قەرەیلان: گەریلا دەبێتە هێزى سەرکەوتن

قەرەیلان رایگەیاند "گەریلا تێکناشکێت، بەڵام ئیتر هەر تێکنەشکان بەس نییە. دەبێت ببێتە هێزى سەرکەوتن. پرۆژەى ئێمە بۆ سەرلەنوێ بەرێکخستنکردنەوە بەرەو کۆتایى دەڕوات، بەوەش گەریلا دەبێتە هێزى سەرکەوتن".

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە بە بۆنەى ٣٤هەمین ساڵیادى هەڵمەتى ١٥ى ئابەوە میوانى بەرنامەیەکى تایبەتى کەناڵى ئاسمانیى ستێرک تیڤى بوو.

قەرەیلان رایگەیاند، دواى کۆمەڵکوژییەکەى دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٨ دا، دەوڵەتى تورکیا بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ کۆمەڵکوژیى سپیی لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدا و بەو شێوەیە کۆمەڵگەى کوردستان لە نێو بەرداشى کوشتاری جەستەیى و رۆشنبیریدا بەرەو مردن دەڕۆیشت.

قەرەیلان راشیگەیاند، لە کوردستان دڕندەیى زۆر گەورە ئەنجام دەدران، کوردستان بوو بوو بە زیندانێک و لەو بارەیەوە وتى "لە دژى ئەو گوشار و ملهوڕییانە هەڵمەتى ١٥ى ئاب دەستیپێکرد و بووە رووناکیى ناو تاریکایى. بووە هاواری هەبوونى گەلی کورد. راستە هەڵمەتى ١٥ى ئاب چالاکیى سەربازی بوو، بەڵام تەنها بەوەوە سنووردا نەمایەوە. بۆ بوونى گەلی کورد بووە هەڵمەتێکى هاوتەریب و هەڵمەتى بەرخۆدان و خاوەنداریکردن لە خۆى دەستپێکرد. بێگومان بناغەى ئەو هەڵمەتە بۆ تێز و فەلسەفەى رێبەر ئاپۆ و بەرخۆدانى زیندانى ئامەد دەگەڕێتەوە. هەڵمەتى ١٥ى ئاب بە پێشەنگایەتیى هەڤاڵ عەگید لەلایەن دەستەیەک گەریلاوە ئەنجامدرا. گروپێکی بچووک بوون، بەڵام دڵیان گەورە بوو".

هەڵمەتێکى مێژووى بوو و کۆمەڵگەى کوردی لە هەموو روویەکەوە گۆڕی

موردا قەرەیلان ئاماژەى بە گرنگیى بەرخۆدانى ٦ ساڵ دواى هەڵمەتى ١٩٨٤ کرد و وتى "وەک دەزانرێت ساڵانى ١٩٨٠کان لە باشوورى کوردستان ئەنفال هەبوو، ساڵی ١٩٨٨ لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا و لە باشووری کوردستان شەڕ راوەستا. تێکۆشان لە رۆژهەڵاتى کوردستاندا لە ئاستى کشانەوەدا بوو. لە دۆخێکى لەو شێوەیەدا لە باکووری کوردستان، کە تا ئەو رۆژە بێدەنگ بوو، شەڕێکى بەرفراوانى گەریلا دەستیپێکرد. ئەو هەڵمەتە رووناکایى خۆى دایە هەموو کوردستان. بە تایبەتى بۆ ژیانەوەى باکوورى کوردستان. گەلەکەمان لە باکووری کوردستان بەو هەڵمەتە مێژووییە هاتەوە سەرخۆ، زیندووبوویەوە و دواتر ساڵانى ١٩٩٠ رژایە سەر شەقامەکان. لەبەر ئەوە ئێمە بەو رووداوە کۆمەڵایەتییانەوەى کە لەو ساڵانەدا روویانداوە دەڵێین، شۆڕشى ژیانەوە. لەبەر ئەوەی، کە لە دواى ساڵی ١٩٣٨ و بۆ ماوەی ٤٦ ساڵ لە باکووری کوردستاندا سیاسەتى تواندنەوە و سڕینەوە بەڕێوەبرا، ئیتر بێدەنگییەک دروست بوو بوو. بەرخۆدانى گەریلا بووە هیوا و بڕوایەکى نوێ بۆ گەلەکەمان. کۆمەڵگەى کوردی لە هەموو روویەکەوە گۆڕی".

چالاکیى ژیانەوە لەسەر هێڵى ئازادیى ژن رێگاى بۆ هۆشمەندییەکى نوێ کردەوە

قەرەیلان وتی، هەڵمەتى ١٥ى ئاب هەنگاو بە هەنگاو کاریگەریی گەورەى لە کوردستان دروست دەکرد. وتیشی "لە کوردستان کاریگەرییەکى دروست بوو. رامانێکى نوێ هاتە پێشەوە. هێڵى ئازادیى ژن، هێڵی دیموکراسی ئافرێنرا. بۆچوونى شۆڕشگێڕیى هاوچەرخی ئافراند و تایبەتمەندیى کلاسیک و فیئۆدال و دەرەبەگانە و دواکەوتوانەى رەخنە کرد و نەیهێشتن. لەگەڵ خۆی عەقڵییەت و هۆشمەندیى کۆمەڵایەتیى بەرەوپێش برد و رۆحێکى نەتەتەوەیى دروستکرد".

ئەوەى بەرامبەر بە ئیمراڵی دەکرێت هەر هەمووی لەلایەن ئەردۆغانەوە ئەنجام دەدرێت

قەرەیلان لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بە گۆشەگیری و ئەشکەنجەى دەروونی لە ئیمراڵی بۆ سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و تى "بە هیچ شێوەیەک هەواڵ و زانیاری لە رێبەرایەتی و ئەو هەڤاڵانەى لە گەڵیدان لە بەردەستدا نییە. رەفتاری لەو شێوەیە لە هیچ شوێنێکى تری جیهان بوونى نییە. ئەو سیستمە لەلایەن ئاکەپە و ئەردۆغانەوە سەپێنراوە. سیستمى ئیمراڵى پێش ئاکەپەش هەبوو، ئەگەر کەمیش بوایە لە هەندێک رووەوە بەپێى بەشێک لە یاسا و مافەکان مامەڵە دەکرا. پارێزەرەکان دەیانتوانی بچن بۆ ئیمراڵی و رۆژنامە و کتێبی پێدەدرا. دەوڵەت چەندیش بە دوژمنى خۆی بزانێت، بەڵام لە یاسا و مافەکانى دەوڵەتدا زیندانیش مافى هەیە. بەڵام لەوکاتەوە ئەردۆغان بووە بە باڵادەست بەسەر حکومەتى تورکەوە و هەموو شتێکى خستە دەستى خۆی، هەموو شتەکانى ئیمراڵیى راستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە دیاریکرد. ئێمەوە ئەوە بە باشی دەزانین. سیستم لەوێ لەلایەن ئەردۆغانەوە دەستنیشان دەکرێت. لە روانگەى ئەردۆغانەوە دەبێت کورد لە ناو بچێت. بۆ ئەوەش دەبێت سەرۆکی  کوردەکانیش لە ناو بچێت. لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا دەیانەوێت کۆتایى بە کورد بهێنن".

قەرەیلان ئەوەشى وت، زوڵمەکەى ئیمراڵی سیاسەتى سڕینەوە و لەناوبردنى گەلی کوردە و وتیشی "گرنگە بە باشی تێگەیشتن لەو سیاسەتە و لەو نزیکایەتى و رەفتارە دروست ببێت. دەبێت گەلەکەمان زیاتر و بەهێزترەوە خاوەندارى لە رێبەرایەتى بکەن، چونکە خاوەنداریکردن لە رێبەرایەتى خاوەنداریکردنە لە خۆ و خاوەنداریکردنە لە داهاتوو و ئازادیى خۆ. بۆ ئەوەى داهاتووى گەلەکەمان تاریک بکات، گۆشەگیرییەکى قورسی بەسەر رێبەرایەتیدا سەپاندووە. گرنگە لە دژى ئەو سیستمی ئەشکەنجەیە تێکۆشان ئەنجام بدرێت".

موراد قەرەیلان باسى ئەوەشیکرد، خاوەنداریکردن لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد مافى رەواى هەموو کوردێکە و دەبێت کورد و کوردستانیان بە رۆحی فیداکاریى ١٥ى ئابەوە خاوەنداری لە رێبەری گەلی کورد بکەن.

ئەوەى ئابووریى تورکیاى تووشی قەیرانکرد، شەڕى دژ بە کوردە

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لەبارەى قەیرانى ئابووریى تورکیاوە وتى "ئابووریی تورکیا بۆ ئێستا تووشی قەیران بووە؟ هەموو رۆژێک ٥٠ بۆ ٦٠ فڕۆکەى جەنگیى بەسەر عەفریندا دەسوڕاندەوە. لە عەفرین زیانى زۆرى بەرکەوت و زۆر شتیان لە دەستدا. لە خواکورک، زاگرۆس و هەموو ناوچەکانى باکووری کوردستان هەموو رۆژێک گورزی قورسی لێدەدرێت. بۆ ئەوەى خۆیان لەو دۆخە رزگار بکەن، هەموو رۆژێک فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، فڕۆکە و کۆپتەرى جەنگی هەڵدەستێنن. ئەوە هەمووى بە پارە دەکرێت و تێچوویەکى زۆرى دەوێت. سەربارى ئەوەی قەتەر هەندێک هاوکاریى دەکات، بەڵام خەرجی ٥٠ هەزار چەتەش دەدات. بە کورتی و کرمانجی هۆکارى ئەو قەیرانە ئابوورییە شەڕەکەیانە لە دژى گەلی کورد. بابەتەکە پەیوەندیى بە زۆربوون و کەمبوونەوەى پارەى کاشەوە نییە. ئەوەی روودەدات تەنها دەرەنجامەکەیە. ئامادە نین لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا دان بەو راستییەدا بنێن و ئەو راستییە دەشارنەوە، بەڵام ئیتر راستییەکە ئاشکرابووە و ناشاردرێتەوە.

گەریلا لە هەموو بەرەکان و هەموو سەنگەرەکاندا لە چالاکیدایە

قەرەیلان لەبارەى هەڕەشەکانى تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان وتى "تورک ناتوانێت خۆی تەنها لە باشووری کوردستان بەرەو پێش بڕوات. هەر چەند دەڵێن، دەچین بۆ فڵان شوێن، بەڵام هەموو رۆژێکیش ناچارن باسی چالاکیى گەریلا لە ناوچەکانى دەریای رەش-یشدا بکەن".

قەرەیلان رایگەیاند، ئێستا لە هەموو ناوچەکانى کوردستان سیستمى گەریلا لەسەر کارە و بەڕێوەدەچێت. راشیگەیاند "شەڕێکى قورس لە ئارادایە. ئێمە شەهید دەدەین، بەڵام ناتوانن لە هیچ شوێنێک سیستمی گەریلایى ئێمە تێکبشکێنن. شوێنێکى چۆڵ، یان ناوچەیەک نییە کە بۆشایى تێدا بێت. گەریلا لە هەموو سەنگەرەکان و لە هەموو بەرەکاندا لە چالاکیدایە، بەڵام هێزى دوژمن ناتوانێت بێتە گۆڕپانى شەڕ، تەنها بە فڕۆکەى جەنگی و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان شەڕمان لە دژ دەکەن".

قەرەیلان لەبارەى بوونى سەربازانى تورک لە لێلیکان، گۆڤەند، بارزان، تەپەى خودێ و عادل بەگ لە باشووری کوردستان وتى "گەریلا هەموو رۆژێک لەو شوێنانە چالاکى ئەنجام دەدات و سوپاى تورکیا سەدان کوژراوی هەیە، بەڵام کوژراوەکانیان لە میدیاکان و راگەیاندنەکان دەشارنەوە. دەوڵەتى تورک یان لەو ناوچەیە دەکشێتەوە یان ئەوەتا پاشەکشەى پێدەکرێت. بە بەردەوامی دەڵێن 'ئێمە دەڕۆین بۆ قەندیل'، بەڵام ناوێرن. بە تەنها خۆیان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. بۆ ئەوەش پێویستى بە پشتیوانى و یارمەتى هەیە، ئەگەر بەرەو پێشیش بێت ئەوا جارێکیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە، بۆیە دەوڵەتى تورک کەوتووەتە جۆرێک لە جوڵە و هەوڵ و گومان و بیرکردنەوەى زیاتر لە دۆخەکە".

ئەوەى زیاتر لە هەموو کەس لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنى ئیدلب دەترسێت، ئەردۆغانە

قەرەیلانى وتى "لە بەردەم دەوڵەتى تورکیادا کێشە و قەیرانێکى نوێ هەیە. رژێمى سوریا بە پشتیوانیى فڕۆکەى رووسی هەندێک ناوچەى لە باشووری سوریا کۆنترۆڵکرد. ئەوە بۆ سوریا وەک دەستکەوتێک بوو. ئێستاش دەڵێت، سەرەى ئیدلب هاتووە. دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى لە ئیدلبن. ئێستا ترس چووەتە دڵی دەوڵەتى تورکیاوە، بۆیە لە ئێستادا پلانەکەى خۆی بۆ سەر باشووری کوردستان راگرتووە، چونکە ئەگەر لێرەش شەڕ رووبدات ئەوا زیاتر تەنگاو دەبێت. وادیارە سوریا دەیەوێت لەگەڵ رووسیا بۆ ئیدلب دەست بە هەڵمەتێک بکات. ئەوەش ترسی خستووەتە دڵی دەوڵەتى تورکەوە، چونکە حساباتى لەسەر سوریا هەیە".

قەیرانى نێوان ئەمریکا و تورکیا بە ئەنقەست لەلایەن ئەردۆغانەوە پلانى بۆ دانرا، بەڵام بە خۆیدا تەقییەوە

قەرەیلان سەرەنجى خستە سەر قەیرانى نێوان ئەمریکا و تورکیا و رایگەیاند، ئەو قەیرانە بە ئەنقەست لەلایەن ئەردۆغانەوە دروستکراوە. راشیگەیاند "کاتێک رووسیا بە تورکیاى وت 'کاتى هاتووە و دەبێت لە سوریا بچیتە دەرەوە' دەوڵەتى تورکیا حسابى ئەوەیکرد ئەگەر لە نێوان خۆی و ئەمریکادا قەیرانێکى ئاشکرا و دیار دروست بکات، ئەو کاتە زیاتر دەتوانێت خۆى لە رووسیا نزیک بکاتەوە. لە رووداوی قەشە برونسۆن دا سەرەتا ئاماژەى ئازادکردنى خرایەڕوو. وابزانم کچێک هەبوو کە لە ئیسرائیل دەستگیرکرابوو، تورکیا راستەوخۆش نەبێت پەیامى ئەوەى دا 'ئێوە ئەو کچە ئازاد بکەن، ئێمەش قەشەکە ئازاد دەکەین'، بەڵام برونسۆنیان ئازاد نەکرد و لە ماڵێکدا بە دەستبەسەرکراوى رایانگرت. دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لەبەر جێبەجێ نەکردنى ئەو بەڵێنە توڕە بوو و سزاى بەسەر تورکیادا سەپاند. تورکیاش بۆ ئەوەى زیاتر خۆى لە رووسیا نزیک بکاتەوە، حسابى ئەوەى دەکرد، کە قەیرانێکى کۆنترۆڵکراو لەگەڵ ئەمریکادا دروست بکات. چاوەڕێى نەدەکرد ئەمریکا بەو قورسی و بەو خێراییە هەنگاو هەڵگرێت. دواى ئەوەى ئەمریکا سزاى بەسەر تورکیادا سەپاند، ئابووریی تورکیا کە هەر خۆى لە قەیراندا بوو زیاتر تووشی قەیران بوو. بەهای دۆلار بەرزبوویەوە و بەهاى لیرەی تورک دابەزی. ئەردۆغان ئەمجارە هات بۆ ئەوەى دۆخەکە چاک بکات بابەتێکى بۆ رۆژنامەى نیویۆرک تایمز نووسی. بە خێرایى شاندێکیشی نارد بۆ ئەمریکا و دەستیان بە هەوڵی جۆراوجۆری دیپلۆماتیک کرد، بەڵام ئەمریکا بە زمانێکى روون وتى 'هەر ئەمڕۆ و لەم کاتژمێرەدا برونسۆن ئازاد بکەن'. بۆ ئەو قەشەیەش بانگەشەى ئەوە دەکەن یارمەتیى پەکەکەى داوە و یارمەتى فەتحوڵا گیولەنى داوە، بەڵام شتێکى لەو جۆرە نییە. روونە ئەمریکا ئەو یارییەى ئەردۆغان دەبینێت و لەبەر ئەوەش هەڵوێستێکى روونى بەرامبەر خستەڕوو".

 قەیرانی تورکیا تەنها ئابووری نییە، بەڵکو هاوکات قەیرانى سیاسی و سەربازیشە

موراد قەرەیلان رایگەیاند "ئابووریی تورکیا ئێستا داڕماوە. رەنگە ئێستا حکومەتى ئاکەپە لە قورسترین ساتى قەیرانى مێژووى تورکیادا بێت. ئەو قەیرانە تەنها ئابووری نییە، بەڵکو هاوکات قەیرانێکى سیاسی و سەربازیشە. لەبەر ئەوەیە ئێستا نازانن لە باشووری کوردستان چى بکەن. ئەگەر بکشێنەوە ئەوا هەوڵە داگیرکەرییەکان کە پلانى سەرەکى و ستراتیژییانە پووچەڵ دەبێتەوە، بەڵام نە دەتوانێت پێشڕەوى بکات و نە دەشتوانێت بکشێتەوە. بۆیە دەوڵەتى تورک ئێستا زۆر تەنگاو بووە و لە دۆخێکى خراپدایە".

نە باشووری کوردستان باشووری ساڵانى ١٩٩٠کانە و نە تورکیاش تورکیاى ئەو ساڵانەیە

قەرەیلان ئەوەى بەبیرخستەوە، کە باشووری کوردستان لە ساڵانى ١٩٩٠ کاندا پێویستى بە تورکیا بوو و لەبارەیەو وتى "بێگومان ئەو پێویستى بوونە بە تورکیا، پێویستییەکى موتڵەق نەبوو، بەڵام هۆکاری خۆی هەبوو بۆ ئەوەى پەیوەندى لەگەڵ تورکیا دروست بکات. لەو کاتەدا ناتۆ بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیى سیاسەتى تورکیاى دەکرد لە دژى کورد. پێگەى باشووری کوردستان فەرمی نەبوو، بەڵام لە دواى ساڵی ٢٠٠٣ەوە دۆخەکە گۆڕاوە. لەو هەلومەرجەی ئێستادا باشووری کوردستان پێویستیى بە تورکیا نییە. بە پێچەوانەوە، تورکیا پێویستى بە باشووری کوردستانە. ئەگەر باشووری کوردستان ئەو بازرگانییەى کە لەگەڵ تورکیا دەیکات رابگرێت، ئەو تۆزە ئابوورییەى کە بۆ تورکیا ماوەتەوە ئەویش تەفروتونا دەبێت، بەڵام سەربارى ئەوەش بەڕێوەبەریى باشووری کوردستان بە تایبەتى هێزە دەسەڵاتدارەکان هەر وەک ساڵانى ١٩٩٠ دەجوڵێنەوە و خۆیان بە موحتاجی تورکیا دەزانن".

ئەگەر باشوور دەیەوێت سەربەخۆ بێت، پێش هەموو شتێک دەبێت ببێتە خاوەنى ئیرادە

موراد قەرەیلان ریفراندۆمى سەربەخۆیى باشوورى کوردستانى بە بیرخستەوە و وتى "ئەگەر باشووری کوردستان دەیەوێت سەربەخۆ بێت، دەبێت پێش هەموو شتێک لە دژى ئەو هێزانە، کە لەمپەری بەردەم سەربەخۆیین ببێتە خاوەنى ئیرادە. یانى ئەگەر تۆ سەری خۆت لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە دار رادەوەشێنن دابنەوێنیت ئەوە یانى تۆ هێشتا ناتوانیت سەربەخۆ بیت. تۆ ناتوانیت باسی سەربەخۆیى بکەیت".

 کورد ببەن بە یەک لە هەموو کەس بەهێزتر دەبن

قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە بەردەوامیى قسەکانیدا رایگەیاند، گەلی کورد ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەهێزە و راشیگەیاند "بەڵام ئەو سیاسەتەى کورد کە دوورە لە یەکێتییەوە، پێگە و دۆخی بەهێزى گەلی کوردی قەڵس کردووە. ئەگەر کورد ببن بە یەک و یەکگرن لە هەموو کەس بەهێزتر دەبن. ئەگەر ئێمە ببین بە یەک ئەوا باشوور بەهێز دەبێت، رۆژهەڵات بەهێز دەبێت، باکوور بەهێز دەبێت و رۆژئاواش دەتوانێت خۆى بە تەواوى بونیات بنێت. بەهێزبوونى گەلی کورد و چارەنووسی گەلی کورد لە دەستى ئەواندایە. ئەوەش بە یەکگرتن و یەکێتى بەهێز دەبێت".

قەرەیلان وتى، لە کاتێکى مێژوویى لەم شێوەیەدا ئەگەر دەرگا بەڕووی پارچەبوون و سیاسەتى دوژمندا بکرێتەوە مەترسییەکى ستراتیژیک لەسەر داهاتووی گەلی کورد دروست دەبێت. وتیشی "لەبەر ئەوەش پێویستى بە دەستوەردانێک هەیە. گەلی کورد لەو بوارەدا هیوا و چاوەڕوانیى هەیە. کاک مەسعود دەتوانێت دەست لەو دۆخە وەردات. چاوەڕوانییەکى بەهێز لەو بوارەدا هەیە، چونکە دەرفەتى مێژوویى لە گۆڕێدایە، بەڵام لەبەر ئەو جۆرە هەڵوێست و هەڵوەستەکردن و شێوازە، ئەو دەرفەتە بەکارناهێنرێت. پێویستە هەڵوێستى پارچەبوون نەهێڵدرێت".

ئێمە دەتوانین بە پلاتفۆرمی نەتەوەیى هەموو مافەکانى گەلی کورد بپارێزین

قەرەیلان وتى "ئێمە ناڵێین با هەموو کەس دەست بداتە چەک و لە دژى دەوڵەتى تورک شەڕ بکات. ئێمە دەڵێین 'بە سیاسەت، بە دامەزراندنى یەکێتیى نەتەوەیى خۆمان، بە بزاوتێکى هاوبەش لە رووی نەتەوەییەوە، رەوابوون و مافداربوونى خۆمان بەهێز بکەین'. لەو ڕووەوە ئەو دۆخەى کە ئێستا لە گۆڕێیە من زۆر بە مەترسیدارى دەزانم. مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانى باشووری کوردستان هەیە، لەسەر دەستکەوتەکانى رۆژئاواى کوردستان هەیە. ئێمە شەڕ دەکەین و دەتوانین تەواوی کوردستان بپارێزین. بۆیە پێویستە یەکێتیى نەتەوەیى ئێمە دروست ببێت. با پلاتفۆرمی ئێمە بۆ یەکێتیى نەتەوەیى دابمەزرێت بۆ ئەوەى بتوانین لە هەر ناوچەیەکى کوردستان بە ئاسانى مافەکانى گەلی کورد بپارێزین. دەرفەتى ئەوە لە گۆڕێیە، بەڵام پێویستیى بە نزیکایەتى و هەڵسوکەوتى بەرپرسیارانە هەیە".

گەریلا سەلماندی تێکناشکێت، بەڵام ئێمە پێویستمان بەسەرکەوتن هەیە

موراد قەرەیلان باسى ئەوەیکرد، ٣٥هەمین ساڵی تێکۆشانى چەکدارییان دەبێتە ساڵێکى گرنگ و ئاماژەى بەوەکرد، شەڕیان لە دژى داگیرکەریى تورک لە بەرزترین ئاستدا بەردەوامە.

قەرەیلان ئاماژەى بەوەشکرد، شەڕی ئەوان و دەوڵەتى تورک کاریگەریی لەسەر هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە و لە هەندێک رووشەوە کاریگەریى لەسەر جیهان هەیە و ئەوەشی وت "ئەوە بە روونی بینرا، کە گەریلا تێکناشکێت، بەڵام ئیتر تەنها تێکنەشکان بەش ناکات، دەبێت گەریلا ببێت بەهێزى سەرکەوتن".

قەرەیلان ئەوەشى خستەڕوو، لە رووی تەکنیک و تاکتیکەوە، لە رووی پسپۆڕی و پڕۆفیشناڵبوونەوە گەریلاى ئازادیى کوردستان خۆى گەیاندووەتە ئاستێکى زۆر گرنگ و وتى "ئێستا لە چیا چەندین ئەکادیمیاى سەربازی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتانە دەکەن و پەروەردە و راهێنان ئەنجام دەدەن و کار دەکەن و هەندێک ئەنجامیان بە دەستهێناوە. پرۆژەى ئێمە بۆ سەرلەنوێى بە رێکخستنکردنەوە بەرەو کۆتایى دەڕوات. ئەوەش گەریلاى ئازادیى کوردستان دەکاتە هێزى سەرکەوتن".

 رێپێوانى ئێمە بۆ ئازادی گۆشەگیرى تێکدەشکێنێت و رێبەر ئاپۆ لە رووی فیزیکییەوە ئازاد دەکات

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "ئێمە لەو بڕوایەداین رێپێوانى ئێمە بۆ ئازادی گۆشەگیرى تێکدەشکێنێت و دەبێتە رێپێوانى ئازادیى رێپەر ئاپۆ و کوردستان. هەموو مەترسییەکانى سەر کورد و کوردستان دەڕەوێنێتەوە و لە ناویان دەبات. رێپێوانەکەمان دەبێتە رێپێوانێکى ئەنجامگرتوو. مێژوو ئێستا ئەو دەرفەتە دەداتە ئێمە. دەبێت ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەو دەرفەتە بۆ گەلانى کوردستان بەکاربهێنین. مافى گەلەکەمانە کە ئازادانە لەسەر ئەم خاکە بژین. گەلەکەمان بە تێکۆشان و بەرخۆدانى خۆی لە هەموو کەسێک باشتر و زیاتر ئەو ماف و هەقەى هەیە. گەلی کورد بە بەرخۆدان و فیداکاریى خۆى سەلماندی کە شایانى ئەوەیە. لەسەر ئەو بنەمایە داهاتووی گەلی کورد و گەلان، ئازادی و دیموکراسى دەبێت".

ر.م