قەرەسوو: سیخوڕیی تاوانێکی قورسە، بە دڵنیاییەوە تاوانباران سزا دەدرێن

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) مستەفا قەرەسوو داوای کرد بە ‘ڕۆحی ڕاپەڕین’ خاوەنداریی لە دیارغەریب بکەن. قەرەسووهۆشداریی دایە سیخوڕەکانیش و وتی: تاوانێکی قورسە وئەوانەی ئەوتاوانەیان ئەنجامداوە بە دڵنیاییەوە سزا دەدرێن".

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بووە میوانی بەرنامەی 'ئولکەدەن'ی تەلەفزیۆنی 'مەدیا هەبەر' و وەڵامی پرسیارەکانی ئارارات سوڤەیدای دایەوە.

قەرەسوو، بەڕێزەوە باسی 'دیار غەریب' ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکەی کرد کە لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٩ /١٤ی پووشپەڕ لە هێرشێکی ئاسمانیدا گیانی لەدەست دا، وتی: "هەڤاڵ هەڵمەت لەناو بزووتنەوە، تێکۆشان و حزبەکەماندا خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو. کەسێکی هێژا، شۆڕشگێڕێکی گەلی باشووری کوردستان بوو. ئازاری دەیان ساڵەی تێکۆشانی گەلی باشووری کوردستان باش تێگەیشتبوو، هەستە وڵاتپارێزییەکانی بەهێز بوو و بە بڕیارەوە تێدەکۆشا".

ڕەنجی دیار غەریب گەلێک زۆرە

قەرەسوو ڕایگەیاند کە دیار غەریب لە ئاستێکی بەرزدا لەناو بزووتنەوەی ئازادیدا بە بەرپرسیاری هەڵسوکەوتی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕێکخستنکردنی گەلی باشوری کوردستاندا، لە خولقاندنی زهنییەتی کۆمەڵگەپارێز، دیموکراتیکدا ڕەنجی دیار غەریب گەلێک زۆرە.

قەرەسوو ئاماژەی بەوەش کرد، دیار غەریب لە باشووری کوردستان لەلایەن گەل، هێزە سیاسییەکان، ژن و گەنجانەوە ناسراو بوو و وتی: "بە دڵنیاییەوە کۆمەڵکوژییەکە بە پلانەوە بووە، کە لە ڕێگەی نۆکەر و سیخوڕانەوە کراوە. نەوەک دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە لە ڕێگەی فڕۆکەی چاودێرییەوە سەلمێندرابێت و فڕۆکە جەنگییەکان بەو شێوەیە لێیان دابن. بە دڵنیاییەوە نۆکەران دەستیان لەو کارەدا هەیە. سیخوڕ هەن. ئەوەی کە خەڵک ئازار دەدات ئەوەیە. ئەوەی کە خەڵک ئازار دەدات ئەوەیە کە هەندێک کەس لەناو کورد کە خۆیان بە پارە فرۆشتووە زانیاریی هەواڵگرییان پێشکەش کردووە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ شەهیدکردنی هەڤاڵمان دیار غەریب. بێگومان هەندێک ڕووداوی تری لەو شێوەیە ڕوویانداوە.

"دەبێت گەلی کورد لەدژی هێرشی لەو شێوەیە بوەستێتەوە"

قەرەسوو ڕاشیگەیاند: "ئێمە سەلماندمان کە لە بادینان زۆر هێرش بە دەستی سیخوڕەکان کراوە. لەو ناوچەیە هەندێک کەس بە پارە دەیانکرد. ئێمە لە سەردەمی کەپیتالیزمداین، هەندێک کەس هەن کە هەستە نەتەوەییەکانیان لاواز بووە، هەستە کۆمەڵگەییەکانیان لاواز بووە، هەستە کەلتوریی و مرۆییەکەیان لاواز بوون. خەڵک بەدوای پارە و مادیاتەوەیە. هەندێک کەس هەن کە لە مرۆڤ بوون شۆراونەتەوە، هەموو شتێک بۆ مادیات و پارە دەکەن یانیش لە کاری لەو شێوەیەدا بەکار دەهێنرێن.

بێگومان ئێمە بەوە ئازار دەدرێین. لەوبارەیەوە هۆشیاریی دەدەین. بانگەوازی بۆ گەلی کورد دەکەین کە لەوبارەیەوە هۆشیار بن. لەو ناوچەیەی کە لێیەتی ئەگەر هەندێک کەس سیخوڕیی دەکەن، دەبێت ئاشکرایان بکەن. کاری سیخوڕیی کارێکی پیسە. ئەوانەی کە سیخوڕیی دەکەن دوژمنی کوردن. دەبێت بزانرێت کە ئەوان دوژمنایەتی کورد دەکەن. بۆیە گەلەکەمان دەبێت دژی ئەو دوژمنانەی مرۆڤایەتی هۆشیار بن".

"شەڕ لەدژی بزووتنەوەی ئازادی، شەڕە لەدژی هەموو کورد"

قەرەسوو سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕاگەیاندراوی هەندێک بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان کە پەکەکە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان وەکو بیانوو نیشان دەدەن و وتی: "ئەگەر بزووتنەوەی ئازادیی کورد لەناوببرێت، کەس ناتوانێت دەستەکەوتەکانی باشووری کوردستان بپارێزێت. دەبێت هەمووان ئەوە بزانن. بۆیە، شەڕکردن لەدژی بزووتنەوەی ئازادیی کورد، شەڕکردنە لەدژی هەموو کورد. هێرشەکانی باشوری کوردستانیش هەوڵدانێکە بەئامانجی داگیرکاریی. بەو هەوڵانەیان دەیانەوێت هەنگاو بە هەنگاو باشووری کوردستان داگیر بکەن و بیخەنە سەر دەسەڵاتی خۆیان. دەیانەوێت ویلایەتەکانی مووسڵ و کەرکوک بخەنە سەر تورکیا".

قەرەسوو ئەوەشی بیر هێنایەوە کە داعش پێش ئێستا ویستبووی هەرێم داگیر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و وتی: "ئاکەپە ئێستا دەیەوێت خۆی ئەوە بکات. هێزەکانی باشوور لەو لایەنەوە دەیانەوێت خۆیان کوێر بکەن. یان نابینن چییە؟ بەڵێ دەتوانین بڵێین ئەوان کوێرن. نێچیرڤان بارزانی لەو بارەیەوە لێدوانی دا و وتی: 'دەوڵەتی تورک بەردەوام هاوکاری کردوین'. سپاسی دەوڵەتی تورکی کرد. لە نێچیرڤان بارزانی دەپرسین: ئەو کاتەی داعش هێرشی کرد، کاتێک خۆی گەیاندە هەولێر هەڵوێستی دەوڵەتی تورک چۆن بوو؟

گەریلا  وەک با  خۆی گەیاندە کەرکوک

ئەی مەسعود بارزانی نەبوو وتی، دەوڵەتی تورک هاوکاریمان ناکات؟ گلەیی‌ و گازاندەی لێ نەکردن؟ ئەی دەوڵەتی تورک هاریکاریی داعشی نەکرد؟ ئەوەی ئەوە دەڵێت مەسعود بارزانییە نەک ئێمە، هەر ئەو مەسعود بارزانییە دواتر چووە مەخمور و لەگەڵ گەریلا دانیشت و سوپاسی کردن، ئاخۆ قسەکانی نێچیرڤان بارزانی لە کام ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ دۆخەکە بەو شێوەیەیە؟ گەلۆ دەوڵەتی تورک بەردەوام هاوکاریی کردوون، یان بزووتنەوەی ئازادی کورد بوو کە لە مەترسیدارترین کاتدا هەولێری پاراست؟

گەریلا چووە کەرکوک، داواکاریی بۆ چوونی گەریلا بۆ کەرکوک لە کێ هات؟ لە یەکێتییەوە هات، بەڵێ، کەرکوک چۆڵ دەکرا، سلێمانی لە ترس و نیگەرانیدا بوو، کاتێک داعش کەرکوکی گرتبا، دواتر ڕووی لە سلێمانی دەکرد، گەریلا چی کرد؟ وەک با خۆی گەیاندە کەرکوک، هەموو کەسێک بینی، خەڵکی ڕانییە بینییان، خەڵکی سلێمانی بینییان، بە ئاڵا و چەکی خۆیان چوون، داعشیان نەوەستاند؟ لەناو ڕاستییەکی لەو شێوەیەدا، قەبوڵکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک، بە تایبەت قەبوڵکردنی هێرش بۆسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد، ئاخۆ لە کوردایەتییەوە دێت؟

کاتێک کورد کەوتە تەنگانە، کێ هاوکاریی کێ دەکات؟ لە کاتی تەنگانە ئێمە هاریکاری یەکتر دەکەین. "قەرەسوو داوای کرد، ڕۆشنبیر، نووسەر و خەڵکی باشوری کوردستان ئەو ڕاستییە ببینن".

'نێچێرڤان بارزانی، نەک دوژمن، تێکۆشەرەکان دەکاتە بیانوو

قەرەسوو ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر کورد ببنە یەک، هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدات، دەوڵەتی تورک ناتوانێت لە باشوری کوردستان هیچ شتێک بکات و وتی: "هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا، باکور و باشوری کوردستان ئەوەیە کە کورد یەکگرتوو نین، یەکێتیی کورد نییە، بۆیە دەوڵەتی تورک دەڵیت 'ئێمە دژی کورد نیین، دژی پەکەکەین'. لەگەڵ پەدەکە و یەنەکە و هەندێک ڕێکخستنی دیکەی کورد پەیوەندی دروست دەکات و دەڵیت "من دژی کورد نیم، دژی پەکەکەم".

دەمەوێت ئاماژە بە شتێک بکەم؛ نێچیرڤان بارزانی لە هێرشەکەی چەند رۆژ لەمەوبەر، پەکەکە وەکو بیانوو نیشان دەدات، کاتێک سەددام دەیان ساڵ بۆردوومانی کوردی دەکرد، پەدەکەی نەدەکردە بیانوو؟ لە باکوری کوردستانیش بۆردوومان دەکات، خەڵک دەکوژێت و پەکەکە دەکاتە بیانوو، دوژمنی کورد هەبوونی کورد قەبوڵ ناکات، بۆیە بەم شێوەیە قسە دەکات. شەرمەزارییە، لەدژی ئەو کۆمەڵکوژییانە، لەدژی ئەو هێرشانە، لە جیاتی ئەوەی دژی دوژمنی کورد هەڵوێست نیشان بدەن، تێکۆشەرەکان دەکەنە بیانوو. ئەمە شەرمەزارییە. دەبێت گەلی کورد ئەوە ببینێت و لەدژی تێڕوانینێکی وادا هەڵویست وەرگرێت."

خیانەتکارەکان سزادەدرێن

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، مستەفا قەرەسوو ڕاشیگەیاند: ئەگەر ئێستا لەناو گەلی کورددا لەڕووی هۆشیاریی ئازادیی دیموکراسیی و مێژووییدا پێشکەوتن هەبێت، لەو بابەتەوە ڕۆڵی دیار غەریب هەیە، وتیشی "لەو ڕووەوە دەمانەوێت گەلی کورد خاوەنداریی لێ بکەن، دەمانەوێت لە کەسایەتی هەڤاڵ هەڵمەتدا خاوەنداری لە هەڵسوکەوت، هەڵویست و تێڕوانینەکانی بکەن. ئەو دەیەویست گەل دژی داگیرکاریی و کۆڵۆنیالی ڕاپەڕێت، دەیەویست باشوری کوردستان بەدیموکراسی بێت، داوای یەکێتی نەتەوەیی دەکرد، داوای ڕاپەڕینی دەکرد لە دژی هەر چەشنە هێرشێکدا، کە ئەوەش لە ڕۆحی خەڵکی باشوردا هەیە، وەکچۆن لە شیلادزێ بەو ڕۆحە ڕاپەڕین، دژی ئەم داگیرکەرییەش پێویستە هەر بەو ڕۆحە ڕاپەڕن. پێویستە گەلەکەمان بە ڕۆحی ڕاپەڕینەوە خاوەنداری لە هەڤاڵ هەڵمەت بکەن.

جارێکی دیکەش ئەو هۆشداریی دەدەینە ئەو کەسانەی سیخوڕیی بۆ دەولەتی تورک دەکەن، ئەمە دوژمنایەتیکردنی گەلی کوردە، تاوانێکی قورسە، لەمەودوا قورساییان دەخەینەسەر، ئەوانەی ئەو تاوانەیان کردووە سزادەدرێن. بە دڵنیاییەوە سزا دەدرێن، با دوایی کەس نەڵێت بۆ بەو وابوو، ئەوانەی ئەو تاوانە قورسەیان کردووە، بێگومان تاوانی شەڕیان ئەنجام داوە. ئەمە خیانەتە، سزا دەدرێن، پێویستە کەس لە کوردستان بۆ پارە و شتی دیکە دوژمنایەتی کورد نەکات، بەشداری تاوانی لەو جۆرە نەکەن، هیچ هێزێکی سیاسیش نابێت ڕەوایەتی بە هاوکاریکردن و سیخوڕیی لەو جۆرە بدات".

قەرەسوو جەختی کردەوە کە بۆ یادی دیار غەریب کوردستانێکی ئازاد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتیک دەخولقێنین. 

ک-ش