لە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەخشران

لە ئامەد ٢ منداڵ بە هۆى ئەوەى پەنجەکانیان بە هێمای سەرکەوتن بەرزکردبوونەوە و دروشمى "بژی سەرۆک ئاپۆ"ی وتبوییەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کرا، بەڵام لە دانیشتنى دۆزەکەدا لەو تۆمەتانەى خرابوونە پاڵیان بەخشران.

رۆژی ١٥ى حوزەیرانى ٢٠١٨ لە ناوچەى پیاسی ئامەد ٢ منداڵ بە ناوەکانی ئا.هـ و ئی. تی، کە تەمەنیان ١٧ ساڵ بوو چوون بۆ لوناپارک و لەوێ خزخزانێیان کردبوو. ئەو ٢ منداڵە لە کاتى خزخزانێکەدا پەنجەکانیان بە هێماى سەرکەوتن بەرزکردبووە و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان وتبوویەوە.

لەو کاتەدا پۆلیسەکانى ئەو پارکە بە تۆمەتى ئەوەى ئەو منداڵانە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردووەتەوە، دەستگیریان کردن و بردنیان بۆ بەشی منداڵان لە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى ئامەد. دواى وەرگرتنى وتە لێیان ئازاد کرابوون.

داواکارى گشتیى ئامەد لەبارەى ئەو ٢ منداڵەوە بە تۆمەتى "پڕوپاگەەندە بۆ رێکخستن" دەستیکردبوو بە لیکۆڵینەوە و ماوەى لێکۆڵینەوەکە ١٠ رۆژی خایاندبوو و لە ٢٦ى حوزەیراندا سکاڵانامەیەکى لە دژیان ئامادە کرد. لە سکاڵانامەکەدا داواکرابوو ئەو ٢ منداڵە ٥ ساڵ زیندانى بکرێن.

دادگاى سزا قورسەکانى منداڵان لە ئامەد سکاڵاکەى قبوڵکرد و یەکەم دانیشتنى دۆزەکە لە ٢٦ى حوزەیراندا بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا بە پاساوی ئەوەى تاوان خراوەتە پاڵ ئەو منداڵانە لە تۆمەتەکە بەخشران و بڕیارى ئازادکردنیان بۆ دەرکرا. دادگا دۆزەکەى وەک ئازادیى بیرورا لێکدایەوە و رایگەیاند، دروشمى "بژی سەرۆک ئاپۆ" نابیتە هۆى لێکەوتنەوەى توندوتیژی.

ر.م