شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سەرەخۆشی لە کەجەکە و گەلی كورد ده‌كات

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌رپرسی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان (یه‌نه‌كه‌) ده‌رباره‌ی شه‌هیدبوونی دیار غه‌ریب سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌جه‌كه‌ و گه‌لی كورد كرد.

بەبۆنەی شەهیدبوونی دیار غەریب ئەندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە)، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد به‌رپرسی ناوەندی دەرەوەی یه‌نه‌كه‌ لە پەیامێکدا سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی کەجەکە و تەواوی گەلی کورد كرد و گوتی، «شەهیدبوونی دیار غەریب مایەی دڵتەنگیمانە، کە بەدەستی دوژمنانی گەلەکەمان و بەکرێگیراوان شەهید کرا.»

دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:

بۆ بەڕێزان ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و بنەماڵەی بەڕێزی شەهید (هەڤاڵ دیار غەریب)

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدکردنی خەباتکار و بەرخۆدەری ڕێگای ڕزگاری و سەربەستی کوردستان (هەڤاڵ دیار غەریب)م پێگەیشت، لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادەی سەربڵندی شەهید و ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و تەواوی گەلی کورد دەکەم، بەڕێزەوە لە تێکۆشان و خەباتی هەڤاڵ دیار غەریب بۆ ئازدی و پاراستنی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی دەڕوانم.

شەهیدکردنی هەڤاڵ دیار غەریب چەندە مایەی خەمباری و دڵتەنگیمانە کە لەلایەن دوژمنانی گەلەکەمانەوە بەهاوکاری بەکرێگیراوان شەهیدکرا، هێندەش مایەی سەربەرزی و شانازییە کە لەسەنگەری بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستاندا گەیشتە کاروانی نەمران و بۆ هەمیشە بەزیندوێتی لە بیروهزری گەلەکەیدا دەمێنێتەوە.

جارێکیتر سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادەی تێکۆشەری هەڤاڵ دیار غەریب و ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و تەواوی ئازادیخوازان و گەلی کوردستان دەکەم بۆ لەدەستدانی ڕۆڵەیەکی تری قارەمانی گەلەکەمان..

ڕێ و ڕێبازی هەڤاڵ دیار غەریب بەردەوام ، سەلامەتی و سەرکەوتن بۆ هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی.

s.m