' سەرهەڵدانەکان لە ئێراندا کاتیی نیە و کاتییش نابێت'

ئەندامێکی ئەنجومەنی پژاک، لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە ڕایدەگەیەنێت، ئەم سەرهەڵدانە لە ئێراندا کاتیی نیە و کاتییش نابێت، دەشڵێت: کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە لەگەڵ قەیرانێکی بەڕێوەبەریدا ڕووبەڕووبوەتەوە و بەهەڵە شیکاری بۆ کێشەکان دەکات.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پژاک، لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە ڕایدەگەیەنێت، ئەم سەرهەڵدانە لە ئێراندا کاتیی نیە و کاتییش نابێت، دەشڵێت: کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە لەگەڵ قەیرانێکی بەڕێوەبەریدا ڕووبەڕووبوەتەوە و بەهەڵە شیکاری بۆ کێشەکان دەکات و هەموو کێشەکان گرێدەدات بە دەرەوە، داواش لە لایەنەکان دەکات "پرۆژەیەکی هاوبەشمان هەبێت بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران".

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە ناڕەزایەتییەکان دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران دەستیپێکرد و بووبە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری کە بەهۆیەوە دەیان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش زیندانی کران، لەو بارەیەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی پژاک، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

سەرهەڵدان چیا، ئەندامنی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران، وتی: یادی هەموو شەهیدان و شەهیدانی ئەم دوایەی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات و ئێران بە گشتی بەبیر دەهێنینەوە، ئەم سەرهەڵدانانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، تا گەیشت بە شارەکانی دیکەی ئێران، لە سەرەتادا بە ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بەنزین بوو، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ٤٠ ساڵ لە خەبات، ئیستا کە سەرهەڵدانێک هەیە دەیویست وەکو کودەتایەکی ئیسلامی لە سەرتاسەری جیهاندا پەرەی پێبدات، بەڵام لەو پرۆژەیەیدا شکستیهێناوە، ئەم ڕاپەڕینانەش ئەم بابەتەمان بە ڕوونترین شێواز پیشاندەدات کە تەنها گرانبوونی بەنزین نیە، بەڵکو کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە لەگەڵ قەیرانێکی بەڕێوەبەریدا ڕووبەڕووبوەتەوە، لە شێوازی دیموکراتیکردنی خۆشیدا تووشی قەیرانبووە، هیچکات نەیتوانی بەو ڕوانگە سیاسی و ئایدۆلۆژیەی کە هەیەتی لە بواری پێشخستنی دیموکراسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ئەو ئامانجانەی کە هەیەتی بیان پێکێت.

سەرهەڵدان چیا، باسی لەوەشکرد کە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەندێک دەستتێوەردان و پرۆژە و بەرنامە کە دایڕشت تووانی ئەو هێزە ناڕەزاییانەی کە هەبوون لە پێشوتردا پەراوێزبخات و هەندێکیان بخاتە دەرەوەی وڵات و بەو شێوازە کیشەکان چارەسەر بکات بەڵام دیارە ئەو کێشانە قوڵتر و بنەڕەتیتر و ئایدۆلۆژیتربوون لەسەر ویلایەتی فەقێ کە ڕێگەی بە دەنگی جیاجیا نەدەدا ئەمەش بووە هۆکار کە گەشەی دیموکراسی و سیاسی لە ئێراندا قەتیس بمێنێت وە نەزۆک بوو دەرفەتی دروستکرد بۆ حکومەتێکی ڕانتی لە ئێراندا وە ئەم حکومەتە لە ئەمڕۆدا گەیشتووەتە کۆتایی جومگەکانی خۆی لە بواری ئابوریدا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پژاک، ڕاشیگەیاند سیستەمی جیهانی بە گشتی لە ئێستادا توشی قەیرانی بەڕێوەبەری بوون لە عێراق، لوبنان و ئەمریکای لاتیندا سەیری بکەین وە حکومەتە تۆتالیتارەکان هەوڵیانداوە گەل پەراوێز بخەن ئەمەش وادەکات کە گەل ئەو حکومەتە بە هی خۆی نەزانێت و خەڵک باوەڕی بەو حکومەتە نەبێت ئەگەر پرۆژەی جوانیشی هەبێت چونکە خەڵک بەشداری ناکات لە خودی بەڕێوەبەریدا.

وتیشی: لە ئێستادا کاتێک حکومەتی ئێران شیکاری بۆ کێشەکان دەکات بە هەڵەدا دەچێت و هەموو کێشەکان گرێدەدات بە دەرەوە، پێویستە حکومەت ئەو پرسە لەخۆ بگرێت، بۆ دەرەوە ئەوەندە کاریگەری هەیە بتوانێت لە ڕێگەی مەسج و پەیامیکەوە ناوخۆی ئێران ئاوا ئاڵۆز بکات و کۆماری ئیسلامی ئێران بخاتە لەرزە، بە داخستنی هێڵی ئینتەرنێت و کێشانی دیوار بە دەوری خۆیدا ناتوانێت کیشەکان چارەسەر بکات تا کاتێک نەترسانە ڕووبەڕووی بابەتەکان نەبێتەوە، ڕەنگە ئێستا خەڵکی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی پوتینی ڕێکارەکانی وەکو سوپای پاسداران و هێزە تایبەتەکاندا بێدەنگ کردبێت بەڵام خولیای ئازادی وبەشداری لە بەڕێوەبردندا لە مێشکی خەڵکدا نەسڕاوەتەوە و خەڵک برسیە و زۆرتر دەڕژێنە شەقام، تا کاتێک شێوازی بەڕێوەبردن گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت و سەروەت بەشێوەیەکی یەکسان لە ناو خەڵکدا دابەش نەکرێت توانای چارەسەرکردنی کێشەکان نیە.

سەبارەت بە حکومەتی ئێران زیاتر قسەی کرد و وتی: ئەم حکومەتە کە بە دروشمی ئیسلامی و بە پرۆژەیەکی چاکسازی و هەماهەنگەوە هاتە پێشەوە کە خەڵکەکەی بەو شێوەیە ڕازی کردبوو بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوەی نیشاندا کە وتەکانی لەگەڵ کارەکانیدا یەک ناگرێتەوە و ئەمڕۆش توشی ئەو قەیرانە گەورەیە بووە و ئەم سەرهەڵدانە لە ئێراندا کاتیی نیە و کاتییش نابێت، ئەم ڕژێمە وا هەڵسوکەوت دەکات هیچ چارەسەریەک لە گەڵ خۆیدا ناهێنێت.

لە بارەی ئەرکی لایەنە سیاسیەکانیش ئەندامەکەی ئەنجومەنی پژاک، وتی: پێویستە لایەنە سیاسیەکان ئەو دەرفەتە بۆ گەل بڕەخسێنن بە بەشداریکردنی گەل لە سیستمی بەڕێوەبەری و بڕیاردا، پرۆژەیەکی هاوبەش بۆ گۆڕانکاریەکی بنکەیی لە ئێراندا دابڕژین و لە خاڵە هاوبەشەکاندا کۆببینەوە کە داخوازیەکی هاوبەشمان هەیە، وە پێویستە پرۆژەیەکی هاوبەشمان هەبێت بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران، هەموومان فیداکاری نیشان بدەین، وە دەست تێەورەردان لە کۆاماری ئیسلامی ئێراندا پێویستی بە هێزێکی جەوهەری کۆمەڵگا هەیە کە هێزە جیهانیەکان ئەوەیان نیشان داوە ئامادە نین بەوشێوەیەی کە گەل داخوازی دەکات لە چاکسازیدا بەشداربن ئەوان بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیاندان.

وتیشی: لە گەل بە گشتی وە هەموو ڕوناکبیران، هونەرمەندان و لایەنە سیاسیەکان داوادەکەین کە کۆکبین و پلان و پرۆژەیەکی هاوبەشمان هەبێت بۆ ئەوەی وەکو پێشوتر بە نەبونی پرۆژەیەکی ناو ناخی گەل ئەم سەرهەڵدانە بە ئاقارێکیتردا نەڕوات و ئێمە وەکو هێزێکی شۆڕشگێڕ دەتوانین لەگەڵ گەلدا هەنگاو هەڵگرین و بەرەو ئازادی بڕۆین.

ف.ق