سوپاى تورکیا نزیکەى ١٠ رۆژە گوندى گەڤەتەپەی ناوچەى قەرەیازیى لە پارێزگاى ئەرزرۆم گەمارۆداوە. هاووڵاتییانى ئەو گوندە رایانگەیاند، زرێپۆشەکان لە سەر رێگاکانى گوندەکە راگیراون و رێگاى هاتوچۆ بە هاووڵاتیان نادەن و بەهۆی تەقەى بەردەوامەوە ناتوانن لە ماڵەکانیان سەربێننە دەرەوە.
'بۆردومان و جموجوڵى سەربازی بەردەوامە'
دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەورووبەرى گوندەکەیان گەمارۆداوە و بەشی سەرەوەى گوندەکەش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومان دەکرێن. چەندین ئامبولانس و زرێپۆش لە شوێنى بۆردومانکە نزیکبوونەتەوە.
هاووڵاتییانى ئەو گوندە رایانگەیاند، ژیانیان لە مەترسیدایە و بۆردومان و جموجوڵى سەربازی لە ناوچەکەش بەردەوامە.
ئەو کەسانەى دەستگیرکراون: ژیانمان لە مەترسیدایە
لەلایەکى ترەوە حەیدەر ئۆرانی و جیهاد ئۆران و خوشکەزایەکیان بە ناوی قادر ئینان کاتێک لەسەر زەوییەکانى خۆیان سەرقاڵی کارکردن و کۆکردنەوەى بەروبومەکانیان بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
ئەو کەسانەى دەستگیرکراون پەیوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە کردووە و پێیان وتن "ژیانمان لە مەترسیدایە".
ر.م