قەیومی بەزۆر داسەپێندراوی ئاکەپە چاوی بەناوی کاراکۆیون هەڵنەهات

عاتیف چیچەکلی کە دەستی بەسەر شارەوانی ئەدرەمیت دا گرتووە، ناوی گەڕەکی فوراتی گۆڕی بۆ ناوی سەلاحەدینی ئەیوبی. ناوی ئەو گەڕەکە بە ناوی فورات کاراکۆیونەوە ناونرابوو کە ساڵی ١٩٩٩ کوژرابوو.

ئابڕوچوونەکانی عاتیف چیچەکلی قەیومی بەزۆر داسەپێندراوی ئاکەپە لە شارەوانی ئەدرەمیتی سەر بە شاری وان کۆتاییان نایەت. چیچەکلی پێشتر لەسەر گۆڕ و مەزارگەی ئەرمەنییەکان مەغسەلەی دروست کردبوو، فەرمانیشی دابوو بە مامۆستایان کە 'دانیشتووە ناڕەزاییەکانى گەڕەکەکە دەستنیشان بکەن'. ئێستاش ناوی گەڕەکی فوراتی گۆڕیوە. پاش ئەوەی شارەوانیی شاری وان نازناوی شارەوانیی گەورە شاری وانی بەدەستهێنابوو، شارەوانیی ئەدرەمیتی سەر بە شاری وان، کە لە دەستى دەبەپەدا بوو ناوی گەڕەکێکی بەناوی فورات کاراکۆیونەوە ناونابوو. فورات کاراکۆیون لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژرابوو.

"ئەو هۆشمەندییەی کاراکۆیونی کوشت شارەوانی بەڕێوە دەبات"

پاش ئەوەی چیچەکلی وەک قەیوم بەزۆری زۆرداری لەلایەن ئاکەپەوە بەسەر شارەوانی ئەدرەمیت دا سەپێندرا، چەندین جار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە هێرش کراوەتە سەر گەڕەکی فورات. دەربارەی پرسەکە هاوسەرۆکی شارەوانی دەبەپە ڕۆژبین سەڤیل چەتین ڕایگەیاند، ئەو عەقڵییەتەی لەناوەڕاستی شەقامدا لە ساڵی ١٩٩٩ فورات کاراکۆیونی کوشت، هەمان ئەو عەقڵییەت و هۆشمەندییە ئێستا شارەوانی بەڕێوەدەبات.

چەتین جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوان بە کوشتنی کاراکۆیون تێریان نەخواردووە و ئێستاش چاویان بە ناوەکەی هەڵنایەت. وتیشی "ئێمە لەسەر داوای گەل ئەو گەڕەکەمان ناونا گەڕەکی فورات. ئەو بڕیارەش لەلایەن هاووڵاتییانەوە پەسەند کرابوو. ئەوەی ئێستا کراوە بە تەواویی بێ ئسوڵییە".

ر.م