قەیومە داسەپێندراوەکەی ئاکەپە ئاوی ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیى وانى بڕیوە

ئاکەپە دەستی بەسەر شارەوانیی گەورە شاری وان دا گرت و قەیومی خۆی بەزۆر بەسەر دانیشتوانەکەیدا داسەپاند. کارەبای تۆڕی ئاوی شارۆچکەی ئەردیشی سەر بە پارێزگای وانیان بڕیوە و ماوەی ١٠ ڕۆژە ٢٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەردیش ئاویان نییە.

قەیوم ئەو کەسانەن کە لەلایەن ئاکەپەوە نێردراونەتە سەر شارەوانییەکانی دەبەپە و دەستیان بەسەردا گرتووە. ئاکەپە لەڕێگەی قەیومەکانیەوە دەستی بەسەر هەموو شارەوانییەکانى پارێزگاى وان و شارەوانیى گەورە شاری وان دا گرتووە و هەموو ماڵ و موڵکی شارەوانیەکانیان فرۆشتووە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا قەیومەکانی ئاکەپە لە شارەوانیەکانی شاری وان و شارۆچکەی ئەردیش، بە ملیۆنان لیرەی تورکی قەرزیان هێناوەتە سەر ئەستۆی شارەوانیەکان. بە هەموو ئەوانەشەوە نەوەستان و لە ئێستادا، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی شاری وان و قەیومی ئاکەپە لە شارەوانی ئەردیش، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە پارەی قەرزی کارەبای تۆڕی ئاویان نەداوە، کارەبای ئەو تۆڕە ئاوییەیان بڕیوە. بەوەش ماوەی ١٠ ڕۆژە ٢٠٠ هەزار کەس، دانیشتوانی ئەردیش بە تینوێتیی هێڵدراونەتەوە.

کاریان ئەوەیە تەنها زیان بە گەل بگەیەنن

بەهۆی ئەو قەرزانەى هێناویانەتە سەر ئەو شارەوانیانەى دەستیان بەسەرداگرتوون بە بەردەوامى غەدر لە گەل دەکەن و زیانیان پێدەگەیەنن. ساڵی ٢٠١٦ پاش ئەوەی ئاکەپە، دەستی بەسەر شارەوانییەکانی کورداندا گرت، هەموو موڵک و ماڵی ئەو شارەوانیانەیان پیشکەش بە لایەنگرانی خۆیان کرد. ئاکەپەییەکان کە دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی شارەوانیەکاندا گرت، قەرزێکی زۆرییشیان هێنایە سەر ئەستۆی ئەو شارەوانیانە. یەک لەو شارەوانیانەش، شارەوانی ئەردیشی سەر بە پارێزگای وانە.

شارێک تینوکراوە و نەخۆشیش دەستى بە بڵاوکردنەوە کردووە

بەهۆی ئەوەی ئاکەپە و قەیومەکانی، ئەردیشیان کردووەتە بازاڕی بازرگانی بۆ خۆیان، ئەوە ماوەی ١٠ ڕۆژە، شارۆچکەی ئەردیش کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە، بە تینوێتیی هێڵدراونەتەوە. لەو شارۆچکەیە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەستیپێکردووە. لەم ڕۆژانەی دوایدا، سەدان کۆرپەلە و منداڵ و کەسانی بەتەمەن، بەهۆی نەخۆشیی سکچوون و ڕشانەوە و سەردانی نەخۆشخانەی حکومیی ئەردیشیان کردووە. دەوترێت کە ئەگەر بێتو بە زووترین کات ئاو بۆ ئەو شارە بەرنەدرێتەوە، ئەوا ڕێژەی نەخۆشەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات.

"ئەوان تەنها دەزانن گەل رووت بکەنەوە و تاڵانیان بکەن"

دانیشتوانی ناوچەی ئەردیشی سەر بە وان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان. دانیشتوانی ئەردیش ڕایانگەیاند، قەیومەکانی ئاکەپە، مانگانە وەسڵی ئاو بە بڕی ١٠٠ لیرە بۆ هەر ماڵێک دەبڕن و لێیان دەسێنن و ڕوونیشیانکردەوە "ئەگەرچی ماوەی ١٠ ڕۆژە، شارێکی ٢٠٠ هەزار کەسی، بێ ئاوە، بەڵام هێشتا یەک بەرپرس دەنگی لێوە نەهاتووە. بەهۆی ئەو بێ ئاوییەوە ناتوانین تەنانەت خۆشمان بشۆین. شارەوانییەکی زل و زەبەلاحی وەک شارەوانیی ئەردیش ناتوانێت پارەی پسووڵەی کارەبای تۆڕی ئاو بدات؟".

هاوڵاتیان دەپرسن: ئەو پارەیەی کە لە ئێمەی دەستێنن، چی لێ دەکەن؟. ئێمە ئەو پارانە نادەین بۆ خزمەتی کەسیی بەرپرسان و گریفان پڕکردنیان. کاتێک کە دەبەپە دەسەڵاتی شارەدارییەکانی لەدەستدا بوو، کێشەی ئەو شتانەمان نەبوو. دەبەپە ئەو پارانەی لە هاووڵاتییان وەردەگرت، بۆ خزمەتی هاووڵاتییان سەرفی دەکرد. بەڵام قەیومە بە زۆر داسەپێندراوەکانی ئاکەپە پارە لە ئێمە دەستێنن و دەیدەن بە لایەنگرانی خۆیان. ئەگەر ئەو پارەیەی لە ئێمەی دەستێنن، بۆ خزمەتی خەڵک سەرفیان بکردایە، ئێستا خەڵکی ئەردیش بە تینوێتیی و بێ ئاو نەدەمانەوە. ئەوانە تەنها دەزانن گەل رووت بکەنەوە و هەموو شتێکى گەل تاڵان بکەن. ئێمە لە هەڵبژاردنی شارەوانیدا تۆڵەی ئەمەیان لێ دەکەینەوە".

ر.م