لە دیدارەکەدا ڕۆژەڤی سەرەکیی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت کورد لەم قۆناغەدا زیاتر نێو ماڵی خۆی ڕێكخات و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، سەرجەم پارتی و لایەنە سیاسییهکانی کوردستان خاوەن سیاسەتێکی هاوبەش بن.
شاندهكهی ڕۆژئاوای کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام داوه. شاندهكه كه لە هاوسەرۆکی پارتیی یەکێتیی دیموکراتی (PYD)، سەرۆکی پارتیی چەپی کوردی سووریا، سەرۆکی پارتیی دیموكراتیی کوردی سووریا، نوێنەری کۆنگرەی ستار، پارتیی یەکێتیی کوردی سووریا، نوێنەری ئهنجومهنی سووریای دیموكراتی (مهسهده)، نوێنەری پهیهده لە باشوور پێكهاتووه، سهردانی ههرێمهكانی پاراستنی مهدیایان كرد و لەلایەن پارتیی ژیانی ئازادی کوردستان (پهژاك) و کۆمەڵگهی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و کۆمەڵگهی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) پێشوازی لێکرا.
«کۆنگرەی نەتەوەیی ئامانجی ئێمەیە»
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی پەیەدە شاهۆز حەسەن قسەی کرد و گوتی، «وەک ئاشکرایە لە باکووری کوردستان لە هەڵبژاردنی شارهوانییهكان ستراتیژی هەڤاڵانی هەدەپە سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ئەمەش زۆر گرنگە بە تایبەت بۆ هاوسەنگی سیاسەت لە باکووری کوردستان و تورکیا. بەرخۆدانی گهوره لە زیندانهكان کە بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن و هەڤاڵانی دیکەی له باشوور و ئەورووپا بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، سهركهوتوانه کۆتایی هات. بەرهەمی بەرخۆدانی بێ وێنەی هەڤاڵان تا ئاستێک بوو كه گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆی تێکشکاند. پەیامی گرنگ لە ئیمڕاڵییهوه هات کە ئەویش پەیامی ئاشتی و چارەسەرییه. بەڵام ئێمە دەبینین کە هێشتا لە لایەن دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەوە هێرشی هەمەلایەنە بەردەوامە. هێشتا هەڕەشەی داگیرکردنی باشووری کوردستان دەکەن. بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە لە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ وانە دەربخەین و بتوانین یەکێتیی نێوماڵی خۆمان دروست بکەین. بۆ ئەوەی بتوانین ههوڵهكانی دوژمنان پووچەڵ بکەینهوه ههوڵی دیپلۆماتی گرنگە. لەسەر ئەو بنەمایە سەردانی بەشێک لە حیزب و لایەنەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانمان کرد.»
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی پەیەدە ئاماژەی بۆ ئهوه كرد كه کۆنگرەی نەتەوەیی ئامانجێکی گهورهی ئهوانه. گوتی، «ئامانجی گەورە زەحمەتی زیاتر و کۆشش و ڕەنجێکی گەورەی دەوێت. ئێمە هەوڵمان دا کە دەستپێشخەری بکەین و بتوانین دەرفەتێک بۆ لەیەک نزیکبوونهوهی لایەنەکانی کوردستان فەراهەم بکەین. دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرچاوە، ناکۆکی نێوان ئەمهریکا و ئێرانیش بەرچاوە. ئەمە دۆخێكه تەنها کاریگەری لەسەر ئێران نییه بهڵكوو کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە. ئەوە ئاشکرایە کە هەر گۆڕانگارییەک لە ئێراندا ڕووبدات، ڕاستەخۆ کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت. لەبەرئەوە پێویستە ئامادەکاری باش بۆ ئەو قۆناغە بکرێت. هەندێک لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان بینی و فکری خۆمانمان بۆ خستنەڕوو. چونکە گرنگە کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بێت. دەتوانن سوود لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان وەربگرن. هێزی چەکدار كه پارچە پارچە و بڵاو بێت، ئەگەر بارودۆخێک بێتە ئاراوە دەبێته مەترسییەکی گەورە. لەبەرئەوە دەبێت لایەنەکان زۆر هۆشیار بن و هەوڵبدرێت زیاتر لە جاران له یەکتر نزیك ببینەوە.»
«یهکڕیزیی حیزبە کوردیهکان ورە بە گەلەکەمان دەبەخشێت»
له كۆبوونهوهكهدا هاوسهرۆكی پهژاك سیامەند موعینی گوتی، هەنگاوێکی بەنرخ لەلایەن ئێوەوە نراوە. ئەو هەنگاوە، هەنگاوی یەکگرتنەوەی هێزە کوردیهکانە. جیاوازی نییە بە کام ئایدیۆلۆژیا و ڕوانگەی سیاسییهوه ئەو هەنگاوە دەستی پێکردووە، ئەوەی گرنگە هەنگاوێکی پێویست و مێژووییه. ئەم هەنگاوە دەتوانێت لە قۆناغێکی مێژوویی وەک ئێستا، هێزە کوردیهکان زیاتر بەهێز بکات و کورد بكهنه ئاکتەرێک لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.»
سیامەند موعینی گوتیشی، «ڕاستە لە سیاسەتدا بەرژەوەندی هەیە، مرۆڤ لەم دۆخەدا ناکەوێتە نێو ئەو جیاوازییە بەرتەسکانە، بەڵام بەگشتی ئەو ئازادییەی کە لە ڕۆژئاوای کورستان بەرهەم هاتووە بۆ ئێمە زۆر بەهادارە. کاتێک کە کۆبانێ کەوتە بەر هێرشی هێزێکی تۆقێنەر و وەحشیی وەک داعش، گەلەکەمان لە ئیلام، کرماشان و ئوورمیه-هوه سەرهەڵدانیان كرد بۆ ئەوەی پشتیوانی لە کۆبانێ بکەن. دەستە دەستە دێن و بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان دەبن تا لە کۆبانێ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادی و دیموكراتی بکەن. بەرخۆدانی کۆبانێ بەرخۆدانێکی مێژوویی بوو، نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو جیهانیش نموونەیەکی تایبەتە. کۆبانێ بە ڕۆحی یەکێتی و یەکڕیزیی گەلەکەمان سەرکەوت. لەبیری نەکەین ئێمە ڕۆڵەی ئەو گەلەین نابێت پشت لە یەکێتیی ناوخۆی گەلەکەمان بکەین. دەبێت ئەوەش بزانین کە یەکێتیی ئێمە ورە بە گەلەکەمان دەبەخشێت.»
«بوونە یەک زەحمەتە بەڵام لێک نزیكبوونهوه زەحمەت نییه»
هاوسهرۆكی پهژاك لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژهی بۆ ئهوه كرد كه پژاک خاوەن پرۆژەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. گوتی، «ئێمەش وەک پهژاک پرۆژەمان پێشکەش کردووە. لە قۆناغی یەکەمدا بۆ حیزبهكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستێکدا هاوکاری یەکتر بن. ڕاستە دوو حیزبی سیاسی ناتوانن ببنە یەک، شتی واش نابێت، چونکە دوو مرۆڤ بەتەنهاش ناتوانن ببن بە یەک، بەڵام بۆ ئامانجێکی تایبەت دەتوانن لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا هەنگاوی گەورە بهاوێژن. ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین کە ئێوە سەردانی شاختان کرد. چاودێریی سەردانەکانی ئێوەمان دەکرد لە باشووری کوردستان کە سەردانی هەموو حیزبەکان کراوە. ئەم ههنگاوهی ئێوەمان زۆر پێ باشه و لەلای خۆمانەوە بەرزمان ههڵسهنگاند. هیوادارین دەستکەوتی گەورەش بەدوای خۆیدا بێنێت. ئێمەش وەک گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یهرهكه) و وەک پارتێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی ئێمە بۆ یەکگرتوویی کوردستان و یەکریزی لایەنەکانی کوردستان درێخی لێ ناکەین و ئامادەین هەموو هەنگاوێکی ئەرێنی لەو چوارچێوەیەدا ههڵبگرین.»
«کێشەی ئێمە ژیانی سهختی گەلەکەمانه لە ڕۆژهەڵاتی کورستان»
لە درێژەی کۆبوونەوەکە هەریەکە لە ئهندامانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێکخستنەکانی پهژاک، کۆدار و کەژار تێڕوانینی خۆیان بۆ بارودۆخی کوردستان بەگشتی و ناوچەکە دەربڕی. هاوسەرۆک و ئەندامانی شاندی پهژاک دهربارهی بارودۆخی ئێران بهڕاشكاوی ئەوەیان خستەڕوو کە ئەوان هیچ کات چاوەڕێی دەستی دەرەکی نین بەڵکوو چاوی ئەوان لە هێزی خۆیان و ئیرادەی گەلی خۆیانە.
زیلان ڤەژین گوتی، «کێشەی ئێمە ئەوە نییە کە کەی ئەمهریکا هێرش دهكاته ئێران بکات، بهڵكوو کێشەی ئێمە ئەوەیە کە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا له دۆخێكی سهختدا دهژین. کێشەی ئێمە کێشەی گەلەکەمانە کە ئەویش کێشەی ئازادییە. لە باشووری کوردستان دۆخێكی ئاڵۆز هەیە، لەو بڕوایهدام هاتنی ئێوە دهبێته هۆی ڕێگری لە هەندێک هەڵەی سیاسیی لایەنهكانی باشوور. چونکە ئێمە وەک هێزی سیاسی بەرپرسایهتیی ئەوەمان لەسەر شانە کە لە بارودۆخی دژواردا یارمەتی یەکتری بدەین و دەستی یەک بگرین. ئێستا کە هێرش و داگیركاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە، پێویستی بەوە هەبوو کە هەڵوێستێکی تووند لە لایەن لایەنەکانی باشوورەوە ههبێت. بڕوامان بەو هەوڵ و کۆششهی ئێوە هەیە و ئومێدەوارین کە هەڵوێستێکی جدی لە لایەن هێزهكانی باشوورەوە دەرکەوێت.»
ڤەژین گوتیشی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشەی پارچەبوون هەیە. ئهوانیش له هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانن سەردانی هەموو لایەنەکان بکەن و یهكڕیزییهك دروست بکەین. ناوبراو هۆکاری نەبوونی یەکێتیی سیاسی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستەڕوو و گوتی، «ڕاستە ههوڵ دهدهین لە یهكتر نزیكبوونهوهیهك دروست بکەین، بەڵام بەشێکی هێز و لایەنهكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر دۆخی باشووری کوردستان و چاوەڕوانیكردن له دەرەوە، نەیانتوانی ئەرکی خۆیان لەکاتی خۆیاندا جێبهجێ بكهن. لهوانهیه لە هەندێک خاڵدا لە یەکتر دوور بین، بەڵام پێویستیمان بە سیاسەتێکی یەکگرتوو، هێزێکی هاوبەشی بەهێزی لەشکری هەیە. مادام دژمنمان یەکە، دەبێت ئێمەش زیاتر نێو ماڵی خۆمان یەک بخەیەنەوە.»
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا ئاماژەیان بۆ ئهوه كرد، «ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە ڕێکكەوتووین کە دەبێت حیزب و لایەنه سیاسییهكانی کورد له یهكتر نزیک ببنەوە. بەڵام هێزهكانی باشوور لە بهرانبهر داگیرکردنی باشوور لەلایەن تورکیا هەڵوێستێکی جددییان نییە. ئەمە ڕاستییەکە. بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دهكهینهوه کە دەستکەوتەکانمان بپارێزین و پشتگیری لە یەکتری بکەین. ئەگەر ئێمە نەتوانین کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ساز بكهین، لایهنی کەم دەبێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ یەکتردا هەبێت. هەر پارچەیەک هەوڵبدات کێشەکانی خۆی لەنێو خۆیدا چارەسەر بکات. ئەمەش ببێتە بناغەیەک بۆ دروستكردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی.»
جەخت لەسەر یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد کرایهوه
لە کۆتاییدا نوێنەرانی شاندی ڕۆژئاوا و ڕۆژههڵات لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم قۆناغە قۆناغێکی نوێیە و سیاسەتێکی نوێی پێویستە. نوێنەری شاندی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕوانگەی پەژاکی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە گرنگ لە قەڵەمدا و خۆشحاڵی خۆی دەربری کە پهژاک سیستەمی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی دەبینێت.
زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پهژاک بهناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوپاس و پێزانی خۆی بۆ شاندی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و گوتی، «بەخێرهاتنی نوێنەرانی هەموو حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین. ئێمە هەنگاوی ئەوان بۆ یەکریزی و یەکێتیی نەتەوەیی و هاوبەشی سیاسی به گرنگ و کاریگەر دەبینین. بەتایبەت بۆ باشووری کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەبوو.»
ڤەژین گوتیشی، «داگیرکەرانی کوردستان ڕۆژ به ڕۆژ داگیرکاری خۆیان لە کوردستاندا زیاتر بهرفرهوان دهكهن. ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دۆخی داگیرکاریی کوردستانمان بە بەرفرهوانی تاوتوێ کرد. لە زۆر خاڵیشدا هاوفکر بووین. بەتایبەت پێویسته وەک هێزی کورد لە ڕووی سیاسی و سهربازییهوه دژبه داگیرکەرانی کوردستان بە چ شێوازێک تێکۆشان بەڕێوە ببەین. قسەمان لەسەر ئەو بابەتە گرنگە کرد و گهیشتینه خاڵی هاوبەش. لەو باوەڕەداین کە ئەم سەردانانەی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگری بکات لە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.»
لە کۆتاییدا زیلان ڤەژین گەشبینی خۆی بۆ سەردان و له یهكتر نزیکبوونهوهی لایەنە سیاسییەکان دەبڕی و گوتی، «خۆشحاڵ بووین بە سەردانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان و ئومێدەوارم ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانین بەم شێوەیە نزیکی یەکدی ببینەوە و سیاسهت، فکر و هێزێكی هاوبهش دروست بکەین. نموونەی بەرچاو سەرکەوتنی شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان و یەکگرتنی هێزی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستانە. ئێمەش دەتوانین بە یەکگرتنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکەوتنی شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بكهینه دیاری بۆ گەلەکەمان. تەنها بەم شێوازە دەتوانین خاوەندارهتی لە بههای گەلەکەمان بکەین و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون بیانپارێزین.»
s.m