قەرەیلان: گەریلا پێشەنگایەتیی هەنگاوەکە دەکات -٢-

موراد قەرەیلان رایگەیاند: گەریلا سەرکێشی هەنگاوەکە دەکات و دەبێتە پێشەنگ. چ هێزە ڕەواکانی پاراستنی ناو کۆمەڵگا و چ هێزەکانی گەریلا، هەموو هێزەکانی پاراستن لەم هەنگاوەدا ڕۆڵی پێشەنگ دەبینن.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لەبارەی پێشهاتەکان بۆ رادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد.

"هەڵدانە خوارەوە لە کۆپتەر تیرۆری دەوڵەتە"

قەرەیلان لەبارەی سەروەت تورگوت، کە لە وان لە کۆپتەر لەلایەن سەربازانی تورکەوە هەڵدرایە خوارەوە و شەهید بوو وتی، "ئەوە تیرۆری دەوڵەتە. ئێمە ئەوەمان بینی، ئەوان بۆ خۆیان تیرۆر دەکەن، ٣٧ مرۆڤ شەهید دەکەن، دوای ٦ ساڵ هەدەپەییەکان دەستگیر و زیندانی دەکات، دەڵێت "ئێوە تاوانبارن"، بەڵام ئەوەى لە گۆڕێدایە تیرۆری دەوڵەتە. هەروەها دەوڵەتێکیشە کە هیچ یاسا و پێوەرێکیش قبوڵ ناکات، لە کوێی جیهان دا مرۆڤێک، هەم مرۆڤێکی ئاسایی کە لە گوندەکەى خۆیدا کار دەکات لە کۆپتەرەوە هەڵدراوەتە خوارەوە! بەڵام داگیرکەریی تورک لە وڵاتەکەى ئێمەدا لە کوردستان تۆقاندن و توندوتیژی ئەنجام دەدات و پێشی دەخات، پێشتریش ئەوەى کردبوو. یان مرۆڤی ئێمە بۆ ئەوەى وڵاتپارێزن، لەبەر ئەوە خۆیان نەفرۆشتووە، لەبەر ئەوەى لەسەر ناسنامەى خۆیان ماونەتەوە ئەو دڕندەییەیان بەرامبەر دەکرێت. تاکە تاوانی ئەوان کوردبوونە".

"نابێت هیچ کەسێک بێدەنگ بێت"

قەرەیلان یادی عەلی بوچناکی تەمەن ٧٦ ساڵی کردەوە، کە لە زیندان شەهید بوو و وتی، "ئەو شەهیدی ئێمەیە. داگیرکەری تورک بۆ ئەویان زیندانیکردبوو؟ لەبەر ئەوە بە کوردی مەولودی خوێندبووە. یان لەبەر ئەوە ئەرکە ئایینییەکانی بە کوردی ئەنجامدابوو، مرۆڤێکی ٧٦ ساڵ دەخەنە زیندان و لە زیندان گیانی لە دەست دەدات".

قەرەیلان وتی، "نابێت هیچ کەسێک بەرامبەر ئەو زوڵمە بێدەنگ بێت، کێ چاوی خۆی لەو زوڵمە بنوقێنێت، خۆی بێدەنگ بکات، ئەوە بە مانای ئەوەیە لە دین دەرچووە. ئەو کەسە ناتوانێت بڵێت 'من مرۆڤم'. دەبێت هەموو کەسە خاوەن ویژدان، ئیمان و کەرامەتەکان لە دژی ئەو دڕندەییە تێبکۆشن".

"سەروەت تورگوت شەهیدی شۆڕشە"

قەرەیلان وتیشی، "لێرەدا من سەرەخۆشی لە بنەماڵەى هێژای سەروەت تورگوت و هەموو گەلی کوردستان دەکەم، ئەو شەهیدی شۆڕشە. لە بەر ئەوەى خۆی نەفرۆشت بە دوژمن بە شێوەیەکى دڕندانە شەهیدیان کرد. ئەو شەهیدی ئەم رێگایەیە، شەهیدی ئێمەیە. ئەو بەڵێن و پەیمانەى بە شەهیدانمان داوە، ئێمە لە کەسایەتیی سەروەت تورگوت دا دووبارەی دەکەینەوە و بە دڵنیاییەوە تۆڵەیان دەسەنرێتەوە، خوێنیان لەسەر عەرز نامێنێتەوە و بە فیڕۆ ناچێت. بەو بۆنەیەوە بە عوسمان شیبان-یش دەڵێم، کەفارەت بێت و هیوای چاکبوونەوەى بۆ دەخوازم. هەر ئێستاش نەخۆشە و هێشتا هۆشی نەهاتووەتەوە سەر خۆی. ئێمە هیوادارین کە چاک ببێتەوە. گەلەکەمان لە وان، گەلەکەمان لە شاخێ وڵاتپارێزن، لەسەر ناسنامەى خۆیان ماونەتەوە و دەمێننەوە. دەیانەوێت بەو کارە بەو مرۆڤانە بڵێن، دەبنە ئامانجی دوژمن. بۆیە دەبێت لەسەر رێگای شەهیدان بڕۆن و درێژەی پێ بدەن، بەڵام گەلی شاخ و وان، بە تایبەتی بنەماڵەى ئەو شەهیدە هێژایە، دەبێت سەربەرز بن، چونکە ئەوان سەری خۆیان نەچەماند، بۆیە لەلایەن دوژمنەوە کرایە ئامانج. ئەوە بۆ ئەوانیش و بۆ شەهیدەکانیشمان شکۆ و کەرامەتێکی گەورەیە".

"شەڕی پڕوپاگەندە بۆ رەشکردن بەڕێوەدەبەن"

قەرەیلان لەبارەى شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان و لەبارەی ئەوەى لە راگەیاندنەکانی شەڕی تایبەتی تورک دا دەوترێت، کە گوایە ئەوان ٣٠٠ شەڕڤانیان ناردووە بۆ قەرەباغی سەروو، وتی، "لەبارەی ئەو شەڕەوە زۆرێک پڕوپاگەندەی ناشیرین و رەش دەکەن و راستییەکان دەشارنەوە. وادیارە دەوڵەتى تورک و ئازەربایجان خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردووە. بۆ ئەوەش لە سوریاوە چەتەیان برد بۆ ئازەربایجان، هەروەها فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی جۆری چاودێریی (ئیها - ÎHA) و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەر لە جۆری (سیها - SÎHA) و .... هتد و چەکیان بردووە بۆ ئازەربایجان. لەگەڵ ئەوەشدا و پێش ئەوەى ئەو شەڕە دەستپێبکات، هەواڵیان دروستکرد و وتیان، کە گوایە ٣٠٠ گەریلای پەکەکە رۆیشتوون بۆ ئەرمینیا. یانی بوارێکیان بۆ ئەوە رەخساند و دوای ئەوە دەستیان بە هێرشکرد. یانی ئەوە هێرشێکی بە پلان و بەرنامە بۆ دانراوە، رێکخستنکراوە و ئامادەکاریی بۆ کراوە و هێرشێکی پلان بۆدانراویان بۆ سەر ئەرمینیا دەستپێکرد. رووسیا بە هۆی رەچاکردنی هاوسەنگی لە سیاسەتی خۆیدا رێگای بەوە داوە. یانی سیاسەتی رووسیاش سوودوەرگرتنە. هەر خۆی دەوڵەتى تورکی فاشیست هەموو کات لە ناوچەکەدا سوودی لە سیاسەتەکانی رووسیا وەرگرتووە و دەیەوێت بەوە ببێتە باڵادەست لە ناوچەکەدا. بە کورتی ئەوە دەبینرێت، کە هەندێک پلان و حساباتی رووسیا بۆ سەر ناوچەکە هەیە، بۆیە بە تەواوی لە دژیان ناوەستێتەوە. دەوڵەتی تورکیش ئەوە دەبینێت و لەو بێدەنگییەدا لە دژی ئەرمینیا هەنگاوێکی هەڵگرتووە.

"سەربازی ئاپۆیی بۆ خاتری هیچ کەسێک ناچێت بۆ هیچ شوێنێک و لەسەر حسابی هیچ کەسیش شەڕ ناکات"

لەبارەی ئەو بابەتەوە و لە بابەتی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەکەمان، با من سەرەتا ئەوە بڵێم: سەربازی ئاپۆیی خاوەنی ئایدۆلۆژیا و بنەما و پێوەرە، بۆ خاتری هیچ کەسێک یان بۆ پارە ناچێت بۆ هیچ ناوچەیەک و لەسەر حسابی هیچ کەسێک شەڕ ناکات، بەڵام ئەگەر بەپێی رێنوێنیی ئایدۆلۆژیمان بێت، بێگومان ئێمە دەتوانین پشتیوانی لە هەندێک هێز بکەین، بەڵام ئێستا لە ئەرمینیا دۆخێکی لەو شێوەیە لە گۆڕێدا نییە. پێش هەموو شتێک بەڕێوەبەریی دەوڵەتی ئەرمینیا لە دژی دەوڵەتی تورک، یان هێزەکانی دەرەوە، لە دۆخی بەڕێوەبەرییەکی وەهادا نییە، کە خۆی بکاتە ئیرادە. ئێمە هەوڵێکی لەو شێوەیەمان لەوان نەبینیوە.  یان ئێمە ئەوەمان نەبینیوە، کە بە هەڵوێستی سیاسییانە خۆی بکاتە خاوەن ئیرادە، خۆی بەهێز بکات و سیاسەتێکی لەو شێوەیە و بەرچاو بۆ پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد و بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی بخاتەڕوو. زیاتر لەوەى، کە لە ژێر سایەی هێزەکانی دەرەوەدا بن، هەوڵ بدەن بە سیاسەتی نەرم خۆیان بە قبوڵکردن بدەن و ئێستاش دەبینین، کە بە سیاسەتێکی لەو جۆرە ئەنجام بە دەست دەهێنن".

هەواڵی "رۆیشتنی ٣٠٠ گەریلا بۆ ئەرمینیا" درۆیە

قەرەیلان وتی، "ئەگەر ئەرمینیا سیاسەتی بکردایە، هاوپەیمانیی دروستبکردایە، بێگومان دەکرا دۆخەکە جیاوازتر بوایە. بۆ نمونە، ئەگەر لەگەڵ تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و پەکەکە پەیوەندیی بەهێز بکردایە ئەوا لە دژی دەوڵەتی تورک بەهێزتر دەبوو، بەڵام ئەرمینیا ئەو سیاسەتەى نییە. لەبەر ئەوەش، ئەو هەواڵانەى کە دەڵێن، ٣٠٠ گەریلای پەکەکە و هەندێکجاریش دەڵێن، یەپەگە بە تەواوی لەوێیە، درۆیە. ئەو هەواڵە لەسەر مێزدا ئامادە کراوە و هیچ بنەمایەکی نییە.

هەروەها بۆ ئەوەی، کە دەوترێت ئەفسەرێکی ئەرمنی لەگەڵ من لە پەیوەندییەکی دۆستانەدایە، هەر لەو چوارچێوەیەدایە. بێگومان من دەڵخۆش دەبم، کە لەگەڵ کەسایەتییەکی ئەرمەنیدا پەیوەندیی دۆستانەم هەبێت، من لە ناو گەلی ئەرمەندا دۆست و هاوڕێم هەیە، ئەویش کۆمەڵگەیەکە، کە وەک ئێمە زوڵمی لێکراوە و زیانی بەرکەوتووە و سیاسەتی ئیتحاد و تەرەقی کۆمەڵکوژیکردوون. ئێمەش ئێستا لە بەردەمی چەقۆکەداین. یانی چارەنووسمان لە یەکترەوە نزیکە. لەبەر ئەوەش، من دڵخۆش دەبم کە لەگەڵ مرۆڤێکی ئەرمەنیدا ببم بە دۆست، کە بەو شێوەیە دەوترێت، بەڵام لە راستیدا شتێکی وەها لە گۆڕێدا نییە. هەر وەک وتم، من لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەرکداری ئەرمینیدا هیچ پەیوەندییەکی دۆستانەم نییە. بە شەخسی خۆم هیچ ئەفسەرێک ناناسم. ئەو درۆیانە هەموویان لەسەر مێز ئامادەکراون و بە تەواوەتی لە چوارچێوەی شەڕی دەروونیدایە بۆ پڕوپاگەندەی رەشکردن ئامادە کراون. لەوەوە دەردەکەوێت، ئەوان پلانی قێزەون و چەپەڵیان بۆ ئەرمینیا هەیە. بۆ ئەوەى ئەو پلانەیان سەربکەوێت ئەو درۆیانەیان خستووەتە پاڵ یەک و بڵاویان کردووونەتەوە".

"دەیانەوێت باشووری کوردستان داگیر بکەن، دەیانەوێت ئەوەش بە هاوکاریی پەدەکە بکەن"

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لە کۆتایدا لەبارەى جەنگی حەفتانینەوە دوا و وتی:

"شەڕی حەفتانین و قارەمانیی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، کە لەوێ چەندەها داستانی تۆمار کردووە، جێی خۆی لە ناو مێژوودا کردووەتەوە، بەڵام ئەو شەڕە هێشتا بەردەوامیی هەیە. لە دۆخی ئێستادا داگیرکەری تورک رەنگە هەندێک گردی گرتبێبت و لە هەوڵی ئەوەدان، کە رێگا ببەن بۆ ئەو شوێنانە. هەروەها ئەو رێگایەى لە قلابانەوە هاتووە لە هەموو گردەکانەوە دەبینرێت. پێشتریش وتبووم، ناتوانن بە بەردەوامی بە کۆپتەر هاتوچۆ بکەن، چونکە گەریلا ناوە ناوە لێیاندەدات. لەبەر ئەوەش ئێستا دەیانەوێت رێگا دروست بکەن. بۆ ئەوەش خەریکی خەرجکردنێکی زۆرن. ئێمە هەموو کات ئەوەمان وتوە، ئەوان پلانی درێژخایەنیان هەیە و بیر لە دوارۆژێکی دوور دەکەنەوە. دیسانەوە دەیانەوێت باشووری کوردستان داگیر بکەن. بە داخەوە دەیانەوێت ئەوەش بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەنجام بدەن. هێڵی ئەو هاوکارییەی لە کوردستاندا هەیە، راستیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری دەخاتەبەرچاو، لە دژی ئەوەش هەڵوێست پێشناخرێت و دەوڵەتی تورک هەر خۆی سوود لەوە وەردەگرێت و رووی راستەقینەى دژایەتیکردن لە دژی گەلی کورد و پێگە و قەوارەی گەلی کورد نیشان دەدات. هەروەها دەوڵەتی تورک لە رێگەى ئەو سیاسەتی هاوکارییەوە خۆی دەشارێتەوە. تەنانەت لەو چوارچێوەیەدا دەستی بە هەوڵەکانی خۆی بۆ شاردنەوەى هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی کردووە. بە کورتی ئەوە سیاسەتێکی هەڵەیە و لە دژی پێگە و کیانی رۆژئاوایە، سیاسەتێک نییە کە لە خزمەتی گەلی کورددا بێت. ئەوە روون و ئاشکرایە، 'دەوڵەتی تورک دۆستە' هەڵەکەیە. دیسانەوە دەوڵەتى تورک، ئەردۆغان – باخچەلی و ئەرگەنەکۆن دۆستی گەلی کورد نین. هاوکاریش بکەن، هەر دۆست نین. مێژووەکەیان دیارە. ئەوانەى هاوکاریی ئەوان دەکەن تاوەکو شوێنێک دەڕۆن، دوای ئەوەى کارەکەیان کۆتایی هات و کاریان پێ نەما پاکتاوی دەکەن. ئەمڕۆش هەمان ئەو شتە دەکەن.

"شەڕی گەریلا لە دژی داگیرکەریی تورک لە حەفتانین دژوارتر دەبێت"

شەڕی گەریلا لە دژی داگیرکەریی تورک لە حەفتانین دژوارتر دەبێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت خۆیان لە ناوچەکەدا جێگیر بکەن. گەریلاش رێگا بەوە نادات هێزی خۆیان بۆ هەتاهەتایە جێگیر بکەن. هەروەها گەریلا لەوێیە. وتنی ئەوەی 'ئێمە هەموو حەفتانینمان داگیرکردووە و پەکەکە لەوێ نەماوە' راست نییە. ئەگەر پەکەکە لەوێ نییە، ئەی ئەوە چۆنە هەموو رۆژێک سەربازەکانتان لەوێ دەکوژرێن!. ئەمڕۆ خۆیان دانیان بەوەدا نا، کە سەربازێکیان کوژراوە. یانی شتی وەها نییە، گەریلا لە حەفتانینە و بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. ئەو ئامارانەى دەوڵەتی تورک بڵاویان دەکاتەوە راست نین. بۆ فریودانی رای گشتی بڵاویان دەکاتەوە. راستییەکە ئەوەیە، ئێستا بۆ ئەوەى بکشێنەوە دەستیان بە هەوڵ کردووە و بۆ ئەوەش دەیانەوێت رێگاکەى بە تورکیاوە ببەستنەوە.

ئێستا لە سوریاوە ٣٠٠ چەتەیان هێناوە. پێشتریش هەندێک چەتەى کوردیان هێنابوو. جەردەوان و جاشیشیان هێنابوو، کۆنترایان هێنابوو. چەتەکانی کورد و چەتەکانی عەرەب و هەندێک هێزی تری میلیشیاییان هێنابوو. دەیانەوێت بەو چەتە و جاش و میلیشیانەوە و بە پشتیوانیی تەکنەلۆژیای سەربازی خۆیان جێگیر بکەن، بەڵام گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لەسەر بنەمای ئیرادە و ورەی گەلی کورد بێدەنگ نابێت و بەرخودانەکەى خۆی زیاتر بەهێزتر دەکات. بە دڵنیاییەوە بەرخودانی جەنگی حەفتانین بەهێزتر و گەورەتر بەردەوام دەبێت".

ژ.ت