ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) سۆزدار ئا‌ڤێستا له میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی كه‌ناڵی ستێرك باسی له ڕۆژه‌ڤی ئێستای كوردستان كرد.
له به‌شێكی دیداره‌كه‌دا ئا‌ڤێستا باسی له داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك له باشووری كوردستان كرد و گوتی، «هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر خاكی كوردستان ده‌یان ساڵه به‌رده‌وامه. چه‌ندین جار ویستوویه‌تی باشوور داگیر بكات. هه‌ر جار كه ویستوویه‌تی بچێته باشووری كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و گه‌ریلاكانی ئازادی سنگی خۆیان داوه‌ته به‌ر گوله و خۆیان كردووه‌ته قه‌ڵغان و خاكی باشووری كوردستانیان پاراستووه.»
سۆزدار ئا‌ڤێستا ڕایگه‌یاند، «ده‌وڵه‌تی تورك وه‌ك چۆن به پشتگیریی هێزه ده‌ره‌كییه‌كان عه‌فرینی داگیر كرد، هه‌م ویستی پشتگیری ده‌ره‌كی بۆ ئه‌م هێرشانه به‌ده‌ست بێنێت، هه‌میش ویستی پشتگیریی حكوومه‌تی باشوور به‌ده‌ست بێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بێته نێو خاكی باشووری كوردستان. ماوه‌ی ٢٥ ساڵه به‌رخۆدانێكی گه‌وره هه‌یه. به‌تایبه‌تی له ٥ ساڵی ڕابردوودا گه‌ریلاكانی ئازادی به‌رخۆدانێكی بێ وێنه ده‌كه‌ن. من به‌و بۆنه‌یه‌وه به‌ڕێزه‌وه سڵاو ئاراسته‌ی گه‌ریلا خۆڕاگره‌كانی هه‌په‌گه و یه‌ژا ستار له حه‌فتانین هه‌تا خواكورك ده‌كه‌م كه ئه‌م تێكۆشانه ده‌كه‌ن و ناهێڵن ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر ئه‌م خاكه جێگیر بێت. هه‌روه‌ها به‌ڕێزه‌وه یادی هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه ده‌كه‌مه‌وه كه له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا شه‌هید بوون. ئه‌وان شكۆی مرۆڤایه‌تی ده‌پارێزن.»
«هه‌ر كات ده‌وڵه‌تی تورك ته‌نگه‌تاو بووبێت كاربه‌ده‌ستانی باشوور فریای كه‌وتوون»
له لێدوانه‌كه‌یدا ئا‌ڤێستا باسی له هه‌ڵوێستی كاربه‌ده‌ستانی باشووری كوردستان كرد و گوتی، «كاربه‌ده‌ستانی باشووری كوردستان ده‌بنه هاوكاری فاشیزمی ئه‌ردۆغان كه له دژی هه‌موو كوردانه. نیه‌تیان هه‌ر شتێك بێت، به‌م كارانه ده‌بنه هاوكاری ئه‌وان. له ماوه‌ی ١٨ ساڵی ڕابردوو كه ئه‌ردۆغان هاتووه‌ته سه‌ر حوكم، هه‌ر كات ته‌نگه‌تاو بووبێت یان به‌ره‌و شكست چووبێت، كاربه‌ده‌ستانی باشوور ده‌ستی هاوكارییان بۆ درێژ كردووه. له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌میشه ویستوویانه بیانبه‌نه لای خۆیان و كوردانیان پێ فریو بده‌ن. ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا مه‌سعوود بارزانی و شڤان-یان برده ئامه‌د و ئاهه‌نگیان پێ كردن بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌ون.»
«گه‌لی باشوور پشتگیری به‌رخۆدان ده‌كات، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستان پشتگیری دوژمن ده‌كه‌ن»
ئا‌ڤێستا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له كاتێكدا له زاخۆ تا خواكورك هێرشی دڕندانه ده‌كرێت و عه‌فرین له‌ژێر داگیركاریدایه، ٢٠٠ ڕۆژ به‌رخۆدانی بێ‌سنوور له ته‌واوی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو. گوتیشی، «گه‌نجێكی هێژای وه‌ك هه‌رێم مه‌حموود له باشووری كوردستان و ده‌یان ژن و گه‌نج پشتگیری‌یان له‌م به‌رخۆدانه گه‌وره‌یه كرد، به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كاربه‌ده‌ستانی باشوور به‌تایبه‌تی به‌رپرسانی په‌ده‌كه هاوكارییه‌كی له‌م شێوه‌یه بۆ دوژمن ده‌كه‌ن.»
«نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕاده‌ستكردنی خاكی باشوور چوو بۆ ئیسته‌نبووڵ»
سۆزدار ئا‌ڤێستا له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ڕایگه‌یاند، «له‌م دواییانه‌دا نێچیرڤان بارزانی به سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرا. هێز و لایه‌نه جیاجیاكان و گه‌لی كورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێی هه‌بوو هه‌ڵوێستێكی جیاوازی هه‌بێت. دیاره كه ئێستا له باشووری كوردستان خانه‌دانییه‌كی بارزانییه‌كان داده‌مه‌زرێنرێت. هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هێرشانه جارێكی دیكه نێچیرڤان بارزانی له كاتی هه‌ڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ چوو بۆ ئیسته‌نبووڵ و چاوی به ئه‌ردۆغان كه‌وت. ئێمه بینیمان ئه‌م سه‌ردانه ته‌نیا بۆ پشتیوانی له هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌ڵكوو ئه‌و دیداره بۆ ڕاده‌ستكردنی خاكی باشووری كوردستان به توركه‌كان بوو به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی. دوای ڕۆژێك له دیداره‌كه نزیكه‌ی ٦ گرد ڕاده‌ستی سه‌ربازانی تورك كران.»
«پێویسته گه‌لی باشوور نه‌هێڵێت ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی جێگیر بێت»
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كه‌جه‌كه سۆزدار ئا‌ڤێستا بانگه‌وازێكی ئاراسته‌ی گه‌لی كورد و دیموكراتیخوازانی باشووری كوردستان كرد و گوتی، «بانگی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌م له باشووری كوردستان؛ خوێنده‌واره‌كانیان، ژن، گه‌نجان، هێزه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان، ئه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه‌یان بینیوه، ئه‌وانه‌ی به ساڵان له به‌رانبه‌ر زوڵم و زۆرداری وه‌ستاونه‌ته‌وه و ئه‌م خاكه‌یان پاراستووه، نابێ بهێڵن وا به‌ئاسانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یان جێگیر بێت. ئه‌وه‌ی بڵێت كوردم، ده‌بێ چاوی خۆی له به‌رانبه‌ر ئه‌م داگیركارییه دانه‌خات. تا ئێستا كاربه‌ده‌ستانی باشوور، په‌ده‌كه و نێچیرڤان بارزانی یه‌ك لێدوانیشیان نه‌داوه. ده‌بێ گه‌لی باشوور بپرسێت. ئه‌وانه‌ی له په‌رله‌مانی عێراق و كوردستانن، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی په‌یوه‌ست بن به خاكی خۆیان ده‌بێ له‌و باره‌یه‌وه پرسیار ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بكه‌ن. پێویسته ده‌وڵه‌تی عێراقیش له به‌رانبه‌ر ئه‌مه بێده‌نگ نه‌بێت.»
«ده‌بێ نێچیرڤان بارزانی به‌خۆیدا بچێته‌وه»
ئا‌ڤێستا ڕایگه‌یاند، «بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و گه‌ریلاكان وه‌ك هه‌میشه ئه‌م تێكۆشانه ده‌كه‌ن و ده‌یپارێزن. بێگومان ئه‌مه به‌س نییه. كاتێك هێرشی ئاسمانی ده‌كرێته سه‌ر باشوور، زیان به ڕه‌ز و باخی گوندنشینان ده‌گات، هاوڵاتییانی سیڤیل ده‌كوژرێن. ئێمه له شیلادزێ بینیمان هه‌ڵوێست چۆنه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده به‌س نییه. ده‌بێ نێچیرڤان بارزانی به‌خۆیدا بچێته‌وه. ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورد هاتووه به‌سه.»
بانگه‌واز بۆ كوردان له كوردستان و هه‌نده‌ران
سۆزدار ئا‌ڤێستا گوتی، «پێویسته گه‌له‌كه‌مان له كوردستان و هه‌نده‌ران له دژی ئه‌م داگیركارییه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ستێته سه‌رپێ. هه‌ڵوێستی خۆی پیشان بدات و به‌هیچ جۆرێك داگیركاری قبووڵ نه‌كات. یه‌كێك خاكی خۆی و به‌هاكانی خۆی نه‌پارێزێت هیچ قورساییه‌كی نامێنێت - هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی به ده‌ستی خۆی خاكی خۆی ڕاده‌ست بكات، ده‌بێ پێی بگوترێت به‌سه. من بانگه‌واز ده‌كه‌م له‌م كاته‌دا ده‌ست له‌م كارانه به‌رده‌ن و جارێكی دیكه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زه‌مینه‌ی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ساز بكه‌ن. ئه‌گه‌ر پێویست بێت سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه بكات، ده‌بێ بیكات. جگه له‌وه كه‌س ناتوانێت خۆی له تاوان و گوناهباری ڕزگار بكات.»
s.m