ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران كاڵكان لە بەشی سێیهم (کۆتایی)ی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، سەرنجی ڕاکێشایە سەر داگیرکاریی دهوڵهتی تورک لە دژی باشووری کوردستان و ڕۆڵی پەدەکە لەو داگیرکارییەدا.
تورکیا لە باشووری کوردستان زۆر بارەگه و نووسینگەی میتی کردووەتەوە و لە بواری ئابووریدا داگیری کردووە. پێویسته ئهم داگیرکارییە ئابووری، سەربازی و سیاسییە چۆن ههڵسهنگێنرێت؟
هەندێک هەڤاڵ باسی ئهوه دهكهن و دەڵێن، «باشووری کوردستان بوووەتە کۆڵۆنیی تورکیا». لە باشوور تورکیا باڵادهسته، هەرچی كاڵای خراپ و بەسەرچوو هەیە به باشووری کوردستانی دهفرۆشن. زۆر سەربازی تورکیا لەباشووری کوردستان هەن. لە بواری سیاسیشدا ناتوانن هیچ بە تورکیا بڵێن. تورکیا هەرچی بڵێت ئەوان دەڵێن بەسەرچاو. ئازادییەکی وهها نییە. گوتیان ئێمە دەوڵەت دروست دهكهین، دیاره كه دەوڵەتێکی نۆکەر و تەسلیمكراوه. خۆی لەخۆیدا لە ساڵی ١٩٩٢ بەولاوە دەوڵەتە. مهگهر لەوە زیاتر چۆن دەبێت؟ گرنگە نییە کە مرۆڤ دەوڵەت بێت، بهڵكوو دهبێ فکری مرۆڤ ئازاد بێت، مرۆڤ هەڵوێستێکی دیموکراتی نیشان بدات و تهواوكاری بۆ پێشكهوتنی كۆمهڵگه بکات. پەدەکە هەمیشە لە بەرانبەر تورکیا تهنگهتاو بووه. ساڵی ١٩٨٥ ڕێککەوتنهكهی لەگەڵ پەکەکە تێکدا و ئەوەش باجێکی گەورە بوو. دوای ساڵی ١٩٩٢یش کەوتنە نێو هێڵێکی لەو شێوەیە. لە قۆناغەکانی ١٩٩٥ تا ١٩٩٧دا بوونه هاوکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا. بنهمای یەکەم لە پەیمانی ١٩٩٢ دانرا. جهنهڕاڵهكانی تورکیا دواتر لە کتێبەکانیاندا باسی ئەو شتە دەکەن. لە ١٩٩٧یشدا لەنێوان خۆیاندا پەیمانی پاراستن مۆر دەکەن. گوتیان ئەوە پەیمانێکی ١٠ ساڵهیه. لە ساڵی ٢٠٠٧دا گەنجان گوتیان «ئێمە سوپای تورکیامان لە باشووری کوردستان ناوێت» و ڕێپێوانی بەرفرهوانیان ئەنجام دا. حكوومهتی هەرێمی کوردستان گەنجەکانیان وەستاندن و لەگەڵ تورکیا پەیمانێكی دیكهیان مۆر کرد. ١٠ ساڵ تێپەڕ ببوو، سهرهڕای بهتاڵبوونهوهی پەیمانەکە، سوپای تورک لە باشووری کوردستان بنكه سەربازییەکانی زیاد کرد.
ساڵی ١٩٩٢، ١٩٩٥، ١٩٩٧ و ١٩٩٨ ڕێککەوتن و ئۆپەراسیۆنیان کرد. گوایه هاوپەیمانەکانی تورکیا بوون و لە دژی پەکەکە شەڕیان دەکرد. بەڵام با بیرەوەریی جهنهڕاڵه تورکەکان بخوێننەوە و ئەو شتە ببینن. زۆر جەنەڕاڵ دەڵێن، «ئەو ئۆپەراسیۆنە تەنیا لە دژی پەکەکە نەبوو. ئێمە ههم لە دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆنمان کرد، ههم ویستیشمان پەدەکە بەخۆمانەوە گرێ بدەین. ئێمە پەدەکەمان کۆنترۆڵ کرد و هێرشی سەر پەکەکەشمان کرد». پەدەکە ئەو شتە نازانێت و تێناگات. ئەمهریکا و تورکیا چی بڵێن، ئەویش قبووڵی دەکات.
دواتر شەڕی داعش دەستی پێکرد - شەڕی جیهانیی سێیەم. لە بەرانبەر سەدام ههوڵهكانی شەڕ دەستیان پێكرد. لهگهڵ ئهمهدا تورکیا چووە نێو چەندین شوێن و خۆی بەهێز کرد. لە بەشێکی زۆری بادینان هێزی سەربازیی تورکیا هەیە. لە هەندێک شوێندا کۆنترۆڵ لە دەستی پەدەکەدایە. لەسەر ڕێگهکان پەدەکە هەیە، بەڵام کۆنتڕۆڵی چیاکان لەدەست تورکیایە. پەدەکە هاوپەیمانهتییهكی بەرژەوەندیخوازانهی دروست کردووە. پێشتر لەگەڵ منداڵەکانی سەدام بازرگانییان دەکرد، ئێستاش لەگەڵ منداڵەکانی ئەردۆغان بازرگانی دەکەن. هاوکات باشووری کوردستانیش دەکەنە شوێنێک كه سوپای تورکیا تیایدا بەهێز بێت. دهوڵهتی تورک لە باکووری کوردستان خەریکی قڕکردنە. ههڕهشه له ڕۆژئاوا و باشوور دهكات. لەژێر ناوی ئهوهی پەیوەندی لەگەڵ پەدەکە دروست دهكهن، دەیانەوێت لەوێ هێزی خۆیان زیاد بکەن. دەیانەوێت لەو شوێنانە کورد لەناو ببەن. لە ساڵانی ١٩٩٠ کە تورکیا لەگەڵ پەدەکە هێرشی كرده سهر پەکەکە، جهنهڕاڵهكانی وەکو یهشار بویوکانت و ئیلکەر باشبووغ ڕەخنەیان گرت، ئەمهریکا هاوکاریی ئاکەپەی کرد و ئەوانی لاواز کرد. ئەردۆغانیش گوتی، «گهورهترین ههڵه ئهوهیه كه دانمان به قهوارهی باشووری کوردستاندا نداوه». پێش هەموو کەس ئەردۆغان لە دژی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ وهستایهوه.
لەگەڵ عێراق دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کرد. بەڵام پەدەکە ڕایدەگەیەنێت کە «ئەوان ناچارن و هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە». ڕاستییەکەی وا نییه. بڕوا بە هێزی خۆی ناكات. کوردستان کە ئازاد دهبێت، ئیدی لە لایەن هێزێکی دیکەوە دەبێتە کۆڵۆنی. لەو دۆخەدا پەدەکە هیچ ئیرادهیهكی نییە. پەدەکە دەڵێت، «ئێمە ناچارین، کاتێک ئێمە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دروست نەکەین، گەمارۆمان دەدەن و برسی دەبین» ئەوە ڕاست نییە. بەپێچەوانەوە، لەو بارەیەوە تورکیا موحتاجی باشووری کوردستانە. لە ڕووی ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە بەو شێوەیەیە. ئەگەر پەدەکە هەڵوێستی خۆی باش پیشان دابوایه، تورکیا هێندە هێرشی نەدەکرد. هێرشی نهدهكرده سهر عەفرین، هێرشی نهدهكرده سەر شەنگال، هێرشی نهدهكرده سهر خواکورک و برادۆست. نهیدهتوانی جزیر، سوور و نسێبینی بسووتێنێت. ئەو هەوڵانەی نەدەدا. بەڵام دەبینێت کە پەدەکە دەنگی لێوە نایەت، ئەویش هێرش دەکات. پەدەکە ناتوانێت بڵێت، «من نایکەم و بەرپرسایهتیی منی تێدا نییە». بەڵام بەرپرسایهتی هەیە کە لە دژی ئەو هێرشانە بوهستێتهوه. ئەوان ئیدارەیهكی کوردن، لەبەرئەوە بەرپرسایهتییان هەیە. چونکە هێزێکی سیاسین، بهرپرسایهتییان هەیە. بەڵام پەدەکە نایەوێت ئەو بەرپرسایهتییهی خۆی ببینێت. بهڵام هەموو ئەو دۆخەی پەدەکە دهبینێت و ئەو سیاسەتەی پەدەکە هێزی کورد لاواز دەکات.
ئێستا لە هەرێمی برادۆست هەوڵێكی داگیرکاری هەیە. هەروەها پەدەکە گردە ستراتیژییەکانی لە کانیماسی ڕادەستی سوپای تورک کرد. بەڵام پەدەکە هیچکام لەوانە وەکو ههوڵێكی داگیرکاری نابینێت. ئایا لەنێوان پەدەکە و تورکیا ڕێککەوتنێک هەیە؟
ئێمەش هێرشەکەمان هەڵسەنگاند، لە عەفرینەوە هەتا برادۆست هێرش دەکرێت. ئهو هێرشانه ڕهههندی ئایدیۆلۆژی، ستراتیژی، ڕۆژانەیی و سیاسییان ههیه. لە هەموو ڕوویهكهوه ئێمه هەڵمان سەنگاند. ڕهههنده ئایدیۆلۆژییەكهی بەدڵنیاییەوە بۆ قڕکردنە. واتە دەوڵەتی تورک دوژمنی کوردە. دژی کوردانه. نكۆڵی لە کورد دەکات، دەیەوێت لهناویان ببات. دەیەوێت کوردایەتی بەتەواوەتی نەهێڵێت. کوردان قڕ دەکات. لهبهرئهوهی ناتوانێت ههموو كوردان بەتەواوەتی لەناو ببات، سەرەتا دەیەوێت ئهو كوردانه لهناوببات كه به مەترسییان دهزانێت بۆ سەر خۆی، دەیەوێت کوردی وهك پەکەکە لەناو ببات. هێرش دهكاته سەر کوردە ئازادەکان، کاتێک ئەوانی لاواز کرد و لەناوی بردن، ئەوکاتە کوردەکانی دیکەش لەناو دەبات. تەیب ئەردۆغان دەڵێت، «هەڵەیەکی گەورە بوو کە قهوارهی باشوورمان قبووڵ کرد». ئەگەر له ترسی پەکەکە نەبێت، بهمهبهستی لهناوبردنی قهوارهكه هێرش دەکاتە سەر باشووری كوردستان. بەدڵنیاییەوە بەو شێوەیەیە.
بۆیە ئهو هێرشانهی دهوڵهتی تورك ڕهههندی ئایدیۆلۆژییان ههیه. دووەمین، لایەنە ستراتیژییەکەیەتی. دەیانەوێت کوردستانی عوسمانی سهرلهنوێ کۆنتڕۆڵ بکەنهوه. دەیانەوێت ئەو خاکەی کە بە «میساقی میللی» ناوی دەهێنن، بەدەستی بێنن. ئامانجەکانی هێرشکردن لە عەفرینەوە هەتا برادۆست ئەوەیە. دەیانەوێت ئەوەش لە چوارچێوەی تێکشکاندنی ئیرادەی کورددا بکەن. نەک ئهوهی بیانهوێت مافی کورد بدەن، ئازادی و دیموکراتیی کورد بپارێزن و بهبرایەتی لەگەڵ کورد هەندێک شت بکەن؛ بهڵكوو دەیانەوێت لە چوارچێوەی لەناوبردنی بوون و ئازادیی کوردان، بە قڕکردنی کورد ئەوە بکەن. ئەوەی لە عەفرین کردیان ڕوونه. كۆمهڵكوژییان كرد. ئەگەر هەلیان دەستکەوێت لە باشووری کوردستان و هەموو شوێنێک ئەوە دەکەن. لەبەرئەوە دەیانەوێت خەڵکی برادۆست لە ناوچەکە وەدەرنێن. دەیانەوێت ناوچهكه بهچۆڵكردن بدهن و خهڵك لهو ناوچانه نههێڵن.
لەلایەکی دیكهوه دەیەوێت لە ڕووی سیاسەتی ڕۆژانەوە سوودی لێ وەرگرێت. هاوپەیمانهتیی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە دەیەوێت خۆی تووشی شەڕێکی لەو شێوەیە بکات و تەمەنی دیکتاتۆریەتە فاشیستییەکەی لە تورکیا درێژ بکاتەوە و بە پایەداری بیهێڵێتەوە. كاتێك هەڵبژاردنە خۆجێیەکان بەڕێوەدەچن، دەیەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت. كاتێك ئۆپۆزسیۆن پێشدەکەوێت، دەیەوێت سەرکوتی بکات. زەمینەی گوشار و تیرۆری فاشیستی لە تورکیا بەو هێرشانە دروست دەکات. دهسهڵاته ڕۆژانەییهكهی بەو شێوهیه دەپارێزێت، بەو شێوەیە لهسهرپێ دەیهێڵێتەوە و لە ئیدارەدانی بەردەوام دەبێت. لایەنێکی بەو شێوەیەش هەیە.
ئەوە دۆخێک نییە کە نەبینرێت و نههێته تێگهیشتن. بەڵام پەدەکە پشتگیریی هەموو ئهوانه دەکات و لە دژی ناوهستێتهوه. لە دژی هێرشی عەفرین هەڵوێستی نەبوو. لە هەندێک ناوچەی باشووری کوردستان ٣ کیلۆمەتر و لە هەندێک ناوچە ٥ کیلۆمەتر، دوایین جاریش لە برادۆست ساڵی ٢٠١٨ به قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر هاتنه نێو باشووری کوردستان. هەر ئێستا ٣٥ کیلۆمەتر هاتووەتە نێو باشوور و داگیری کردووە. پهدهكه لە دژی ئەوە شتێک ناڵێت، بە پێچەوانەوە هاوکاری دەکات. گردەکانی کانیماسی بۆ سوپای تورک بهجێهێشتووه، کونەماسی به قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر لهنێو سنووری باشوورە. واتە لەسەر سنوور نییە. پێشتریش لە ساڵی ١٩٩٨ پەدەکە ئەو ناوچەیەی ڕادەست کردبوو. سوپای تورک لیوای ئەترووش-وی برده ئەو ناوچەیە، دواتر لەوێ جێگیر بوو، خاکی باشووری کوردستانیان بەدەست خست.
وێڕای ئەوەی ئهو ڕاستییانهش ههن، پەدەکە هەڵوێستێکی لە دژی داگیرکەری نییە. دەڵێت، «پەیوەندی و ڕێککەوتنمان هەیە» و بە هێزەکانی دەرەوەش دەڵێت، «چارەیەکی دیکەمان نییە، دەمانترسێنێت و هەڕەشەمان لێ دەکات». كهواته ئەگەر کورد ببنە یەک سوپای تورک ناتوانێت هەنگاوێک بنێت. نه لە ڕووی سەربازییهوه دهتوانن ههنگاو بنێن نه له ڕووی سیاسییەوە. هێزێکی ئهوهنده گەورە نییە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کورد پارچە پارچەن ئەوە دەکەن. تورکیا گەمە دەکات. خۆی پێشکەش دەکات، تەکنیک لە هێزە دەرەكییهكان وەردەگرێت، بە جددی بەو شێوەیە هەوڵ دەدات خەڵک دهربهدهر بکات. وەک ئەوەی لە عەفرین کردی، هێزە چەتەکانی لەوێ جێگیر دەکات. هەوڵ دەدات ئەو ناوچانە به تورکی بكات، ئەو شوێنانە بەجێناهێڵێت کە تیایدا جێگیر دەبێت. ئەو ناوچانە به تورکی دهكات، سهركوتكاری دهكات و دهیهوێت بهدهستی بێنێت. لە کەرکووکیش ههوڵ دهدات ئهوه بکات، لە شەنگالیش. خۆی بە هێزە ناکوردییهکان دەسپێرێت و دەیەوێت ڕێكخستنێكی دژه کورد لە هەموو شوێنێک بڵاو بکاتەوە. پێشتر پەدەکە پەیمانێکی نەبوو کە ئەوەی دەسەپاند. پەیمانی ١٩٩٧ ساڵی ٢٠٠٧ کۆتایی هات. دواتر پهیمانێكی چۆنیان كرد، دەبێت ڕوونی بكهنهوه. ڕاستییەکەی دەبێت هەمووان داوای ئەوە بکەن.
مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ دیداری بۆش – ئەردۆغان بەڕێوەچوو. ئێمە باش نازانین کە پەدەکە ڕاستەوخۆ بەشداری ئەو پەیمانانە بوو یان نا. بەڵام نەک لە بەرانبەر هێرشە قڕکەرەکان دەنگی لێوە نایەت، هاوکاریشیان دەکات، هێزی پێ دەدات و بۆی دەبێتە داردەست. لە بهرانبهر هەندێک دەستکەوتی ئابووریدا بۆچوونی «ئێمە لە دژی پەکەکە دەبین» پێکەوە ڕێککەوتن دەکەن. ئەوەش زۆر هەڵە و خراپە. لە چوارچێوەی کامە پەیمان دەکرێت، دەبێت لێکۆڵینەوەی لەبارەیهوه بکرێت و ئاشکرا بکرێت. دەبێت بەرپرسان ئەوە ڕوون بکهنهوه. ئێمە هەموو ئەوانە نازانین، بەڵام هێرشەکانی ئێستا دەکرێن بەرچاون. بەکەڵکی پەدەکە دێت؟ ئەوە بە کەڵکی کورد نایەت، بەکەڵکی سیاسەتی کورد نایەت. لە ڕووی حیزبییهوه بە کەڵکی پەدەکە نایەت، لە بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و خێڵهكیدایه. دیارە کە قازانجێکی ماددی هەیە، لێی دەخۆن. لە بەرژەوەندی خێڵە. پێشتریش شەڕی عەشیرەتهكانیان دەکرد، دهیانویست عەشیرەتەکانی بەرانبەریان لەناو ببەن و لاوازیان بکەن. دوژمنی عهشیرهتی برادۆست بوون، دهیانویست لاوازی بکەن و ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن. دوژمنی عهشیرهتی ڕێكان بوون، بۆیە چوونە سەر شێلادزێ. ههندێك ئامانجی دهوڵهتی تورك ههن. ئامانجی ئایدیۆلۆژی ههیه و قڕ دهكات. ئامانجی ستراتیژی ههیه و داگیر دهكات. دهیەوێت کوردستانی عوسمانی بەدەست بخاتەوە.
ئامانجی سیاسی هەیە، ئیدارەی ڕۆژانەی خۆی بەو شوێنە دەسپێرێت و لە چوارچێوەی ئاستەنگکردنی یەکێتیی کورددا دەیەوێت وا بکات کە لایەنە کوردییەکان لە دژی یەکتر شەڕ بکەن. بهو شێوهیه دهیهوێت کورد لاواز بکات و قڕیان بکات. بەرژەوەندیی تورکیا ئەوەیە. پەدەکەش دەیەوێت نەیارەکانی بە دەستی تورکیا لاواز بکات و خۆی بەهێز بکات. بە هاوکاریکردنی هێرشەکانی تورکیا دەیەوێت دژبهرهكانی خۆی لاواز بکات و بەو شێوەیە خۆی پایەدار بهێڵێتەوە. دەیەوێت بە دەستی تورکیا گورز لەو هێزانە بوەشێنێت کە وەکو بهربهست لە بەردەم خۆی دەیانبینێت. هەردوو هێز دەیانەوێت یەکتری بەکار بهێنن. بەڵام ئهو ڕێبازهی پەدەکە بەکاریدەهێنێت هەڵەیە. کورد لاواز دەکات، دەبێتە هاوبەش له لەناوبردنی کوردان. دەبێتە بهشێك له قڕکردنی كوردان. ئازادیپارێزی لە لایەک، کوردایەتیش بەو شێوەیە نابێت. هەربۆیە دەبێت هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتهوه. دەبێت لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە بکرێت. ئەنجامەکانی دیارن، بەڵام لهكوێوه سهرچاوه دهگرن؟ چ پەیمانێکی چەپەڵ و شاراوەی بهستووه، دەبێت ئاشکرا بکرێت.
لەدژی ئەو هاوکاری و هەوڵە داگیرکارییانە، بزووتنەوەکەتان لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە چۆن هەڵسوکەوت دەکات؟
ئێمە وهك بزووتنەوەکەمان بەرخۆدان دەکەین. لە سەرەتاوە ئێمه بوونی کوردمان به درووستی پێناسە کرد. دواتر بهباشی بینیمان کە ئازادیی کورد بە چ شێوەیەک دەبێت. بوێری و فیداکاریی بەدەستهێنانی ئەم ئازادییهمان ئافراند. دواتر پێناسەی ئەوەمان کرد کە دیموکراتیی کورد دەبێت بە چ شێوەیەک بێت. لە چوارچێوەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، خۆسهریی دیموکراتیدا ئێمە سیاسەتی دیموکراتیی کوردمان داهێنا. بوون و ئازادیی کوردمان خستهڕوو. شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەییمان سهرخست. دهستمان به شۆڕشی ئازادیی ژن كرد كه بنهمای هەموویانه. ئێمە بزووتنەوەی ژنانی کوردمان گەیاندە ئەو ئاستەی کە پێشەنگایەتیی ژنانی تەواوی جیهان بکەن. ئەوانە هەموو ڕووداوی گرنگن. بۆیە ئێمە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، سەربازیی و کۆمەڵایەتییەوە بەرخۆدان دەکەین. ئێمە شەڕی بوون و ئازادی دهكهین. ئەوەیە ڕاستیی پەکەکە. بۆ ئەوەش بە هەموو شێوەیەک قوربانی دەدەین. هیچ قوربانییەک نابێتە هۆی ئهوهی ئێمه لەو بابەته پاشەکشە بکەین. بەپێچەوانەوە ئیرادەی ئازادیمان بەهێزتر دەکات.
هەتا ئێستا بەردەوام بووین، ئێستاش بەردەوام دەبین. هەتا کۆتاییش بەردەوام دەبین. بۆ ئازادیی باکووری کوردستان تێدەکۆشین. لە دژی ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکەن و كۆمهڵكوژی بکەن بەرخۆدانمان کرد، بەرخۆدان دەکەین و لە هەموو پارچەکان بە پاڵپشتیی گەلەکەمان بەرخۆدان دەکەین. گەلەکەمان لە ڕۆژاڤاش پشتگیری ئەو بەرخۆدانە دەکات. هەڵوێستی پەکەکە بەو شێوەیەیە. ئێمە دەمانەوێت هەموو حیزبه کوردییەکان درێژه بهم بەرخۆدانە بدهن. لە چوارچێوەی ئافراندنی ئازادی و دیموکراتیی کورد بەردەوام بن لهم بهرخۆدانه. ئێمه دەمانەوێت هەموو ڕێکخستنە کوردییەکان بەشداری تێدا بکەن. هەم بەشدار بن له قوربانیدان، هەم بەشدار بن له شەرەف و شکۆدارییهكهی. بەڵام ئەوە نابێت. بۆ نموونە پەدەکە لەجیاتی ئەوەی دژایەتی بکات، پشتگیری دەکات. لەجیاتی ئەوەی داگیرکاریی تورکیا لە باشووری کوردستان ڕەت بکاتەوە، دەرگهکانی بۆ دەکاتەوە. بۆ سووتاندن و چۆڵکردنی گوندەکان، بۆ بەتاڵکردنی گوندەکان پشتگیریی تورکیا دەکات، چاوەکانی لە ئاست دادەخات. نموونەی هەرێمی برادۆست لەبەر چاوانە. دەڵێن، «٥٠ بۆ ١٠٠ گوند چۆڵ دەکەن». بەڵام به بهرچاوی ئهوان تورکیا چەندین گوندی بەخەڵکەکەی چۆڵ کرد، خۆی چووە نێو گوندەکان و چەندین كهسی سڤیلی کوشت، بەڵام شتێک ناڵێن. بە پێچەوانەوە مستەفا سهدر ڕایگهیاند، «ئەوە لە چوارچێوەی ڕێككهوتندا دهبێت، ئەم ڕێککەوتنە مایەی قبووڵكردن نییە». دیاره لە چوارچێوەی پهیمانێكدا هاوکاری دەکەن، ئەوە مایەی قبووڵكردن نییە، کەس لێی تێناگات. دوایین جار خەڵکی سڤیلیان كوشت لە برادۆست و قەندیل. حكوومهت و مێیدیا پەدەکە دەڵێت، « لهبهرئهوهی پەکەکهی لێیه، وا دەکەن. له ئهنجامی شەڕ لهگهڵ پەکەکە خەڵکی سڤیل كوژراوه.» لە قەندیل کام سەربازی تورکیا هەیە، کام شەڕ ڕوویداوه کە خەڵکی سڤیل بكوژرێن! شەڕێکی لەو شێوەیە نییە، درۆ دەکەن.
دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی سیخووڕی چاودێری دەکات، بە فڕۆکەی جەنگی لە ئۆتۆمبیلی هاوڵاتییانی سیڤیل دەدات و دەیانکوژێت. بە بهرچاوی خهڵكهوه هاوڵاتییانی سیڤیل دەکوژن، کۆمەڵکوژیان دەکەن. كۆمهڵكوژیی پەکەکەش دەکەن، پەکەکەش مرۆڤن، ئەوانیش کوردن، بێگومان دەبێت مرۆڤ لە دژی هێرشەکانی سەر ئەوانیش بێت. بەڵام ئەو سڤیلانەش ناپارێزن کە دەڵێن، «لەژێر بەرپرسایهتیی ئەواندان». وێڕای ئەوەی شەڕ لهو ناوچانه ڕووی نەداوە، كهچی وەک ئهوهی هاوشێوهی ناوچەکانی باکوور شهڕی ڕووبهڕوو ههبێت ئاوا باسی دهكهن. ئەوانە هەمووی درۆن و مایەی قبووڵكردن نییه. ناتوانێت ئەوە بە گەلی باشوور بڵێت. ناتوانێت وابکات گەل بڕوا بهمه بکات و قبووڵی بكات. قسەیەک هەیە کە دەڵێن، لێبوردن لە تاوان، لە تاوانەکە قورسترە». دەرگهیان بۆ هێرشەکانی تورکیا کردووەتەوە و ئهو شتانهشی كه وهك بیانوو باسی دهكهن، لە تاوانی هاوکاریکردنەکە قورسترە. دەڵێن، «پەکەکە هەیە، گەریلا هەیە، لە دژی هێرشەکانی تورکیا بەرخۆدان دەکەن، لهپێناو ئازادی و بوونی کورد تێدەکۆشن، بۆیە دەوڵەتی تورک هێرش دەکات». واتە پەکەکە نەبێت تورکیا هێرش ناکات! باشه حكوومهتی سەدامیش هێرشی كرده سهر پەدەکە و یەنەکە، لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژی کرد. چەندین جار ئەنفالی کرد، چەندین هەزار بارزانییان کوشت. ئایا ئەو کاتەش بارزانی تاوانبار بوو؟ پەدەکە و یەنەکە تاوانبار بوون؟ كهواته ئێمە دەڵێین، گەلی باشوور داوای ئازادی دەکرد، بۆیه سەدام هێرشی كرده سهریان. ئەگەر داوای ئهوهیان نەکردبوایە هێرشی نهدهكرد، ئایا ئەوانەی داوای ئازادی دەکەن تاوانبارن؟ ئایا كوژهر قهت تاوانی نییە؟ هێرشکەری فاشیست و قڕکەر تاوانی نییە؟ ئەوە شتێک نییە نههێته تێگهیشتن. کەواتە كێ بهرپرسه له كۆمهڵكوژیی هەڵەبجە؟ هەڵەبجەییەکان بەهۆی ئەوەی داوای ئازادییان کرد کوژران. خۆ لهبهر هۆكارێكی دیكه نهكوژران.
لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، ئایا ئێمە سەدام تاوانبار بکەین یان ئەو هەڵەبجەییانەی كه داوای ئازادییان کرد؟ پەکەکەییهكانیش بەهۆی ئەوەی داوای ئازادی دەکهن دەکوژرێن. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا ئایا داواکردنی ئازادی و هەبوونی پەکەکە تاوانەیان ئەو كوژهرانهی پەکەکە دەکوژن تاوانبارن؟ دەبێت مرۆڤ ههڵسهنگاندنی دروست بكات. گەلی باشووری کوردستان و ڕای گشتیی جیهان بەو شتانه ههڵناخهڵهتێنرێت. مامهڵهیهكی لەو جۆرە بە واتای پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکانە. دەبێتە نکۆڵیکاری ڕاستییەکانی خۆی. جگە لە هاوکاریکردن و تەسلیمبوون هیچ واتایەکی دیکەی نییە. ئەوەش مرۆڤەکان بەرەو قڕکردن، بەرەو کۆیلەداری بۆ سەردەستەکان دەبات. ئهمه هیچ لایەنێکی نییە کە قبووڵ بکرێت. کەس ئەوە بەو شێوەیە قبووڵ ناکات. ئەو بیانوانەی دەخرێنەڕوو مایەی تێگەیشتن نین. بێگومان لەبەرئەوەی پەکەکە هەیە، لەبەرئەوەی بەناوی کورد داوای ئازادی دەکات تورکیای فاشیست هێرش دەکات. بەڵام کاتێک داوای ئازادییان نەکرد، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵیان بکەن، قڕیان بکەن، هێرشیان کرد. تاوانبار فاشیزمه، قڕکەرییە، داگیرکارییە. تاوانبار داگیرکاری و كوشتنه. دەبێت ئەوە ببینرێت. هیچ بیانوو و واتایهك نییە کە ماف به دوژمن بدرێت لهوهی دهیكات. مامهلهیهكی لەو شێوەیە قبووڵ ناکرێت. مومکین نییە پەدەکە بتوانێت وهها بكات ڕای گشتی کورد و مرۆڤایەتی ئهمه قبووڵ بكهن.
بۆیە ڕاستییەکان دهستنیشان دهكهین و بهردهوامیش دهبین. لە چوارچێوەی ئەو ڕاستییانەدا چی دهبێت با ببێت لهپێناو ئازادی تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین. لە چوارچێوەی ئەم عەقڵییەتەدا دەیکەین. بە بانگهشهكردن، خۆڕێكخستن، سیاسەت، دیپلۆماتی، ئابووری و سهربازی دەیکەین. هەتا ئێستا لە هێڵی گیانبازیدا بەرخۆدانمان کردووە، لێرە بەدواوەش به ههمان شێوه بەرخۆدان دەکەین. لهپێناو ئازادی و بوونی کورد لە هەموو پارچەکان بەرخۆدان دەکەین. پەکەکە هێزی بوون و ئازادییە. لهپێناو بوون و ئازادی هێزی بەرخۆدانه لە هێڵی گیانبازیدا. هێزی خۆپاراستنی بوونی کوردی ئازاده. ئێمه لەو ڕاستییە هەتا ئێستا بەردەوام بووین، لهمهودواش بەردەوام دەبین. تۆڵەی هەر هێرشێكی فاشیستی و قڕکهر دەکەینەوە. هێزی ئەو دادگاییکردنەی مێژوو لە هێڵی ئازادیی کورد دایە. ئەرکی ئەو دادگاییکردنە وەک چۆن هەتا ئێستا کراوه، لهمهودواش دەکرێت.
چ ئهركێك دەکەوێتە ئەستۆی گەلی کورد و هێزە دیموکراتییهکان بهتایبهتی گەلی باشووری کوردستان؟
زۆر پێویست ناکات ئەوە زۆر بگوترێتهوه، چونکە هەموو شتێک ئاشکرایە. ئەوەی کە کراوە هێرشێکی قڕکردنه - کۆمەڵکوژییە کە تاوانێكی زۆر ناڕەوایە. کەس ناتوانێت بڵێت، «من نەمدیت، تێنەگەیشتم کە دەوڵەتی تورک ویستی چی بکات، چی کرد». بە شێوەیەکی ڕاشكاوانه دەڵێن، سوکایەتی بە کورد دەکەین. بە هەموو شێوەیەک زوڵم دەکەن، کۆمەڵکوژی دەکەن. قسەیەکیشیان بۆ دۆزیوهتهوه و دهڵێن، «تیرۆریستەکان دەکوژین». هەموو کوردێک بە تیرۆریست دهزانن، هەموو ئەوانەی کە داوای ئازادیی کورد دەکەن بە تیرۆریستی دەزانن. دواتریش دەڵێن دەتوانن هەموو کارێک لەگەڵ تیرۆریستەکان بکەن؛ بیانكوژن، بیانگرن و سوکایەتییان پێ بکەن. بەو شێوەیە ماف به خۆی دهدات کە هەموو شتێک بکات. پێش هەموو شتێک دەبێت گەلەکەمان ئەوە بزانێت. دەبێت ئێمە زیاتر بۆ مرۆڤایەتی باسی ئەو دۆخە بکەین. جگە لە خۆهۆشیارکردنهوه، خۆڕێكخستن، شهڕكردن و بەرخۆدان چارەیەکی دیکە نییە. لە باکوور، ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژئاوا دۆخەکە بەو شێوەیەیە. لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەو شێوەیەیە. دەبێت هەموان ئەوە باش ببینن.
بەڵێ لەوانەیە لە تێکۆشاندا کەموکوڕی هەبن، هەڵەش دهبن، بەڵام هێرشەکانی دوژمن بەهۆی کەموکوڕی و هەڵەکانمان نییە. هەڵە و کەموکوڕییەکانمان لەوانهیه له تێکشکاندنی ئەواندا لاوازی دروست بكات. بۆیە دەبێت پێش هەموو شتێک حهقیقهتی دوژمن باش بناسین. دوژمنی ئێمه قڕکەره، فاشیست و داگیرکەرە. دەیەوێت لەناومان ببات. دەبێت هەموو کەس لەوە تێبگات. ئەوکاتە ئێمە چۆن هەبوونی خۆمان بپارێزین، بە خۆهۆشیارکردن، بە خۆڕێكخستن، بەرخۆدان و شەڕ دەتوانین خۆمان بپارێزین. ئەوە بۆ چوار پارچەی کوردستان ڕاستە.
بەتایبەتی لە دژی هێرشەکانی تورکیا هێندەی باکوور دەبێت لە باشووریش، لە ڕۆژئاواش لە هەرسێ پارچەکهی دیكهی کوردستان گەل بە ژن، گەنج، پیر، کرێکار و ڕەنجدەرەکانی، بە هێزە ئازادیخوازهكان و هێزە سیاسییەکان هەموویان لە دژی هێرشه فاشیستی و قڕکەرهكان، درێژه به بەرخۆدانی بوون و ئازادی بدرێت.
لەو چوارچێوەیەدا ئێمە دەڵێین؛ با هەموو کەس ڕاستییەکان باش بینێت. داواکاریی ژیانی باشە، بەڵام ژیان قانوونی هەن. بۆ بوون و ژیانێکی ئازاد، دەبێت مرۆڤ له ڕووی سهربازی و عهقڵیهتهوه فاشیزم، داگیرکاری و قڕکردن تێکبشکێنێت. لە دژیان بەرخۆدان بکات. جگە لەوە مافی ژیان لەم دنیایە نییە. سیستهمی دەسەڵاتپەرست و دەوڵەتپەرست ڕاستییەکی بەو شێوەیەی هێناوهته ئاراوه. كهواته پێویسته ئێمە زیاتر خۆمان شارەزا بكهین، خۆمان ڕێكخهین، ببینه یەک و زیاتر بە ڕێبازی داهێنهرانه بەرخۆدان بكهین، شەڕ بكهین. دەبێت لە دوژمن بدەین. دوژمن لاواز بکەین تا ببینە خاوەنی مافی ژیان. ئێمە نامانەوێت کەس لەناو ببەین و بەو شێوەیە درێژه به ههبوونی خۆمان بدەین. کورد بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیەی نییە. بەڵام بێگومان کورد ملکەچی ئەو هێزانەش نابێت کە دەیانەوێت لەناویان ببەن. دەبێت کورد ئەو هێرشانە تێکبشکێنێت کە دهیانهوێت لەناوی ببهن. بۆ ئهوهی بهشێوەیەکی ئازاد بژیت. ڕاستیی بابەتەکە ئەوەیە.
بۆیە، هەتا ماوەیەک هێرشەکانی تورکیا لە دژی گەلی باکووری کوردستان بوون. بەڵام ئێستا هەموو کەسێک دەبینێت کە هێندەی باکوور لە دژی باشووریشە، لە دژی گەلی ڕۆژئاوایە. عەفرینی داگیر کرد، دەڵێت کە ڕۆژهەڵاتی فوراتیش داگیر دەکات. دەڵێت کە چەتەکانی خۆی و هەموو دوژمنهكانی کورد لەوێ جێگیر دەکات. لە ٥ تا ١٠ کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاكی باشووری کوردستان و دەڵێت، «هەموو شوێنهكان دەگرم، شەنگال دەگرم، سلێمانی دەگرم». ئامانجەکەی ئەوەیە، دەبێت هەموان ئاگاداری ئهمه بن.
كهواته دەبێ ئێمە چی بکەین؟ دەبێت ئهم بهباشی لهم ڕاستییه تێبگەین. بەوانە بڵێین کە تێناگەن، با دوژمنایەتییەکە هێندە تووند نەکەینهوه، بەڕاستیش باسی بابهتهكه بكهین. پێویسته مرۆڤ بهرپرس و کادیرانی پەدەکە و یەنەکە تێبگهیهنێت. دەبێت خۆیان لەو دۆخە ڕزگار بکەن کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی تەسک و بچووک دهكهنهوه. ئەگەر ناتوانن ببنە پێشەنگ، جەسارەتیان بۆ شەڕ و فیداکاری نییه، با ههر نهبێت نەبنە بەربەست. ئەوەی لەدەستیان دێت پشتگیری بکەن. ئەویش هەر باشە. کەس ناڵێت، «با بێن ببنە فەرماندە و ببنە پێشەنگ». بەڵام با نەبنە لایەنگری دوژمن، لەگەڵ دوژمن هێرش نەکەن، بەربەست لە بەردەم بەرخۆدان دروست نەکەن. با نەبنە بەربەست لە بەردەم گەلی کورد، لە بەردەم تێگەیشتنی ئازادی، ڕێکخستنبوون و بەرخۆدانی ئازادی و هەبوونی گەل. هەتا لەدەستیان دێ با هاندهر و بەشدار ببن، ههر نابێت لهم بهرهیه بن. دەبێت ئەمە بەو شێوەیە بە ئاشکرا باس بکەین.
دەبێت گەلەکەمان لەو چوارچێوەیەدا ڕاستییەکان باش ببینێت، باش لێیان تێبگات. دەبێت ڕاستیی سیستهمی دەسەڵاتپەرست – دەوڵەتپەرست، ڕاستیی ئەو دنیایەی کە هەیە، ڕاستیی ئەو قڕكردنهی سهد ساڵه بهسهر كوردا دهسهپێنرێت، تێبگات. پێش هەموو شتێک تێگەیشتن زۆر گرنگە. لە دژی ئێمە دوژمنێک هەیە کە دەیەوێت لەناومان ببات. دەبێت ئەوە ببینرێت. ئەگەر بەرخۆدانێکی کاریگەر بكرێت ئەو کاتە دهتوانرێت هێرشی داگیرکاری و قڕكردن تێکبشکێندرێت. ئازادی و بوونی کورد دهكرێت مسۆگەر بکرێت. سەرکەوتن بئافرێنرێت. تێکۆشانی پەکەکە ئەوەی زۆر جار نیشان داوه. پێشکەوتنهكان لە باشوور، ڕۆژئاوا و باکوور بە شێوەیەکی کراوە ئهوهی پیشانداین. کهواته چەنده تێبگەین، خۆمان ڕێكخهین و تێبکۆشین، ئهوهندهش سەردەکەوین، بوون و ئازادیی خۆمان مسۆگەر دەکەین. بۆیە دەبێت ئێمە لەو شتە و خۆشمان دڵنیا بین. بۆ ئەوەش بوێری، فیداکاری، تێگەیشتن، ڕێکخستن و یەکێتی پێویسته. دەبێت نەتەوەی دیموکراتی لە پێشکەوتووترین ئاستدا بئافرێنرێت. دەبێت ئێمە پێکەوە مامهڵه بکەین، لە پێكهوهژیاندا لە ئاستێکی هەرە بەرزدا یهكگرین، هێز و پشتگیری به یەکتری بدهین. ئەوەی بە دەستمانەوەیە دابەشی بکەین و هێزەکەمان لە دژی فاشیستی قڕکەر لە بەرخۆداندا بەکاربهێنین. ئەوە مەرجە. ئەوەیە ڕاستیی ئێمە. دەبێت هەموان ئەوە ببینن. کەواتە ژیانێکی هەرزان نییە، ئازادی و بوون بەئاسانی بهدینایهت. بە تێگەیشتن، ڕێکخستنبوون و تێکۆشان بە هەموو جۆره قوربانیدانێك دهكرێت بئافرێنرێت. بەڵام کاتێک ئێمە بۆ ئەوە تێبکۆشین سەردەکەوین. دەبێت لەوە دڵنیا بین.
لەو چوارچێوەیەدا بانگی سیاسەتی کورد دەکەم كه ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ دهوڵهتی تورك هەیە شهرمهزار بکەن. وههایان لێ بكهن دەستبەرداری ئەو پەیوەندییانە بن و له دژی هێرشە فاشیستی و قڕکردنهكان هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت. بانگی گەلی کورد دەکەم کە ڕاستییەکان باش ببینێت. لە هێڵی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆدا یەکگرن، خۆیان شارەزا بکەن، خۆیان ڕێكخهن، لە دەوری تێکۆشانی ئازادیی پەکەکە ببنە یەک. لە دژی ئەو سیاسەت و زهنییەتەی کە دەیەوێت بمانکوژێت - بمانتوێنێتەوە، بهشێوەیەکی یهكگرتوو لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا بەرخۆدان بکەن و سەركهون.
s.m