەیاند، لە کوردستاندا شەڕێکى قورس بەڕێوەدەچێت و شەڕ هەموو ناوچەکانى گرتووەتەوە و هێرشیش دەکرێتە سەر سروشت، کۆمەڵگە و هەموو ئەو بوونەوەرانەى لە جوگرافیاى کوردستاندا دەژین.

تەیب تەمەل راشیگەیاند "لە چوارچێوەى ئەو شەڕە قورسەدا لە سەرتاسەرى کوردستاندا هێرشی قورس دەکرێتە سەر هەموو بەش و جومگەکانى کۆمەڵگە. لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان شەڕێکى هەمەلایەنە لە دژى کوردستان بەڕێوەدەچێت. ئاگربەردانە دارستانەکانى کوردستانیش بەشێکە لەو شەڕە. کاتێک شەڕ لە دژى وڵاتێک رادەگەیەنرێت، جوگرافیاى ئەو وڵاتە دەبێتە ئامانجی شەڕەکە. ئێمە لە کوردستاندا لە دۆخێکى لەو شێوەیەداین و شەڕێکى لەوشێوەیە لە دژى خاک و جوگرافیاى کوردستان بەڕێوەدەچێت".

 "لە کوردستان چەکى قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێن"

ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە باسی ئەوەیکرد، لە دژى تێکۆشانى ستراتیژیک و ئازادیى گەلی کورد هێرشی قورس ئەنجام دەدرێن و هەوڵ دەدرێت هەموو ناوچەکانى کوردستان لە مرۆڤ چۆڵ بکرێت. بۆ هاتنەدیى ئەو ئامانجەشیان چەندین ناوچەیان سووتاندووە و چەندین ناوچەیان لە هاووڵاتیان قەدەغەکردووە.

تەیب تەمەل باسی ئەوەشیکرد، دارستانەکانى کوردستان بۆ ٢ ئامانج ئاگریان تێبەردەدرێت. یەکەم: لە کوردستان شەڕێک بەڕێوەدەچێت کە هیچ سنوور و پێوەر و کۆنترۆڵێکى بەسەرەوە نییە. بۆ ئەوەى سەربازان زیان بە شەڕڤانانى کورد بگەیەنن، هەموو شێوازە جۆراجۆرەکان بەکار دەهێنن. لە هەرێمەکەشدا چەکى قەدەغەکراو بەکاردەهێنن. لە رێگەى بەکارهێنانى ئەو چەکە قەدەغەکراوانەوە زیانێکى زۆر بە سروشت و هەموو رووەک و بوونەوەران و دار و دارستانەکانى کوردستان دەگەیەنن. هۆکارى دووەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئاگرتێبەردانی دارستان و سروشتی کوردستان وەک بەشێک لە سیاسەتى خۆیان بۆ چۆڵکردنى کوردستان بەڕێوەدەبەن".

"دەیانەوێت هەرێمەکە لە مرۆڤ چۆڵ بکەن"

ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "دەوڵەت بۆ چۆڵکردنى ناوچەکە لە مرۆڤ سیاسەتى جۆراوجۆری شەڕ بەڕێوەدەبات و یەکێک لەو سیاسەتانە ئەوەیە، کە دەیەوێت خەڵک ناچار ببن لەسەر زێد و حاڵ و ماڵی خۆیان کۆچ بکەن. سیاسەتەکەى تریشیان لەناوبردن و بە سوتماکردنى خاک و دارستان و باخ و رەزەکانى کوردستانە لە رێگەى سوتاندن و ئاگرتێبەردانەکانیانەوە".

وتیشی "بە دڵنیاییەوە ئاگرتێبەردان و سوتاندن لە کوردستاندا وەک بەشیک لە سیاسەتەکانیان لە دژى کوردستان بەڕێوەدەبەن. بێدەنگیى رێکخراوە ژینگەپارێزەکانى تورکیا و رێکخراوە ژینگەپارێزە نێودەوڵەتییەکان سەرنجڕاکێشە. کاتێک شوێنێک یان ناوچەیەک لە دەرەوەى کوردستان ئاگرى تێبەرببێت، هەزاران رێکخراو و دامودەزگا ناڕەزایەتى لە دژی ئاگرکەوتنەوەکە نیشان دەدەن و بەخێرایى کار بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە دەکەن، بەڵام کاتێک ئاگر بەردەدرێت سروشتی کوردستان، هەموو ژینگەپارێزەکان و خۆبەخشانى ژینگە بێدەنگەى لێدەکەن. لە کوردستان سروشت خاپوور بە سوتماک دەکریت و کاریگەرییە خراپەکان بۆ هەزاران ساڵ بەردەوام دەبێت. ئەوەش تاوانێکە کە لە دژى سروشت ئەنجام دەدرێت".

ر.م