لە بەغداد هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدرێت و لە هەولێریش بارودۆخ نادیارە

ئەگەرچی هێشتا دواین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەى ١٢ى ئایاری پەرلەمانى عێراق ئاشکرانەکراون، بەڵام بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەوڵ دەدرێت. لەلایەکی ترەوە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژەڤدایە.

ئەگەرچی هێشتا دواین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەى ١٢ى ئایاری پەرلەمانى عێراق ئاشکرانەکراون، بەڵام بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەوڵ دەدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی نیشتیمانی پاڵێوراوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق ئاشکرا کرد. لەلایەکی ترەوە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژەڤدایە.

ماوەی سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی عێراقدا تێدەپەڕێت کە لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەچوو. ئەگەرچی هێشتا دواین ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە ئاشکرانەکراون، بەڵام هەوڵ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەدرێت. لیستی سائیرونی موقتەدا سەدری شیعی کە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لە هەوڵدایە و چاوپێکەوتن و دیداری لەگەڵ چەندین لیستی تردا ئەنجام داوە. هاوپەیمانی فەتح کە سەر بە حەشدی شەعبییە و هادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات کەوتووەتە هەوڵەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

وتەبێژی هاوپەیمانی فەتح ئەحمەد ساعدی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەوڵی زۆریان داوە. ئاماژەی بەوەش داوە کە بۆ ئاشکراکردنی حکومەتی نوێی عێراق لەگەڵ گەورەترین هاوپەیمانیدا، لە چاوەڕوانی ئاشکراکردنی دواین ئەنجامە فەرمیەکانی هەڵبژاردندان.

ساعدی وتیشی "بۆ بەرنامەی پێکهێنانی حکومەت لە چوارچێوەی نەتەوەییدا، دەستمان بە گفتوگۆ و هەوڵدان کردووە. لەم بارەیەوە پێشکەوتن هاتوونەتە ئاراوە. بەرنامەی هاوپەیمانیی فەتح لەلایەن زۆربەی لایەنەکانەوە پەسەند کراوە".

ساعدی باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان نەکرد، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە کاندیدی هاوپەیمانی فەتح نوری مالیکی بێت، بەهۆی نزیکایەتیى مالیکی لە ئێرانەوە، ئەمەریکا دژ بەو هەڵبژاردەیە. دەوترێت کە ئەگەر هەڵبژاردەی ئەو هاوپەیمانێتییە مالیکی بێت، ئاڵۆزیی دروست دەبێت.

هاوپەیمانی نەسر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دانیشتن و گفتوگۆیان ئەنجام داوە و پێشنیاری ئەوەیان کردووە، کە جارێکیتر حەیدەر عەبادی هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام ئەو پێشنیارەی هاوپەیمانی نەسر پەسەند نەکراوە.

کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی

لایەنە عێراقییەکان لەهەوڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدان و یەکێتیی نیشتیمانیش جەختی لەوە کردووەتەوە، پاش هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی ئاشکرا دەکەن.

بەڵام هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دیار نییە یەکێتی کێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی دیاری دەکات. لە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی نیشتیمانی پی یو کەی میدیادا، ناوی محەمەد سابیر ئیسماعیل بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەهێنرێت، بەڵام سەرچاوە نزیکەکانی یەکێتی دەڵێن کە ئەگەری هەیە ئەو پاڵێوراوە بگۆڕدرێت، بەڵام تا ئێستا محەمەد سابیر ئیسماعیل پاڵێوراوە بۆ ئەو پۆستە.

دیار نییە لە باشوور هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت یان نا

لە هەرێمی فیدراڵی کوردستاندا، نادیاری و ناشەفافیی سیاسیی هەیە. لە باشووری کوردستان دەبوایە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، هەڵبژاردن ئەنجام بدرایە، بەڵام ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن پەرلەمان و حکومەتەوە بۆ ٣٠ ی ئەیلولی ئەمساڵ دواخرا. پارتە سیاسییەکان بە گوێرەی ئەو بارودۆخە ئامادەکاری دەکەن. پارت و لیستەکان پاڵێوراوەکانی خۆیان رادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کردووە، بەڵام لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵێکی تر دوا بخرێت.

بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و چەند پارتێکی تر لێدوان و ڕاگەیەندراویان بڵاوکردووەتەوە کە دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. بەڵام هەتا ئێستا پارتی و یەکێتی دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا هیچ لێدوان و ڕاگەیەندراوێکیان بڵانەکردووەتەوە بۆ ڕای گشتیی.

ئەندامی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی ئازاد تۆفیق دەربارەی هەڵبژاردن بانگەشەیەکی تری بڵاوکردەوە. بەگوێرەی قسەکانی ئازاد تۆفیق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش برێت مەکگۆرک دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا ساز داوە بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق. گوایە برێت مەکگۆرک لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی دانیشتنی ئەنجام داوە و داوای لە بارزانی کردووە کە هەڵبژاردنی کوردستان دوابخرێت کە بڕیارە لە ٣٠ ی ئەیلولی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت. ئازاد تۆفیق وتووشیەتی "برێت مەکگۆرک هۆکاری داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستانی بۆ ڕووداوەکانی ئەم دواییە عێراق گەڕاندووەتەوە و داوای کردووە کە هەڵبژاردنی باشووری کوردستان دوا بخرێت".

ر.م