كه‌جه‌كه‌ په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی دیار غه‌ریب كرد

كه‌جه‌كه‌ په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كه‌جه‌كه‌ دیار غه‌ریب كرد و به‌ڵێنی سزادانی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی دا كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ شه‌هیدكردنی دیار غه‌ریب.

هاوسه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی دیار غه‌ریب كرد كه‌ ڕۆژی ٥ی ته‌مووز\١٤ی پووشپه‌ڕ له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی ئاسمانیی سوپای توركی داگیركه‌ر له‌گه‌ڵ دوو هه‌ڤاڵی له‌ قه‌ندیل شه‌هیدبوو. په‌یامه‌كه‌ له‌ مه‌ڕاسیمی پرسه‌ی دیار غه‌ریب له‌ شاری سلێمانی له‌ لایه‌ن لوقمان عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه‌ خوێنرایه‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌:

خانەوادەی بەڕێز؛

ئێستا ئێوە و بزووتنەوەكەمان و خەڵكی باشوری كوردستان و تەواوی گەلی كوردستان لە نێو بەڕێوەبردنی مەراسیمی بەرز ڕاگرتنی شەهیدبوونی هەڤاڵمان هەڵمەت (دیار غەریب محەمەد)دان، كە لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەدا لە میانەی هێرشێكی دەوڵەتی  فاشیستی توركیا و بە چاوساغی سیخوڕان و بەكرێگیراوان لەگەڵ دوو لە هەڤاڵانیدا(هەڤاڵان دەوران و شاهین)شەهید بوون و ڕێگای كاروانی شەهیدانیان گرتەبەر، بەناوی خۆمان و بزووتنەوەكەمانەوە سەرەخۆشی و غەمگینی قووڵمان بە شەهیدبوونی ڕۆڵە خۆشەویست و هێژاكەی خانەوادە بەڕێزەكەتان و هەڤاڵی پێشەنگی تێكۆشانی ئازادیمان هەڤاڵ هەڵمەت بۆ ئێوە و هەموو كەس و كار و گەلی باشوری كوردستان دەردەبڕین، مسۆگەر شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت هەروەكچۆن ئازارێكی پڕ بەسوێیە بۆ ئێوە، بە هەمان شێوە بۆ ئێمە و بزووتنەوەكەمان و خەڵكی وڵاتپارێزی باشوری كوردستان و هەموو گەلی وڵاتپارێزی كوردستان ئازارێكی هێجگار مەزنە، مەگەر تەنیا بە ئەنجامگەیاندنی ڕێنمایی، خەون و ئامانجەكانی هەڤاڵ هەڵمەت و شەهیدانی ڕێگای ئازادی بتوانین لەم ئازارە كەمبكەینەوە، ئێمە دەرك بەوە دەكەین بە ئامانجگرتنی هەڤاڵ هەڵمەت لەم هێرشەدا بۆ زەبر وەشاندن بوو لە بزووتنەوەی ئازادی گەلی كوردستان بەگشتی و باشوری كوردستان بە تایبەتی، بەڵام خاوەنداریكردنی ئێوە و ئێمە و گەلەكەمان لە باشور و هەموو كوردستان لە ڕۆڵە بە ئەمەك و جەربەزەكەی خۆی، ئێمەش ئەم شەهیدبوونە دەكەینە سەرچاوەی هەڵنانی قەڵەمبازێكی شۆڕشگیرانەی مەزن و بە سەركەوتن گەیاندنی بەرخۆدانی ئازادیخوازانەی گەل، كە ئەمە ئاوات و ئامانجی بنچینەیی هەڤاڵ هەڵمەت-یش بوو.
 
هەڤاڵمان هەڵمەت لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوی تێكۆشانی شۆڕشگێڕی خۆی لەناو بزوتنەوەی ئازادی- پەكەكە-دا نمونەی كەسایەتییەكی شۆڕشگێڕی پێشەنگ و سەركردەیەكی دڵسۆز و هۆشیار و خۆشەویستی ناو بزوتنەوەكەمان و خەڵك بووە، بەو پەروەردە جوان و پاكەی لە نێو خانەوادەكەیدا و لەلای ڕێبەرایەتیمان(ڕێبەر ئاپۆ)و بزووتنەوەكەمان بینیبووی، كەسایەتییەكی خاوەن تایبەتمەندی بەرزی ئەخلاقی شۆڕشگێڕی و سیاسی و كۆمەڵایەتی بوو.

هەڤاڵی شەهیدمان هەڤاڵ هەڵمەت كە ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیمان و كۆمیتەی ناوەندی  پەكەكە بوو پێشتریش لە گەلێك خەباتی دیكە لە باشوری كوردستاندا ڕۆڵی پیشەنگایەتی بینیوە بەتایبەتی لە خەباتی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستاندا كە ئامادەبوو ئەركی سەرۆكایەتی لە ئەستۆ وەربگرێت هەروەها لە هەر شوێنێك و لە هەر بارودۆخێكدا ئەرك  و بەرپرسیاریتییەكانی سەرشانی بەڕێك و پێكی بەجێدەهێنا لەبەر ئەوەی خاوەن هۆشیارییەكی بەرزی مێژوویی و سۆسیۆلۆژیی بوو، هەموو كات لە هەوڵی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی هەڤاڵانی گەلەكەی بوو، لە پێناو بەدیهێنانی یەكێتی نەتەوەییدا خەباتێكی مەزنی بەڕێوەبرد لە ژیان و تێكۆشانی شۆڕشگێرانی ٢٥ ساڵەی خۆیدا نوێنەرایەتی و پێداگریی لەسەر فیكر و خەتی ئازادیخوازیی ڕێبەر ئاپۆدا دەكرد، بۆیە بە ئامانجگرتنی لەم هێرشەدا بە واتای بە ئامانجگرتنی خەتی ئایدۆلۆژیی و سیاسی  ڕێبەر ئاپۆ دێت.

ئێمە لە كاتێكدا بە پیرۆزیی و شكۆدارییەوە یادەوەریی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت بەرز ڕادەگرین، ئەو خاوەندارێتییە بەرزەی ئێوەش لە ڕۆڵە بە ئەمەك و ئازیزەكەتان بەرز دەنرخێنین، كە نیشانەی ئاستی بەرزی  وڵاتپارێزی و هۆشمەندیی و پابەندبوونی ئێوەیە بە  تێكۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت  و بزوتنەوە ئازادیخوازەكەمان، بەڵێن و پەیمانی شۆڕشگێڕیی خۆمان بۆ ئێوە و گەلەكەمان و مێژوو دوپاتدەكەینەوە كە بۆ بەدیهێنانی ئامنجە مەزنەكانی هەڤاڵ هەڵمەت و سەرجەم شەهیدانی ڕێی ئازادی، بە وەشاندنی زەبری قورس لە دوژمن و بەسزاگەیاندنی نۆكەرانی، وەڵامی پێویستی ئەو هێرشەی داگیركاران و خائینان دەدەینەوە.

دووبارە سەرەخۆشی و خەمگینی قووڵی خۆمان بە شەهیدبوونی هەڤاڵمان(دیار غەریب)بۆ ئێوە و هەموو كەس و كار و گەلی باشور و تەواوی خەڵكی كوردستان دەردەبڕین، مسۆگەر ئەو ڕێباز و فیكر و تێكۆشانەی هەڤاڵ هەڵمەت لە پیناویدا گیانی خۆی بەخشی سەردەكەوێت.

s.m