كۆنگرەیەكی تایبەت بە کێشەکانی ژنانی کەرکوک بەڕێوەچوو

پەیمانگای ژنانی سەركردە لە شاری كەركوك، دۆخی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی گێچەڵ بە کچان و و ڕەخساندنی هەلی كار و چارەسەری بۆ كێشەكانی ژنان لە شاری كەركوک لە كۆنگرەیەكدا تاوتوێكرد.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ پەیمانگای ژنانی سەركردە بە هاوكاریی بەشی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا كۆنگرەیەكی لە شاری كەركوك ئەنجامدا.

ئەو کۆنگرەیە بۆ هەڵسەنگاندنی پرسەكانی تایبەت بە ژنان و چارەسەركردنی كێشەكان و فێرکردنی پیشە بۆ ژنان و رووبەرووبوونەوەی گێچەڵ بە کچان و ژنان لە قوتابخانە و شوێنی کارکردن بوو.

پارێزەر ئیمان عەبدولڕەحمان بەرپرسی پەیمانگای ژنی سەرکردە دەربارەی کۆنگرەکەیان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "پەیمانگای ژنانی سەركردە بە هاوكاریی بەشی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان پرۆژەیەکمان لە هەردوو پارێزگای کەرکوک و ئەنبار کردووەتەوە. ئەم پرۆژەیە پاڵپشتیی ژنانی رزگاربوو و خاوەن پێداویستی دەکات لە لایەنی یاسایی، دەروونی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بێبەرامبەر ."

ئیمان عەبدولڕەحمان راشیگەیاند: ''لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گێچەڵ بە کچان و ژنان لە شوێنی کارکردن و کۆلێژەکان. نەک تەنها لە کەرکوک بەڵکو لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ئەم کێشەیەی هەیە."

ئەوەشی راگەیاند: "کاری بچووک و کارگەی بچووکمان بۆ ژنان کردووەتەوە تا ببنە خاوەن کاری تایبەت، کە لە چوار ژن پێکهاتوون. ئەمە سێیەم کۆبوونەوەمانە، کە کۆتا کۆبوونەوەی ئێمەیە لە ئەمڕۆ بەدواوە لیژنەکە کاردەکات ئێمە تەنها چاودێریی دەکەین."  

ر.م