‌فەلاح سەڵاح: هێرشەکانی تورکیا کەرکوک دەخاتە مەترسییەوە

فەلاح سەڵاح چاودیری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، هەر کاتێک دگیرکاریی تورکیا لە چیاکان زیادی کرد ئەوە مەترسیی داگیردنی کەرکوکیش زیاتر نزیک دەبێتەوە، بۆیە دەبێت دەنگی ناڕەزایەتیی زیاتر بەرز بکرێتەوە.

فەلاح سەڵاح چاودێری سیاسی دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ئەو داگیرکارییە و کاریگەریی ئەو هێرشانە بۆ سەر کەرکوک نرخاند و شیکارییەکى بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) خستەڕوو.

 دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئەو چاودێرە سیاسییە وتی: هیرشی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان بەناوی ئۆپەراسێۆنەوە شتیكی تازە نییە و مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٥ بەدواوە، بەڵام لە ئسیتادا هێرشەکانیان چڕکردووەتەوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی بەڕێوبەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەوە جۆرە بەرژەوەندییە ئابوورییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ تورکیا و ئەوەش وایکردوە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بێدەنگ بن لە ئاست ئەو داگیرکارییە.

ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی: پەلامارەکانی تورکیا تەنها بۆ سەر هێزی سەربازی نییە، بەڵکو ئێمە دەبینین دەوڵەتی تورکیا گوندەکان، مزگەوت، خوێندگە، بەنزینخانە، شوێنی نیشتەجیبونی هاووڵاتییان بۆردومان دەکات. ئامانجیش لێی دروستکردنی تیرۆری دەروونییە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی کوردستان و پیشاندانی ‌هێزی داگیرکاریی خۆیان.

دەبێت عێراق قسەی هەبێت

لە درێژەی نرخاندەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە هەوڵەکانی تورکیا هەوڵی نەزۆکن و ناتوانێت ئەنجامی لێ بەدەست بهێنێت، بەڵام دەبێت ڕێی لێ بگیرێت، چونکە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی تورکیا ئەو مافەی نییە سەروەریی خاکی وڵاتێکی تر ببەزینێت، بۆیە دەبێت سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار لەسەر ئەم بابەتە قسەیان هەبێت و پێش لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بگرن، لەبەر ئەوەی ئەو هێرشەی تورکیا ئەنجامی دەدات بەشێکى زۆری بۆ کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییان ئەنجام دەدات.

دەربارەی هۆکاری هێرشەکانی تورکیا لەم کاتدا ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا لە ئەنجامی کەڵکەبوونی رق و کینەی دەوڵەتی تورکیایەوە بەرامبەر بە کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەتایبەتی لە دژی پێشکەوتنی ئەو ئەزموونە دیموکراسییە، کە لەرۆژئاوای کوردستان پێشکەوتوە و ئەنجامی ئەو شکستانەیە، کە ئەرۆدغان لە هەڵبژاردنەکان بەسەریدا هاتووە.

"پارتی رۆڵێکی خراپ دەگێرێت"

دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا وشیاری دا و وتی: ئەوەی تورکیا دەیکات ئەنجامی نابێت چەندەش بەهێز بێت، بەڵام پەیامەکە ئەوەیە دەبێت دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن. پەیوندیی ئابووری مانای ئەوە نییە کە تۆ یارمەتیدەر بیت بۆ هێنانی سوپای تورکیای بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان بە تایبەتێش پارتی دیموکراتی کوردستان لەمەدا ڕۆڵی خراپی گێڕاوە. هیوادارین بەخۆیدا بچێتەوە، چونکە خەڵکی باشووری کوردستان ئەوەیان لێ قەبووڵ ناکات.

تورکیا وەک سەرۆک عەشیرەتێک پێشوازیی لە بارزانی کرد

لە بەشێکی تری نرخاندنەکانیدا ئاماژەی بە سەردانەکەی نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ تورکیا و وتی: لەکاتی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا ئەردۆغان وەک سەرۆک عەشیرەتێک یاخود وەک خاوەن کۆمپانیایەکی نەوتی پێشوازیی لە بارزانی کردووە. لە ئەنجیندای تورکیادا شتێک نییە بە ناوی کوردستان و هەرێمی کوردستان دا و دان بە هەرێمی کوردستاندا نانێت، بەڵکوو وەک "باکوری عێراق" مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات.

 لەکاتی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم لە هەولێر بڕگەی مارشی ئەی رەقیب هەڵگیرا لەبەر ئەوەی مەولود چاوش ئۆغڵو پێی سەغەڵەت دەبوو. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی دەسەڵاتادرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەی بەهێز بین دەبێت دەسەڵاتداران بگەڕێنەوە بۆ ناو گەل و دەبێت کار بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بکەین، دەبێت کورد خاوەن یەک ستراتێژی هاوبەش بێت.

 سەرنجی ڕاكێشایە سەر دەستێوردانەکانی تورکیا لە کەرکوک وتی: لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تاکو ئێستا دەوڵەتی تورکیا کارتی بەکارهێنانی کەمایەتییەکانی عێراق وەک تورکمان بە کار دەهێنیت. هەڵبژاردن لە تورکیا دەبێت و هیچ پەیوەندییەکی بە عێراق و شاری کەرکوکەوە نییە، بەڵام ئەردۆغان لە پڕوپاگەندەی هەڵبژرادن بانگەشەی ئەوە دەکات کە "کەرکوک شارێکی تورکیایە و ئێمە دەستی ڵی هەڵناگرین!".

کەرکوک لەمەترسیدایە

دەرباری ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد و کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک فەلاح سەڵاح ئاماژەی بەوەدا: ئەو کێشەیەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد دا هەیە ڕیگای بۆ تورکیا و دەزگا سیخوڕییەکانی خۆش کردووە بۆ ئەوەی بەکەیفی خۆیان شاری کەرکوک ئاراستە بکەن.

 تورکیا ئەوەی دەیکات لە بەر خاتری تورکمان نایکات، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە لە رێی تورکمانەوە ئاڵۆزی دروست بکات بۆ ئەوەی دەست بەسەر نەوتی کەرکوکدا بگرێت. دەبێت تورکمانەکانیش لەوە باش تێبگەن ژیان و پەیوندیی ئەوان لەگەڵ بەغداد و هەولێرە نەک لەگەڵ تورکیا، بەڵکو تورکیا بۆ بەرژەوندیی خۆی بەکاریان دەهێنێت. گرفتی کەرکوک ئەوەیە ئەجیندای هەموو وڵاتانی تێدایە تەنها ئەجیندای کوردی تێدا نییە. ئەوەتا ماوەی ساڵێک زیاترە کورد لەسەر پارێزگارێکی کورد ڕیک ناکەوێت لەو شارە، بۆیە لە ئیستادا کەرکوک لە مترسیدایە، چونکە کار لەسەر بە تورکی کردنی ئەو شارە دەکرێت.

لە کۆتایشدا بانگی لە گەل کرد و وتی: هەر کاتێک داگیرکاریی تورکیا لە چیاکان زیادی کرد ئەوە مەترسیی داگیردنی کەرکوکێش زیاتر نزیک دەبێتەوە، بۆیە دەبێت دەنگی ناڕەزایەتی زیاتر بەرز بکرێتەوە، هەر کاتێک تورکیا گوندێکی کوردستانی بۆردومان کرد دەبێت لە کەرکوک، هەولێر و سلێمانی کوردان دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە و بچنە سەر باڵیۆزخانەی تورکیا. دەبێت ڕیگا لە بازرگانی و بەرژەوەندییەکانی تورکیا بگرن و بایکۆتی کاڵای تورکیا بکەن.

ر.م