له‌ خورماتوو داگیركاریی توركیا شەرمەزار كرا

ئەنجومەنی دووزخورماتووی تەڤگەری ئازادی دژبە داگیركارییەكانی توركیا له‌ باشووری كوردستان ڕایگه‌یاند، ئەم داگیركارییە درێژكراوەی ڕووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەرە.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی دووزخورماتووی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگه‌ی كوردستان له‌نێو بارەگه‌كەی خۆی له‌ شارۆچكه‌كه‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی دا و ئیدانه‌ی داگیركارییەكانی توركیای كرد له‌ باشووری كوردستان.

خالد قادر ئەندامی ئەنجومەنه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، «ئەو هێرش و داگیركارییەی دەوڵەتی تورك ئیدانە و ڕیسوا دەكەین. سەری ڕێز و ئەمەكداری بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگه‌ی ئازادی دادەنەوێنین. هاوخەمیی خۆمان دەردەبڕین بۆ كەسوكاری قوربانیانی هێرشەكانی ئەم دواییەی دەوڵەتی توركیا. پێمان وایە ئەم داگیركارییە درێژكراوەی ڕووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەرە. خەڵكی خورماتوو هێشتا برینەكانی ساڕێژ نەبووە جارێكی دیكه‌ گەلەكەمان لەلایەكی دیكه‌وه‌ بریندار دەكرێت.»

ناوبراو گوتیشی، «داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەین، هەست بە به‌رپرسایه‌تی و مەترسییەكانی ئەم قۆناغە بكەن. بێدەنگی بشكێنن و ڕێگه‌ بە دەوڵەتی توركیا نەدەن لە داگیركردنی خاكەكەمان، شەهیدكردنی هاوڵاتییانی مەدەنی و وێرانكردنی ڕەز و باخ و ماڵی هاوڵاتیان.»

s.m