کۆمەڵگه‌ی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - کۆدار ئه‌مڕۆ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و هێرشی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیای داگیركه‌ری بۆ سه‌ر شه‌نگال ئیدانه كرد.
كۆدار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، «دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بەم هێرشە‌ی سه‌ر شه‌نگال، جارێکی دیكه دوژمنایه‌تی خۆی بۆ خەڵکی ئێز‌دی و هه‌موو گەلانی ئازادیخواز دووپات کردەوە. ئەو هێرشە به‌رده‌وامی هێرشەکەی داعش و هەروەها فەرمانی ٧٣هه‌مینه.»
كۆدار ڕه‌خنه‌ی توند له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌گرێت له به‌رانبه‌ر بێده‌نگی و هه‌ڵوێستیان له ئاست هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا.
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا، كۆدار ئاماژه‌ی به كه‌سایه‌تی و تێكۆشانی زه‌كی شه‌نگالی كردووه كه له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌دا شه‌هید بوو.
«زەکی شەنگالی، رێبەرێکی کومه‌ڵگه‌ی ئێزدییەکان بوو کە به ساڵانه بۆ ئازادیی گه‌لی ئێز‌دی تێکۆشانی ده‌کرد، ڕێبەرایەتی خەڵکەکەی ده‌كرد و خاوەنداره‌تی لە گەلی خۆی ده‌كرد. هه‌ڤاڵ زەکی شەنگالی هەر رێبەرێکی ئێز‌دی نەبوو، به‌ڵکو سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو و شۆڕشگێڕێکی گەلی کوردستان بوو. ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی گەلی کوردستان تەرخان کردبوو.»
كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌یدا داوای له هاوپەیمانه‌تیی نێودەوڵەتی دژی داعش و هەموو هێز و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان كردووه لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا هەڵوێستی جدی پیشان بدەن و خاوەنداره‌تی لە باوەڕدارانی ئێز‌دی بکەن. هاوكات كۆدار بانگی هەموو لایه‌ن، پارتی، رێکخراوه‌كان و گەلی کوردستان به تایبه‌ت گه‌لی ڕۆژهه‌ڵات له ناوخۆ و هەنده‌ران كردووه كه خاوەنداره‌تی لە شەنگال و خەڵکی ئێز‌دی بکەن و هەڵوێستی جدی لە بەرانبەر ئەم هێرشانە پیشان بده‌ن.
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی كۆدار:
«جارێکی دیکە بینەری فەرمانێکی تر دژ به گه‌لی ئێز‌دی و پێشەنگانی کۆمەڵگای ئێز‌دی له لایەن دەه‌وڵه‌تی فاشیستی تورک ده‌بین. دوژمنکاریی دەوڵەتی تورکیا به‌رامبه‌ر هەموو کوردان له هه‌ر چوار به‌شی کوردستان و بەتایبه‌ت باوەڕدارانی ئێز‌دی بەردەوامە. فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا له کاتێکدا جارێکی دیکە هێرشی نامرۆڤانه‌ی خۆیان دژ به گەلی شەنگال به‌ڕێوه دەبەن که هێشتا برینی گه‌لی شەنگال ساڕ‌ێژ نه‌بووە و هه‌ر ڕۆژ ڕوبه‌ڕووی کۆمەڵکوژییه‌كی تر ده‌بنه‌وه.
ئێمە ئەو هێرشە نامرۆڤانەیە بە توندی شەرمەزار ده‌كه‌ین و هەمانکات سەرەخۆشی لە گەلی کوردستان و باوەڕدارانی ئێز‌دی ده‌كه‌ین.
شەنگال کە مەڵبەندی ئێزدییەکانە، لەو فەرمانه‌ی که ساڵی ٢٠١٤ له لایەن داگیرکارانی داعش ڕوبه‌ڕووی كرایه‌وه، به دەیان هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەربوون و بە هەزاران ئێزدیش بێ سەروشوێن بوون و کۆمەڵکوژ کران، هەزاران ژن رفێنران و تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.
یەکێک لەو گوندانەی کە داعش کۆمەڵکوژی تێدا کردبوو، گوندی کۆجۆ بوو کە به سه‌دان ئێز‌دی لەوێدا کۆمەڵکوژ کران و زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
لە کاتێکدا که چوارەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی کۆجۆ له شەنگال بەڕێوە ده‌چوو، کەژاوەی ڕێوڕەسمەکە کەوتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و ژمارەیەکی زۆر گیانیان لەدەستداو بریندار بوون. یەکێک لەو کەسانەی کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا شەهید بوو، زەکی شەنگالی، رێبەرێکی کومه‌ڵگه‌ی ئێزدییەکان بوو کە به ساڵان بۆ ئازادیی گه‌لی ئێز‌دی تێکۆشانی ده‌کرد، ڕێبەرایەتی خەڵکەکەی ده‌كرد و خاوەنداره‌تی لە گەلی خۆی ده‌كرد. هه‌ڤاڵ زەکی شەنگالی هەر رێبەرێکی ئێز‌دی نەبوو، به‌ڵکو سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو و شۆڕشگێڕێکی گەلی کوردستان بوو. ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی گەلی کوردستان تەرخان کردبوو. دوای تێكۆشانێکی دوور و درێژ و بێ وچان لە ڕیزی شۆڕشی کوردستاندا، گەیشتە کاروانی نه‌مرانی کوردستان.
دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بەم هێرشە‌ی سه‌ر شه‌نگال، جارێکی تر دوژمنایه‌تی خۆی بۆ خەڵکی ئێز‌دی و هه‌موو گەلانی ئازادیخواز دووپات کردەوە. ئەو هێرشە به‌رده‌وامی هێرشەکەی داعش و هەروەها فەرمانی ٧٣هه‌مینه.
تورکیا بەو هێرشە جارێکی دیكه هەموو پەیمان و نۆرمە نێودەوڵه‌تییەکانی خستە ژێر پێی. ئەو دەوڵه‌تە بە ئاشکرا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەڕێوە ده‌بات. دەوڵەتی عێراقیش بە بێدەنگییەکەی و ئەرێکردنەکەی لەو هێرشە بەرپرسیارە. بە هەمان شێوە بێدەنگی و بێهەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی باشووری کوردستانیش جێی گومانە و ده‌بێته هاندەر لەو جۆرە تاوانەدا. ئەمڕۆ زیاتر ئاشکرا بوو کە خەڵکی شەنگال بەردەوام لەژێر هەڕەشە و هێرشی کۆمەڵکوژیدان.
هه‌ر بۆیه ئێمە وه‌ک كۆدار داوا ده‌كه‌ین هاوپەیمانه‌تی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەموو هێز و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و هەموو ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن « مرۆڤ»، لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا هەڵوێستی جدی پیشان بدەن و خاوەنداره‌تی لە باوەڕدارانی ئێز‌دی بکەن.
هەروەها بانگ له هەموو لایه‌ن، پارتی، رێکخراوەكان و گەلی کوردستان به تایبه‌ت گه‌لی ڕۆژهه‌ڵات له ناوخۆ و له هەنده‌ران ده‌كه‌ین خاوەنداره‌تی لە شەنگال و خەڵکی ئێز‌دی بکەن و هەڵوێستی جدی لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا بگرن.»
s.m