لە ئامەد شەڕ قورسە؛ ٣ سەرباز کوژران

گەریلاکانى هەپەگە لە گردی هارون لە شەمزینانى شرنەخ و لە نێوان لیجە و هێنێى ئامەد هێرشیان کردە سەر سوپاى داگیرکەرى تورکیا و بەو هۆیەوە ٤ سەرباز کوژران و ٢ گەریلاش شەهیدبوون.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) راگەیاندراوێکى لەبارەی ئەو شەڕانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزى گەریلا لە شەمزینان چالاکییەکیان بە قەناس ئەنجامداوە و لە ناوچەى لیجە و هێنێى ئامەد لەگەڵ یەکەى شاراوەى سوپاى تورکیا شەڕ روویداوە و لە ئەنجامى ئەو شەڕانەشدا ٤ سەربازى تورکیا کوژران.

لە گردی هارون سەربازێک کوژرا

لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە "هێزى گەریلا لە چوارچێوەى هەڵمەى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری دا لە رۆژی ٧ی ئابی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ١٨:٣٠ى لە گردی هارون لە ناوچەى شەمزینانى جۆلەمێرگ چالاکییەکیان لە دژى سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر بە قەناس ئەنجامدا. لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە و سەربازێکى تریش برینداربووە.

لە لیجە – هێنێ لە دژى یەکەى شارەوانى سوپاى تورکیا چالاکى: ٣ سەرباز کوژران

رۆژی ١ى ئابی ٢٠١٨ سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر لە گۆڕەپانى شەهید رۆژهات لە نێوان ناوچەکانى لیجە و هێنێ لە بەکرا، ئەلیکا، دیرکام، ئەلنەخیر و سەرد بە پشتیوانیى یەکەى شاراوەیان دەستى بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنێک کرد. رۆژی ٢ى ئابی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ دا لە نێوان هێزەکانمان و یەکە شاراوەکانى سوپاى تورکیا شەڕ روویدا. شەڕەکە تاوەکو کاتژمێر ٣ى ئاب بەردەوامبوو و لە ئەنجامدا ٣ سەربازى دوژمن کوژران و چەندین سەربازى تریش برینداربوون.

 ٢ گەریلا شەهید بوون

لە شەڕدا هێزە داگیرکەرەکان بە پشتیوانى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بە چڕی شوێنى شەڕەکەیان بۆردومان دەکرد. هاوڕێیانمان شاهین ئامەد و ئازاد رۆژهەڵات کە تا دوا گولـلەیان قارەمانانە لە دژى دوژمن شەڕیان کرد شەهید بوون. دواتر زانیاریى زیاتر لەبارەى ناسنامەى هاوڕێ شەهیدەکانمان لەو شەڕەدا، بۆ راى گشتی بڵاودەکەینەوە".

ر.م