قەرەیلان: گەریلا لە کوردستان و تورکیا گەرەنتیى ئازادییە

قەرەیلان رایگەیاند "ئەوەى ئێستا لە رۆژڤدایە، پاکتاوکردنی ئیمە، واتە پاکتاوکردنى پەکەکە نییە. بەڵکو بەهۆى ترسی خۆیانە لە پاکتاوکردنی خۆیان، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هێرش و پەلامار ئەنجام دەدەن".

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریی پارتى کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی ٢٧ى تەمووزی ٢٠١٨ / ٥ى گەلاوێژ لە رێگەى بێتەلەوە رۆژەڤى کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى بۆ یەکینەکانى گەریلا شیکردەوە. قەرەیلان رایگەیاند، ئەو دەستەى وەزیرانە، کە دواى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ راگەیاندرا، بە کابینەى شەڕ لێکدایەوە و وتى، سیستمى تاکە پیاوی کە پشتبەستووە بە شەڕ بە دڵنیاییەوە لێکهەڵدەوەشێتەوە.

قەرەیلان راشیگەیاند، ئەو دەستکەوتە شۆڕشگێڕییانەى بە تێکۆشانى ٤٥ ساڵەیان خوڵقێنراوە، نەک تەنها شۆڕشی کوردستان، بەڵکو شۆڕشی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى خستوووەتە رۆژەڤەوە. ئەوەشى وت "شەڕى قورس و بێ ئامانی رژێمى فاشیستیى تورکیا لە دژى گەشەسەندنی شۆڕش و شۆڕشگێڕیى کوردستان، کە لەلایەن رژێمى فاشیستیى تورکیاوە دەستیپێکردووە ٣ ساڵی تێپەڕاند. لەو ٣ ساڵەدا دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لەسەر بنەمای 'پلانى تێکشکاندن' و بۆ ئەوەى بتوانن ئەنجامێک بەدەست بهێنن، هەموو شێواز و رێبازە رووخێنەر و تێکدەرانەکانى فاشیزمیان بەکارهێنا. لە دژى رێبەر ئاپۆ دەستیان بە شەڕێکى قورس کرد، کە ئەو شەڕەیان بەدەرە لە هەموو یاسا و مافەکان و لە هیچ شوێنێکدا جێگاى نابێتەوە".

سوپاى تورکیا لە بەرامبەر گەریلادا تێکشکاوە

قەرەیلان ئەوەشى راگەیاندا، سوپاى تورکیا لە بەرامبەر گەریلادا و لە شەڕی زەمینیدا دۆڕاوە و بۆ ئەوەى دۆڕانەکەى و تێکشکانەکەى بشارێتەوە، پەناى بردووەتە بەر بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیایى سەربازیی هاوچەرخ. راشیگەیاند "سوپاى تورکیا لە شەڕ لە دژى گەریلا تێکشکاوە، ئێستا بە خەرجکردنى ملیارەها دۆلار شەڕی کوردستانى گۆڕیوە بۆ شەڕێکى تەکنەلۆژی. لەبەر ئەوەش تووشی خەرجییەکى زۆر بوون. دەوڵەتى تورکیا دواى ئەوەى زانیى لە شەڕدا تێکشکاوە، لە ئەیلولی ٢٠١٦دا بڕیاریدا کە ئیتر شەڕ بە ئامێر و کەرەستەى سەربازیى ئاسمانى درێژە پێبدات".

موراد قەرەیلان بۆ بیرخستنەوە باسی لە هەندێک لە لێدوان و وتەى بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا کرد، کە دەیانوت "لە نیسانی ٢٠١٧ بە دواوەوە ئیتر کەس باسى ناوى پەکەکەش ناکات، چونکە پەکەکە دەچێتە لاپەڕەکانى مێژوو و ون دەبێت" (ئەوە لێدوانى سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆى رژێمەکەى ئەردۆغان بوو). قەرەیلان لە بەردەوامیى شیکارییەکەیدا وتى "ساڵی ٢٠٠٧ و کاتێک بە هاوکاریى ئەمریکا فڕۆکەى بێفڕۆکەوانیان بەکارهێنا، یاشار بیوک ئانت سەرۆک ئەرکانى ئەو کاتى سوپاى تورکیا وتی 'بارەگاکانى پەکەکە بۆ ئێمە وەک بینیى ماڵێک ئاسان بوووەتەوە و یەک بە یەک چاودێرییان دەکەین و ئیتر کۆتاییان پێدەهێنین'. وەزیرەکان و بەرپرسانى ترى ئاکەپەش هەر بەو شێوەیە باسان لەوە کرد، کە گوایە پەکەکە لە ناو دەبەن و کۆتایى پێدەهێنن".

پەکەکە رۆحی کردووەتەوە بە بەر مێژوودا و رۆحی لە ناو گەلدا ئافراندووە

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، بزووتنەوەى پەکەکە پێش هەموو شتێک پشتبەستووە بە راستیى گەلێک کە رۆحی بە بەرمێژوودا کردووەتەوە و رۆحی لە مێژوودا چاندووە. راشیگەیاند "تاوەکو رەگی کۆمەڵگەى کوردستان لەسەر ئەم خاکە بوونی هەبێت و بمێنێت، تیۆری و بۆچوون و فەلسەفەى رێبەر ئاپۆش بەردەوامیى دەبێت. ئەوەی خەونی کۆمەڵگەى ئافراندەوە و کۆمەڵگەى گەیاندە ئەم ئاستەى ئێستای، ئەو بۆچوون و فەلسەفەیەیە".

  قەرەیلان وتیشی "ئەوەى ئێستا لە رۆژەڤدایە پاکتاوکردنى ئێمە، واتە پاکتاوکردنى پەکەکە نییە، چونکە ئەوان لە پاکتاوکردنى خۆیان دەترسن و بەهۆی ئەو ترسەشەوە سیاسەتى هێرشبەرانە و پەلاماردەرانەى لەو شێوەیە بەڕێوەدەبەن".

قەرەیلان ئاماژەى بە هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە و ئەرگەنەکۆن کرد و وتى "ئەو هێزانەى پێشتر لە دژی یەک بوون، بەڕێوەبردنى شەڕێکى قورسی بێ ئامانیان لە دژى گەلی کورد بە بەرژەوەندیى هاوبەشی خۆیان دەزانن. وتیان ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئەوا هەموویان پاکتاو دەبن. بەو شێوەیە نەک تەنها لە ناو سنوورى تورکیادا، بەڵکو بڕیاریاندا لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان و هەموو شوێنێکیتردا لە دژی پەکەکە و دەستکەوتەکانى گەلی شەڕ بکەن".

بە بەرخۆدانى عەفرین داگیرکەریى تورکیای قوڵپ بوویەوە

موراد قەرەیلان باسى ئەوەیکرد، رژێمى ئاکەپە – مەهەپە بەو شەڕەیان دەوت "شەڕی نوێی سەربەخۆیى تورکیا" و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "پێیان دەوت 'شەڕی مان و نەمان'ە. خۆیان دانیان بەوەدا نا کە ئەوەى پاکتاو دەکرێت پەکەکە نییە، بەڵکو ئەوەى پاکتاو دەکرێت پلانى دیکتاتۆری ئەردۆغان و سیستمى نەتەو – دەوڵەتی تورکە".

قەرەیلان باسى ئەوەشیکرد، دەوڵەتى تورکیا بەهۆى ئەوەى نەیتوانى لە بەرەنگاربوونەوەى گەریلادا سەربکەوێت، هێرش لە دژى عەفرینى خستە رۆژەڤەوە و دەیخواست لەو رێگەیەوە تێکشکاندنى خۆى بشارێتەوە. قەرەیلان وتى "وایان دەزانی بە هێرش و بۆردومانى چڕی فڕۆکەى جەنگى لە ماوەی ٣ رۆژەدا دەچنە عەفرین و داگیرى دەکەن و بەوەش ورەی خۆیان بەرز دەکەنەوە، تاوەکو  زیان بە بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان بگەیەنن، بەڵام لە پەنا گوێى خۆیاندا و لە عەفرین رووبەڕووی بەرخۆدانى سەردەم بوونەوە و نزیکەى ٣ هەزار سەرباز و چەتەیان کوژران. لە عەفرین بەرخۆدانێکى زۆر گەورە ئەنجامدرا، بۆیە نە بۆیان بووە دۆپینگ بۆ ورە وەرگرتن و موراڵی خۆیان، بۆیە عەفرین نە بووە رانتى سیاسی بۆیان و لە عەفرین هیچیان بەدەست نەهێنا. بەو شێوەیە ئابووریەکەیان زیانێکى زۆرى پێگەیشت و قوڵپ بوویەوە".

قەرەیلان راشیگەیاند "گەرچی ئێستا چوونەتە عەفرین، بەڵام تێکۆشانى گەل و شەڕڤانان لە عەفرین بەردەوامیى هەیە و بە تێکۆشانی ئازادى لە هەموو ناوچەیەکى کوردستاندا داگیرکەریى نەتەوە – دەوڵەتى تورکی فاشیست بە خێرایى بەرەو تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوە دەڕوات".

سیاسەتی ٣ رێبازەکەیان دوێنێ سەرنەکەوت و ئەمڕۆش سەرناکەوێت

قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە ئەوەی خستەڕوو، ئەو هێڵەى دەوڵەتى تورکیا بۆ خۆی کردوویەتییە بنەما، هێڵی ئیتحاد و تەرەقییە. ئەو سیاسەتە لەلایەن ئیتحاد و تەرەقی بە سیاسەتى 'سێ رێباز' لە سەردەمی کۆتایى عوسمانییەکاندا بەڕێوەچوو. ئەو ٣ رێبازەش بریتین لە، تورکبوون، ئیسلامبوون و عوسمانى بوون و هەوڵیاندا کۆمەڵگە لە خشتە ببەن و بەر بە هەڵوەشاندنەوەى ئیمپراتۆریى عوسمانى بگرن.

قەرەیلان ئەوەشى خستەڕوو، عەقڵییەتى نەتەوە – دەوڵەت بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و بۆ ئەوەى سیستمى دەوڵەتى فاشیستیى تورک رزگار بکەن بە تورکبوون و ئیسلامبوونی ئیتحاد و تەرەقی دەیانەوێت خەونى عوسمانیى نوێ بهێننە دی و ئەنجامێک بە دەست بهێنن.

ئەوەشى وت "هەر وەک ئیتحاد و تەرەقییەکان بۆ لابردنى لەمپەرەکانى بەردەمیان هەموو بەها و نۆرمەکانی مافەکانی مرۆڤیان پێشێل دەکرد، ئێستاش بەو عەقڵییەتەوە کرداری دڕندانە و تاوانبارانە ئەنجام دەدەن. بەڵام هەر چۆن ئەنوەر پاشا و تەلعەت پاشا بوون بە ژێر خەونی رزگارکردنى ئیمپراتۆریاى عوسمانییەوە، چارەنووسی ئەردۆغان، باخچەلی و خلوسی ئاکار هەر هاوشێوەى ئەوانى بەسەردا دێت. ئەو چارەنووسە ئەنجامێکى سروشتی و رەوتى مێژووییە و کەس ناتوانێت پێشی لێ بگرێت".

پێشەڕۆژ بۆ تێکۆشانى ئازادیى دیموکراسی دەبێت

قەرەیلان ئاماژەى بەوەکرد، تێکۆشانى گەلی کوردستان و گەلانى رەنجدەری تورکیا سیستمى فاشیستیى نەتەوە – دەوڵەت  تێکدەشێکێنت. ئاماژەى بەوەشکرد "ئێستا لە ناوچەکەدا شەڕێک روودەدات. ئەردۆغان لەو شەڕەدا قورسایى خستە سەر لایەنە هەڵەکە. پلانی ئەوەى داڕشت لەگەڵ رێکخستنى قاعیدەی وەک بەرەی نوسرە و داعش تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد سەرکوت بکات و سوریا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئەوەى بەسەردا شکایەوە. ئێستا باجی زۆر گەورە دەدات بە رووسیا و هەوڵ دەدات لە سوریا شوێنێک بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام ئەوەش لە درێژخایەندا بەردەوامیى نابێت. لە ماوەیەکى کورتدا دەستوەردانەکانیان لە سوریا و هێرشەکانیان لە دژى رۆژئاواى کوردستان بۆیان دەبێتە زۆنگاوێک. لە شەڕی ئێستاى هەرێمەکەدا گەلی کورد و بزووتنەوەکەى بوون بە ئاکتۆرێکى بنەڕەتى و سەرەکی".

قەرەیلان ئاماژەى بەوەشکرد، ئیتر کەس ناتوانێت گەلی کورد بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ساڵانى ١٩٢٠ و لەوبارەیەوە وتى "سەنگەر و قەڵا و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بە تێکۆشان بە دەستى هێناون بەهێز و تۆکمەن. گەلی کورد لە ئاستێکى گرنگدا هەلومەرجی ژیانێکى ئازادی لەسەر ئەم خاکە دێرینەدا ئافراندووە. هێز و هێرشی فاشیستییانەى ئەردۆغان بەشی گۆڕینى ئەو راستییە ناکات. هەڵمەت و قۆناغی شۆڕشگێڕی کە بە پێشەنگایەتیى رێبەر ئاپۆ لە کوردستان دەستیپێکردووە، گەیشتووەتە ئەو ئاستە، کە ببێتە شۆڕشێکى هەرێمى".

کابینەى نوێى حکومەت کابینەى شەڕ و توندڕەوەکانە

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە بەردەوامیى قسەکانیدا سەرنجى خستەسەر سیستمى تاکە پیاوی و سەربارى ناڕەزایەتیى نیوەى گەلانى تورکیا، ئەو سیستمە لەلایەن رژێمى ئەردۆغانەوە دروستکراوە. ئاشکرایە ئەردۆغان پشت بەوە دەبەستێت و شەڕیش قورستر دەکات.

قەرەیلان سەرنجیشى خستە سەر ئەوە، کابینەى حکومەتى نوێ بەپێى خواستى سیستمى تاکە پیاوی دامەزراوە و لەوبارەیەوە وتى "بۆ ئەوەى شەڕ لە دژى ئێمە سستیى تێنەکەوێت، ئەو وەزیرانەى شەڕەکە لە دژى ئێمە بەڕێوەدەبەن لەسەر کار مانەوە و نەگۆڕدران. ئەوەى کراوەتە وەزیرى بەرگری رێکخەری شەڕەکە بوو و دیسانیش هەر بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بەو شەڕە. ئەوە روونە و دەەزانرێت کە ئەو کەسایەتییە کەسێکى نەژادپەرست و دوژمنێکى کوردە. حکومەتى نوێ، حکومەتی شەڕ و توندڕەوەکانە. ئەوەش ئاشکرایە لەم قۆناغە نوێیەدا هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن، کە سیستمە فاشیستییەکەیان لە هەموو شوێنێکدا جێگیر و هەمیشەیى بکەن. هاوکات بەبێ راوەستان و بە بەردەوامى هێرش دەکەنە سەر هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تایبەتى بزووتنەوەى ئازادیى کورد و هێزە چەپ – سۆسیالیست و عەلەوییەکان و گەلی کوردستان".

ئێمە دەتوانین بە بەرخۆدانەکەمان دوژمن پەرتەوازە و سەرگەردان بکەین

قەرەیلان رایگەیاند، وەک گەل و بزووتنەوە دەبێت لەو راستییە تێبگەین و لە هەموو شوێن و لایەن و روویەکەوە خۆمانى بۆ ئامادە بکەین. راشیگەیاند "ئەرکی بنەڕەتى و سەرەکیمان ئەوەیە بە شێوازێک شەڕ رێکبخەین، کە بە بەرفراوانى شەڕ لە دژی دوژمن گەشتر بکەین و دوژمن تێکبشکێنن. ئەوەش بەرخۆدانى بنەڕەتی و ئاستى نوێى بەرخۆدانە. ئەگەر ئێمە بەپێى ئەزموومەنى ٣٤ ساڵەى گەریلا شێواز و رێبازەکانى شەڕ بەرێوەببەین و بەپێى پێویستیى سەردەم بەشێوەیەکى بنەڕەتى گۆڕانکارییان تیادا ئەنجام بدەین و بە باشی تێبگەین و بە دروستى جێبەجێى بکەین، ئەو کات ئێمە دەتوانین لەو شەڕەدا دوژمن پارچە پارچە و پەرتەوازە و سەرگەردان بکەین".

دەوڵەتى کۆماری تورکیا ناتوانێت لە کوردستان لە قەڵا و زرێپۆشەکانی بێتەدەرەوە

موراد قەرەیلان رایگەیاند، سوپا و دەوڵەتى تورکیا لە شەڕی چەکداریى ٣٤ ساڵەدا هەموو شێواز و ریگایەکیان گرتەبەر، بەڵام نەیانتوانى ئەنجامێک بەدەست بهێنن و ئێستا دەستبەرداری کۆنترۆڵکردنى چەندین ناوچەى کوردستان بوون.

قەرەیلان لەوبارەیەوە راشیگەیاند "ئێستا لە کوردستاندان، بەڵام وەک دەوڵەتێکى داگیرکەر بوونیان هەیە. چۆن دەتوانێت لە کوردستاندا بمێنێتەوە؟ لە بنکە سەربازییەکانیان کە وەک قەڵا دروستیانکردوون، لە پشت دیوارەکان کە وەک بورج و قسڵە دروستیان کردوون، لە دیوارە کۆنکرێتییەکان لە ژێر عەرزدا و لە بورجە بەرزەکان لە ئاسمانەوە لە رێگەى فڕۆکەى چاودێرییەوە ناوچەکان کۆنترۆڵ دەکەن. ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە شارەکانى کوردستاندایە، بەڵام چۆن لە شارەکاندایە؟ لە ناو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە جۆراجۆرەکان و لە ناو تانکەکاندان. ئەوە نیشانەى چییە؟ ئەگەر دەوڵەتێک لە وڵاتێکدا لەو دۆخەدا بێت، ئەو کات ئەو دەوڵەتە کۆتایى پێهاتووە و تێکشکاوە. یانى دەوڵەتى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر بە تەنها بە زۆری سەربازەکان بوونی هەیە. بەڵام ئێستا کەوتووەتە دۆخێکى لەو جۆرە کە ئیتر بە زۆر و زۆرداریى سەربازەکانیش ناتوانێت بمێنێتەوە. تەنها لە سایەى تەکنەلۆژیاى پێشکەوتوی سەربازى و سیخوڕییەوە خۆى لەسەر پێ راگرتووە".  

لە رێگەى دوژمنایەتیکردنى کوردەوە هیچیان دەست ناکەوێت

قەرەیلان ئاماژەى بە هەوڵەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ دەرچوون لەو دۆخە کرد و وتى "دەوڵەتى تورکیا باش لەوە تێگەیشتوە، کە تەنها بە داگیرکردنى باکوورى کوردستان ناتوانێت سەرکەوتن دەستەبەر بکات. بۆیە هەوڵ دەدات بە داگیرکردنى پارچەکانى تر لاوازییەکەى خۆی نەهێڵێت و خۆى بەهێز بکات. روون و ئاشکرایە ئەو سیاسەتە داگیرکەرییە تورکیا زیاتر دەخاتە زلکاوەوە. دەوڵەتى تورکیا هەرگیز لە رێگەى دوژمنایەتیکردنى کوردەوە نەیتوانیوە کاریگەری لەسەر هەرێمەکە دروست بکات. گەلی کورد یەکێک لە بەهێزترین دینامیکە بەردەوامەکانى هەرێمەکەیە، بۆیە دەوڵەت تورک و عەقڵییەتى دوژمنکارانەى ئاکەپە ناتوانێت لە رێگەى دوژمنایەتیکردنى کوردەوە هیچ بەدەست بهێنن. سەربارى ئەوەى رێبەرەکەمان و بزووتنەوەکەمان چەندینجار ئەوەیان باسکردووە، بەڵام بەرێوەبەرانى ئاکەپە تەنها بۆ ئەوەى لەسەر دەسەڵات بمێننەوە و درێژە بە دیکتاتۆریی فاشیستییانەى خۆیان بدەن، پێداگری لەسەر رۆیشتن بەو رێگا داخراوەدا دەکەن. ئەو رێگایە بە ڕوویاندا داخراوە و هەر چەند هەوڵیشی بۆ بدەن، دیسانەوە ئەوە راستییە و ناگۆڕێت و رێگاکەیان بۆ ناکرێتەوە".

قەرەیلان وتیشی "ئەگەر سەربازەکانى سوپاى تورکیا، فڕۆکەى چاودێری، فڕۆکەى جەنگى، کۆپتەرى جەنگیى کۆبرا بەسەر سەریانەوە نەسوڕێنەوە و لە ئاسمانەوە پشتیوانییان نەکەن، ناتوانن یەک هەنگاو بۆ یەک شوێن هەڵگرن. سەربارى ئەوەى کە بەو رادەیە ئامێر و کەرەستەى تەکنەلۆژیایى پیشکەوتو و هاوچەرخیان لەبەردەستدایە، دیسانەوە ناتوانن بەرەوپێش بڕۆن. تەنها بە بۆردومانکردنى چڕ و لە دواى ئەوەى بۆیان دەرکەوت کە کەس لەو شوێنەدا نییە، دەڕۆن بۆ ئەو شوێنە. رۆژئاوا و باشووری کوردستان لەلایەک، ئێستا لە باکووری کوردستانیش بەبێ هێزى ئاسمانى ناتوانن ئۆپراسیۆن لە گردێکیش ئەنجام بدەن. دەوڵەتێک تەنها لە رێگەى هێزى ئاسمانییەوە لە ناو خۆی خۆیدا حکوم بەسەر چیاکاندا بکات، ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکى تێکشکاو و داڕوخاوە".

 

سوپاى تورکیا بووە بە سوپاى چەتەکان و میلیشیاکان

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لەبارەى دۆخى ئێستاى دەوڵەتى تورکیاوە وتى "بەشێکى گرنگ لە سوپاى فەرمیى ئێستا لە دەرەوەى شەڕەکەیە. بە هێزە میلیشیاییەکان و ئەوانەى بە پارە شەڕ دەکەن، واتە ئەوانەى کە پێیان دەڵێن JOH-POH  شەڕەکە بەڕێوەدەبەن و دەیانەوێت شەڕ بکەن (JOH واتە هێزى جوڵەى تایبەتى جەندرمە – POH واتە هێزى جوڵەتى تایبەتى پۆلیس). لەبەر ئەوەى لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا رێککەوتننامەیەکیان واژۆکردووە و بەپێى رێککەوتنامەکە دەبێت بنەماڵەکان لەکاتى کوژرانى منداڵەکانیان لە شەڕدا بێدەنگ بن و قسە نەکەن".

قەرەیلان وتیشی "دەوڵەتى تورکیا بەشێک لە چەتەکانى پاشماوەى قاعیدە لە سوریا هێناوە بۆ کوردستان و شەڕیان پێدەکات. لەو رێگەیەوە هەوڵ دەدەن بۆشایى چەکداریى خۆیان پڕبکەنەوە. خۆی لە خۆیدا هێزە ئاساییەکانى سوپایان خستە دەرەوەى شەڕەکە. ئەو هێزە ئاساییە تەنها لە بنکە سەربازییەکاندا و بۆ پاراستنى هێڵەکانى ناوخۆ ئەرکدارکراون. شەڕ بە قورسی لەلایەن هێزە میلیشیاییەکان و ئەو چەتانەوە بەڕێوەدەبەن، کە لە سوریا دروستیان کردبوون".

موراد قەرەیلان باسى ئەوەشیکرد، نە چەتە پاشماوەکانى قاعیدە و نە هێزە میلیشیاکان، کە پێیان دەڵێن "سەربازی پسپۆڕ" لە شەڕدا قورسایى و پێگەیان نییە. وتیشی "دەوڵەتى تورک شەڕی ئێستا بە هەواڵگری و تەکنەلۆژیا بەڕێوەدەبات. ئەو کادیرانەى سوپا کە لەسەر مێز دانیشتون، دەیانەوێت بە کاری هەواڵگری و تەکنەلۆژیا ئەنجامێک بەدەست بهێنن. یانى هێزى زەمینى لە دواى ئەوەى فڕۆکەى چاودێرى و جەنگى لەلایەن ئەوانەى لەسەر مێزەکان دانیشتون خرانەکار و ناوچەیەکیان پێ بۆردومانکردن، ئەو کات هێزى زەمینى دەنێرن بۆ ئەو شوێنە تاوەکو کۆنترۆڵی بکات. روونە، ئەوە شەڕی راستەقینە نییە. شەڕ و شەڕڤانى راستەقینە وەک جەنگاوەران لە رێگەى شەڕکردنەوە ئامانجەکەى خۆیان کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵام ئەوانەى ئەو شەڕە دەکەن بەجۆرە نین و ئەو شەڕەى کە ئەنجامى دەدەن زۆر دوورە لە راستیى شەڕ و جەنگاوەرییەوە".

ئێمە بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی لە شەڕدا سەردەکەوین

قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە دەستنیشانیکرد، بە شەڕێکى سەرکەوتوانەى گەلی شۆڕشگێرانە دەتوانن تێکۆشانەکەیان سەربخەن و وتى "بەڵام مەرجی یەکەمی ئەوەیە، کە قۆناغەکە باش خوێندنەوەى بۆ کرابێت، بە باشی لەلایەنی سەربازی و خودی قۆناغەکە تێگەیشتبین و ئەوەش بیخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە".

قەرەیلان وتیشی، لەم سەردەمە زۆر گرنگە مێژووییەدا بە تێکۆشان و گەشانەوەی شەڕی گەریلایى بە خۆگەیاندن بە ئاستى رێنمانییەکانى شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی و تێگەیشتن لێیان سەرکەوتن بە دەست دەهێنن.

 قەرەیلان ئەوەشى وت "ئەگەر شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بە کردەوە لە کوردستاندا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا شەپۆلی فاشیستیى پاکتاوکار و قڕکەری ئاکەپە – مەهەپە و ئەرگەنەکۆن تێکدەشکێت".

موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە کۆتایى شیکارییەکەیدا وتى "ئیدى کاریگەریى شەڕ تەنها بەسەر کوردستانەوە دیار نابێت، چونکە ئەو رووداوانەى کە ئێستا لە تورکیا روو دەدەن رێگا بەرەو گۆڕانکارییەکى دیموکراسییانە دەکەنەوە و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیشدا رێگا خۆش دەکەن بۆ قۆناغێکى نوێى شۆڕشگێڕی".

ر.م