سەرحەد ڤارتۆ: تورکیا دوژمنایەتی لەگەڵ هەموو گەلی کورد دەستپێکردووە

سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک هەبوونی کوردی وەک لەناوچوونی خۆی هێنایەبەر چاو، بۆیە دوژمنایەتی ئاشکرای لەگەڵ هەموو گەلی کورد دەستپێکرد.

لە پانێڵی سێیەمدا لە کۆنفرانسی کورد لە گۆڕاکارییەکانی ئایندەی ناوچەکە لە شاری سلێمانی، سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە پەیامی کەجەکەی خوێندەوە و وتی: دەوڵەتی تورک هەبوونی کوردی وەک لەناوچوونی خۆی هێنایەبەر چاو، بۆیە دوژمنایەتی ئاشکرای لەگەڵ هەموو گەلی کورد دەستپێکرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پانێلی سێیەمدا لە کۆنفرانسی کورد لە گۆڕاکارییەکانی ئایندەی ناوچەکە لە شاری سلێمانی، سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، تێڕوانین و پەیامی کەجەکەی بۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکە خستەڕوو.

لە پەیامەکەدا هاتووە: پاش ئەوەی تێکۆشانی گەلی کورد بەتایبەتی لە باکوری کوردستان و پاشان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بەرفراوان بووەوە، ترسی دەوڵەتی تورکیش زیادی کرد، دەوڵەتی تورک هەبوونی کوردی وەک لەناوچوونی خۆی هێنایە بەر چاو، بۆیە دوژمنایەتی ئاشکرای لەگەڵ هەموو گەلی کورد دەستپێکرد.

ئەوەش هاتووە: ئەو کاتەی لە ئەیلولی ٢٠٠١دا هێرش کرایە سەر ئەمریکا، دەوڵەتی تورک هەوڵیدا هێرشەکە بخاتە سەر کورد، بەڵەم شکستی هێنا، لە ٢٠١٠دا پاش ئەوەی بەهاری عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری هەڵدا، هەوڵیدا بەناوی پێکهێنانی ئیمپراتورییەتی نوێی عوسمانییەکان کورد لەناو ببات، هەر بەو مەبەستەش پشتگیریی چەتەکانی نوسرە و داعشی کرد، داعش کە هاوکات هێرشی کردە سەر کۆبانێ و هەولێر، بە ئیرادەی خۆی نەیکرد، بەڵکو ئەوە سیاسەتی دەوڵەتی تورک بوو، لە سیاسەتی ناوخۆدا بە هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپە و لە سیاسەتی دەرەوەدا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕوسیا، ئێران و سوریا دژایەتییەکانی لەگەڵ گەلی کورد بەرفراوانکردەوە، دەوڵەتی تورک بۆ دژایەتیی کورد دەستبەداری سیاسەتی ٩٠ ساڵەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی بوو.

"لە پاش ڕیفراندۆمەوە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت عێراق بخاتەوە ناو سیاسەتی دژبە کورد"

هەروەها هاتووە: کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی کورد دەستکەوتێک بەدەست نەهێنێت، هێرشی کردە سەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، لە هێرشی سەر عەفریندا ڕوسیا، ئێران و سوریا بۆ ئەوەی چەند ئیمتیازێک لە تورکیا وەربگرن پشتگیریی هێرشەکەیان کرد، هەر ئەو دۆخە لە باشوری کوردستانیش وا خەریکە ڕوودەدات، هێزە پیلانگێڕەکان سیاسەتە دژەکوردەکانیان لەڕێگای دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوەدەبەن، لەو نێوانەدا عێراق تۆزێک جیاوازە، لەگەڵ هەموو ناکۆکییەکانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد، ئەو دەوڵەتە هەبوون و پێگەی کوردی قبوڵ کردووە، بەڵام لە پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستانەوە، دەوڵەتی تورک کەوتووەتە هەوڵدانەوە بۆ ئەوەی عێراق بخاتەوە ناو سیاسەتی دژبە کورد.

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: دەوڵەتی تورک کە هاوکات عەفرین و باشوری کوردستان داگیردەکات، دەیەوێت وای نیشان بدات کە مەبەستیان نەک دژایەتی کورد، بەڵکو دژایەتیی پەکەکە، پەیەدە و یەپەگەیە، ئەوە سیاسەتێکی کۆنی داگیرکەرانە، دەوڵەتە پیلانگێڕەکان ئەو ڕێکخراو و حزبانەی بە ئاشکرا بۆ گەلەکەیان تێکۆشان دەکەن وەک تیرۆریست ناودەنێن و دەڵێن ئەوانە نوێنەرایەتی کورد ناکەن، بەو شێوەیە ڕەوایەتی دەدەن بە هێرشەکانیان.

ئەوەش خراوەتەڕوو: لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەگەر پەکەکە و پەیەدە و کۆمەڵە و حدکا و حزبەکانی باشوری کوردستان (کە لە کاتی سەدامدا وەک تیرۆریست ناودەنران) نوێنەرایەتی گەلی کورد ناکەن، ئەی کێ نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکات؟ ئەو حزبانە هەموو لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد پێکهاتوون، ئەوەی لەو نێوانەدا زیاتر لە هەمووان لەو جۆرە هێرشانە دەکات دەوڵەتی تورکە،  لە کاتی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان ئەوەمان بە ئاشکرا بینی، زیاتر لە حکومەتی عێراق دەسەڵاتداریی ئاکەپە و مەهەپە دژایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، بۆیە کەس ناتوانێت هەڵوێستی حکومەتی تورک لە دژی گەلی کورد بشارێتەوە.

"دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لاواز بکات"

کەجەکە لە پەیامەکەدا باسی لەوەشکردووە: مەبەستی سەرەکیی دەوڵەتی تورک لە هێرش بۆسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان کردنە ئامانجی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات پێگەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لاوازبکات، لە باشوریش بەهەمان شێوە، دەوڵەتی تورک دەسەڵتخوازی و هەژمونخوازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشتی دوژمنایەتی کورددا شاردووەتەوە، خۆمان خەڵەتاندووە، ئەگەر بڵێین دەوڵەتی تورک دەستبەرداری خەونی دووبارە دامەزراندنی ئیمپراتورییەتی عوسمانییەکان بووە، لەپشتی دوژمنایەتی کورددا هەوڵدەدات بەشگەلێک لە عێراق و سوریا داگیربکات، بۆیە دەبێت گەلانی سوریا و عێراق لە دژی ئەو هەوڵە داگیرکارانەدا بوەستنەوە.

لە پەیامەکەدا زیاتر هاتووە: هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ باشوری کوردستان زۆر گرنگە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت و پارتی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان لەدژی ئەو داگیرکارییانە نەبووە، بەپێچەوانەوە پەکەکە بە داگیرکەر دادەنێن، لەبیرمانە کە لەکاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا ئەردۆغان و باخچەلی چۆن سووکایەتیان بە گەلەکەمان دەکرد، ئەو هەڵوێستانە واتا دەدات بەو سووکایەتییانە، پارتی هەم لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کوردستان و هەم لە پاش ڕیفراندۆمەکە بەشێک لە پرێگەی سیاسیی خۆی لە دەستدا، بەپێچەوانەوە پەکەکە بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەو قۆناغەدا پێگەی گەورەتری بەدەستهێنا.

"پارتی دەیەوێت ببێتە دەسەڵاتداریی سەرتاسەری باشوری کوردستان"

لە پەیامی کەجەکەدا باس لەوەش کراوە: ئێستا پارتی زەمینە ئامادە دەکات بۆ هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر پەکەکە و ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی خۆی تێیکەوتووە بەو شێوەیە پڕبکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە پارتی دەیەوێت ببێتە دەسەڵاتداریی سەرتاسەری باشوری کوردستان، پارتی نە لە ڕووی عەقڵییەتەوە، کە لە ڕووی سیاسییەوە و نە لە ڕووی هێزی سەربازییەوە ناتوانێت ببێتە دەسەڵاتداری سەرتاسەری باشوری کوردستان، بۆیە دەیەوێت دەوڵەتی تورک بکات بە گەرەنتییەک بۆ ئەو مەبەستەی، بیرمان ناچێت کە ئەوانەی بە تانکی سەدام هەولێریان گرت خەون بەوەوە دەبینن کە بە تانکی تورکیا سلێمانیش بگرن.

کەجەکە ئەوەشی وتووە: پارتی بە هێنانی دەوڵەتی تورک بۆ خاکی باشوری کوردستان سیاسەتێکی ستراتژی ئەنجام دەدات، چیدی ئەو سەردەمە نەماوە کە تانکی سەدام بتوانێت بچێتە هەولێرەوە، عەقڵییەتی دەوڵەتی تورکیش وەک عەقڵییەتی عەرەبەکان نەرم نییە، ئەگەر دەوڵەتی تورک لەو سیاسەتەدا سەربکەوێت، گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زیان دەبینێت، بەڵام ئەگەر سیاسەتی نەتەوەی دیموکرات سەربکەوێت سیستمی پیلانگێڕ لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێکدەشکێت، بۆیە لە هەر حاڵدا یان ئەوەی هەموومان پێکەوە سەردەکەوین یان ئەوەی هەموومان پێکەوە زیان دەبینین.

"زۆربەی حزبەکانی باشوری کوردستان لە دژی داگیرکاریی ناڕەزاییان پیشانداوە"

کەجەکە دەڵێت: زۆربەی حزبەکانی باشوری کوردستان لە دژی داگیرکاری ناڕەزاییان پیشان داوە، ئەوانە زۆر ئازیزن، بەڵام کەمن، ناڕەزاییەکان لە ئاستی ڕاگەیەندراو و چالاکی مەدەنیدا مانەوە، ناتوانین تەنیا بە چالاکی مەدەنی و شەرمەزارکردن و ڕاگەیەندراو رێگری بکەین لەو هێرشە، پێویستە تێکۆشانی جدیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و چالاکیی سەربازی بکرێت، بۆیە پێویستە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم هەڵوێستیان ڕوون بکەنەوە، ئەو حزبانەی وا لەڕێگای وتەبێژەکانیانەوە داگیرکاری ڕەتدەکەنەوە جێگای ڕێزن و پەیامەکانیان دەگات، بەڵام مادام داگیرکاری ڕەتدەکەنەوە نابێت هاوبەشی تاوانەکانی حکومەتیش بن، بۆیە بانگەوازیی هەموو حزبەکانی بەشدار لە دەسەڵاتی سیاسی و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە دژی داگیرکاری هەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاو پیشان بدەن.

لە کۆتاییشدا ئەوە هاتووە: گەلی کورد لە باشوری کوردستان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان لە یەکەم ڕۆژەوە هەڵوێستیان لە دژی داگیرکاری پیشان دا، گەنجان و ژنان پێشەنگی ئەو چالاکییانە بوون، گەلێک کە سەد ساڵە لەدژی داگیرکاریدا بەرخۆدانی کردووە، شیاو نییە بۆی کە لە بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکدا بێدەنگ بێت، ئەرکی یەکەمی حکومەت ئەوەیە کە لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەڵوێست پیشان بدات، گەریلاکان بە بەرخۆدانیان گورزی توند لە سوپای داگیرکەر دەدەن، سوپای تورک ئەوە چەند مانگە لە گردی لێلکان دا ماوتەوە و ناتوانێت پێشڕەوی بکات، بێگومان ئێمە تا سەرکەوتن لەو بەرخۆدانەدا بەردەوام دەبین، لە هەر شوێنێک هێرش بکرێتە سەر ئازادیی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد ئێمە لەوێ دەبین، وەکچۆن لە شەنگال، مەخمور و کۆبانێ بووین و بەرخۆدانمان کرد.

سەرچاوە رۆژ نیوز