''قەندیلی لانکەی شۆڕش لە پێشوازیی تێکۆشەراندا بوو"

پێشمەرگە پیرۆزترینە بۆ گەلەکەمان، واتە ئەو کەسەی هەر یەکێکمان ئاشقی هەڵوێستی بووین. ئەوانەی بە خوێنی خۆیان ئەمڕۆیان بۆ فەراهەم کردین، ئێستاش ڕوویان لە لانکەی تێکۆشان، واتە قەندیلی قەڵای خۆڕاگریی کوردان کردووە.

''دوای ٣٠ ساڵ گەڕاینەوە لانکەی تێکۆشانمان''

سەربەرزی لوتکەی شاخەکانی قەندیل پێداگیری لە خۆڕاگریی ئەم نیشتمانە دەکەن، زوڵاڵی کانیاوەکانی نیشاندەری ئەوەن نیشتمانی دایك لە سنگی فراوانی خۆیەوە ئاوی سازگاری هەڵدەقوڵێنێ و دیاری جوانترین ڕۆڵەکانی سەر ئەم بستە خاکانەی دەکات، دار بەڕوەکانی شایەتی هەزاران باز و تەواری ئەم گەلە بوونە، ڕەگ و ڕیشەیان بە سەدان جار سوتێنراوە، بەڵام بە ئەندازەیەك ئەوینداری ژیانن، بە شێوەێك وابەستەی خاك و گەلەکەیانن لەگەڵ هەر بەهارێکدا لەگەڵ یەکەم هەورە بروسکەدا دەست دەکەن بە چرۆ کردنی هیوا و دووبارە ئەم بنارە جوانتر و جوانتر دەکەن. ژنەکانی ئێرە چاویان لە ڕێگای گەڕانەوەی هاوسەر و خوشك و برا و کەسوکارە و خۆشیان بە هەموو شۆخ و شەنگی و جوانییەکانیانەوە بوێری و نەبەردی لە چاوەکانیان دەتکێ... کێ دەزانێ بەم دەستە ڕەنجدەرانەیان چەند تێکۆشەری ئەم وڵاتەیان گۆش کردووە؟! بە تەمەنەکانی ئێرە بیرەوەریەکانیان بارتەقای مێژووی نەتەوەیەك، هیواکانیشیان زۆرن بە ئەندازەی بەرزی و خۆڕاگریی لوتکە بەفرینەکان. گەنجەکانی ئەم بنارە هەموو ڕۆژێک بە بیرەوەریی جوانیی تێکۆشەرانی ڕابردوو و ئێستا لەگەڵ یەکەم گزنگی بەیانی چاو هەڵدێنن...، منداڵەکانیش لەگەڵ بیرەوەرییە ڕەنگاڵەکاندا دونیاێکی ڕەنگین دروست دەکەن. بەڵی ئەوە پێشمەرگەیە؛ ئەوەی کە پێش مەرگ دەکەوێت و گیانی فیدا دەکات... ئەوەتا بە زمان و دەمی خۆیان دەڵێن: "دوای ٣٠ ساڵ بەهۆی ئەوین و خۆشەویستیمان بۆ خاوەنداریکردن لە قەڵاکەمان، واتە بۆ قەندیل هاتینەوە''.

''بەیەك دەنگ دەڵێن: هەر کوردبووین و هەر کورد دەبین''

دوێنێ کۆمەڵێك پێشمەرگەی دێرین ڕوویان لە قەندیلی کۆڵنەدەر کرد، دیمەنێکی ئەوەندە جوان بوو کە دەتبینی تێکۆشەرانی ڕابردوو و خاوەن هەڵوێستەکانی ئێستا دەستیان خستووەتە ناو دەستی گەنجە فیداکارەکانی باشووری وڵات کە بوونەتە قەڵخانی مرۆیى (زیندوو) بۆ بەرگری لە خاکی نیشتمانی دایك. بەوەش دیمەن و پەیامی جوانی خۆڕاگرییان خستەوەڕوو. پێشمەرگەکان بە جلی کوردی و بە تاقم و تفەنگی شەرەفی وڵاتەوە لە ژێر ئاڵای پەکەکە، هەپەگە، یەژاستار و وێنەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وێنەى شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد پێکەوە بوونە زلـلەیەك بۆ دوژمن و بۆ نیشتمانیش گەورەترین پەیامی یەکگرتن و یەکێتی بوو.

 هەستم دەکرد لەو کاتەدا بە سیمای وێنەی شەهیدەکانەوە ئاسوودەییەک دیارە؛ لە لێواری وێنەکانەوە دەنگێك دەردەکەوێت وەك بڵێیت، بانگ دەکات و بڵێت ئاسودەین، ئاسودەین چونکە چاو لە ڕێگا نین و تۆڵەمان دەسێنرێتەوە. لەم لاشەوە ئاڵاکان سەربەرزانەتر دەشەکانەوە، جیاوازتر لە هەمووشیان وێنە پڕ لە شکۆکەی ئاپۆی وڵات بوو، کە بە جوانییەکی جیاوازەوە لەم پێشمەرگانەی دەڕوانی، وەك بڵێیت دەیەوێت پێیان بڵێت: ''خاوەن هەڵوێستی ڕاستەقینە ئێوەن، لە ڕابردوشدا وتبووم باشووری کوردستان قەڵای خۆڕاگری و سەرکەوتنە بۆ کوردستان و ناوچەکە....''.

ئەوان بەدوای ڕەنگی ئاڵای پارتەکانەوە نین، لای ئەوان کام کەس بەرپرس و سەرۆکە گرنگ نییە، بۆ ئەوان تەنها شتێك گرنگە ئەویش شەکاوەیی ئاڵای وڵات و ئازادیی خاک و نیشتمان و گەلە، چونکە ئەوان دەڵێن، ئێمە بەڵێنمان بە هاوڕێ شەهیدەکانمان و بە بریندارانی سەنگەرداوە، کە ''هەر کوردبین و هەر کورد دەبین.....''. ئێمە بەوانمان نەگوتبوو کە ڕۆژێ دەسکەوتێ فەراهەم بوو سرودی نیشتمانیی و نەتەوەی وڵاتەکەمان نەڵێینەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەر دوژمنانی وڵات ئەم دەنگە عەرشی ئاسمانەکان بهەژێنێت...!. بەڵام ئەوەتا گەنجەکانی داهاتووی ژیانی ئەم وڵاتە و تێکۆشەرانی ئەمڕۆ بە سرودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب ماوە قەومی کورد زمان....'' پێشوازی لە تێکۆشەرانی دێرین دەکەن؛ ئەمەی کە من بینیم نەك تەنها هەڵوێستێك، بەڵکو نیشانەی گەورەترین شەرەفمەندی و ئەوینداربوونی ئازادی و نیشتمانە. ئەوانەی ئەمڕۆ دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی ئەم ڕەنجدەرانە سەرکەوتوو و براوەی داهاتوون؛ بێدەنگبوون دەبێتە مایەی سەرشۆڕی، بەڵام ئەوانەی خۆڕاگری دەکەن جوان دەبن و سەردەکەون و سبەی داستانی بەرخودان و ژیانیان بە پیتی زێڕین لەناو مێژووی وڵاتدا دەنووسرێتەوە... .

''ئێمە لێرەین چونکە ژیان و نیشتمانەکەمان خۆشدەوێت''

ئەوەی بۆ من سەرنجڕاکێش بوو مۆراڵ و خۆشحاڵیی گەنجەکان بوو، کە بە پێکەنین و دڵ خۆشییەوە پێشوازییان لە پێشمەرگە دێرینەکان کرد. سەرەڕای گەرمیی کەش و هەوا، بەڵام بوێری و تێکۆشانی گەرمی پێشەنگە کۆنەکانی ئەم وڵاتە ئەوانی بە مۆڕاڵ کردبوو. تاکە شتێك وێردی سەر زمانیان بوو ئەویش ئەوەبوو'' ئێوە بە دەیان ساڵ ئەم مەشخەڵەتان گرتە دەست؛ ئەمڕۆ ئێمە بەرپرسیار و خاوەنی ئەم ئەرکەین، بێگومان دەبینە وەڵامدەری هیواکانتان. ناهێڵین خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە بە فیڕۆ بچێت ئێمە باکمان نییە لە مردن. لێرەین چونکە ژیان و نیشتمانەکەمان خۆش دەوێت. گەریلاکان بۆ ئەم خاکە گیان دەبەخشن و ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگە بوێرەکانی سەر لوتکەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس....''.

دەبێت لە کام گۆشەی ئەم گەردوونەدا گەلێکی ئەوەندە خاوەن قارەمان و تێکۆشەر هەبێت؟! کە لە ڕابردوودا تێکۆشەری وای هەبووبێت و ئێستاش گەنجی وا چاونەترسی هەیە. بێگومان کوردبوون شەرەفە و هەڵاتن لێی و شەرمکردن و نامەردییە لە کوردبوون گەورەترین خیانەتە... .

رووی پەیامەکەیان بە ڕاشکاوانە بەر لە هەر کەسێك لە هاوسەنگەرەکانی خۆیان بوو دواتریش حکومەتی باشوور و عێراق و هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا. بانگەوازەکەیان ڕوون و ئاشکرا بوو بە یەك دەنگ و یەك هەڵووێست دەڵێن ''وەرن بەیەکەوە بەرامبەر داگیرکاری بوەستینەوە، با ڕووحی سەرهەڵدانی شیلادزێ بنەمای ڕاپەڕینمان بێت و بێدەنگ نەبین، ئەم بێدەنگییە خیانەتە لەبەرامبەر خوێنی شەهیدان و دەسکەوتەکانمان و گەلە کۆڵنەدەرەکەمان؛ کاتی خۆڕاگری و بەرگرییە لە خاک و گەلەکەمان''.

چەندە جوانە نیشانەی سەرکەوتن

پێشمەرگەکان دەم بە خەندە و چاوەکانیان پڕ لە هیوا و بە یەك دەنگ هەموان دروشمی ''بژی سەرۆك ئاپۆ، بژی کورد و کوردستان'' دەڵێنەوە. بە دەستەکانیان نیشانەی سەرکەوتن نیشان دەدەن... ئەوان ڕاست دەڵێن، لە هەر کاتێك زیاتر نزیکی سەرکەوتنین.... کەم ماوە بۆ هەڵاتنی خۆری یەك جارەکیی ئازادی، لەگەڵ یەکەم گزنگی خۆری وڵاتدا ڕووناکی خۆر لە لوتکەی سەربەرزی قەندیل بدات و باز و تەوارە بوێرەکان بە سەربەرزانە سروودی نیشتمانی و سەرکەوتن بڵێنەوە.... .

ر.م