لە ئەلکێ ٨ کەس بە لێدان و ئەشکەنجەکردن دەستگیرکران

یەکە تایبەتەکانى پۆلیسی دەوڵەتى تورک لە ناوچەى ئەلکێى شرنەخ هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵی هاووڵاتییان.

پۆلیسەکان لە هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییاندا، ٨ هاووڵاتییان بەشێوەى توندوتیژانە و بە لێدان و ئەشکەنجە دەستگیرکرد.

٢ کەس لەو دەستگیرکراوانە لە ماڵەکانى خۆیاندا نەخۆش بوون و لە کاتى وەرگرتنى چارەسەری دا بوون.

پۆلیسەکان لە دواى پشکنینى ماڵەکان هەر یەک لە عەگید دورموش، عەزیز ئایکوت، رەمەزان ئایکوت، شەعبان چۆکدۆغان، شوکرو گیوڤەن، عەلی ئاکداغ، ئەکرەم یگیت و سەلیم ئەبی-یان دەستگیرکرد. س.ی تەمەن ١٧ ساڵ بەهۆی توندوتیژی و لێدانى پۆلیسەکانەوە جەستەى شین و مۆر بووەتەوە.

پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا هەر یەک لە هاووڵاتییان رەمەزان و عەزیز ئایکوت کە تووشبووی نەخۆشیى شێرپەنجە بوون و لە ماڵەکانى خۆیاندا چارەسەرییان بۆ دەکرا، دەستگیریان کردن.

هەر یەک لە رەمەزان و عەزیز چارەسەری کیمیاییان بۆ دەکرا. سەرباری ئەوەش کەسە دەستگیرکراوەکانیان برد بۆ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ئەلکێ و تاوەکو ئێستاش هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان نەزانراوە.

ر.م