چالاکوانانی قەڵغانی مرۆیى: دەوڵەتی تورک بە دوای شەڕی براکوژییەوەیە

چالاکوانانی قەڵغانی مرۆیى لە بناری قەندیل رایانگەیاند: سەربازانی تورک جلوبەرگی پێشمەرگە لەبەر دەکەن و دەیانەوێت لەناو کورد دا شەڕی براکوژی دروست بکەن.

چالاکوانانی قەڵغانی مرۆیى بەکارهێنانی جلوبەرگی پێشمەرگە لەلایەن سەربازانی تورکیاوە شەرمەزار کرد. چالاکوانانی قەڵغانی مرۆیى لە بناری قەندیل چالاکییەکەیان لەدژی داگیرکەریی تورک بەردەوامە.

 چالاکوانان داگیرکەرییەکانیان شەرمەزار کرد و وتیان، بەکارهێنانی جلوبەرگی پێشمەرگە لەلایەن سەربازانی تورکەوە بۆ ئەو مەبەستەیە، کە دەیانەوێت رەوایى بە داگیرکەرییەکەیان بدەن.

یەکێک لە چالاکوانانی قەڵغانی زیندوو بەناوی ئاگری باشوور وتی، رۆژی ١٤ی مانگ چالاکییەکەیان لە دژی هەوڵە داگیرکەرییەکانی تورک دەستپێکرد و هێرش بۆ سەر قەندیل قەبوڵ ناکەن.

باشوور وتیشی، سەربازانی تورک جلوبەرگی پێشمەرگەیان لەبەرکردووە و هێرش دەکەنە سەر گەریلا، هەموو تەکنیکێک بەکاردەهێنن و دەوڵەتی تورک دەیەوێت شەڕی براکوژی دروست بکات.

ئەوەشی وت: "هەزاران پێشمەرگە بەو جلانەوە شەهید بوون. جلوبەرگی پێشمەرگە هێژا و پیرۆزن. ئێمەی چالاکوانان نامانەوێت پێشمەرگە ببنە هاوکاری براکوژی. ئەوە قبوڵ ناکەین. پەدەکە و یەنەکە نۆکەرایەتی بۆ دەوڵەتی تورک و ئێران دەکەن. ئێمە گەنجانی باشووری کوردستان بانگەوازمان بۆ کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و گەلی باشوور ئەوەیە، کە لە دژی ئەوە هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو."

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سەربازانى تورکی داگیرکەر لە هەرێمی برادۆست جلوبەرگی پێشمەرگەیان لەبەرکردبوو و خاڵی پشکنینیان دانابوو.

ر.م