لە سلێمانی یادی کۆمەڵکوژیی شەنگال کرایەوە

کۆمەڵێک لە پارت ولایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی بواری ژنان لە شاری سلێمانی،لە چالاکییەکدا یادی چوارەمین ساڵیادی قڕکردنی ئێزیدییەکانیان کردەوە.

 

ئێوارەی دوێنێ، لە پارکی نالی لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان، بە دەستپێشخەری کۆمیتەی ژنانی باشووری کوردستان و بە بەشداریی هەریەکە لە پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدیان و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و بەرەی دیموکراسیی گەل، گردبوونەوەیەک بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆسەر ئێزدییەکان ئەنجامدرا.

لە گردبوونەوەکەدا ژمارەیەک کەسایەتی و هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و هەروەها بەشێک لە گەلی ئاوارەی ئێزیدی بەشداربوون، تیایدا وێنەی کۆمەڵکوژیی شەنگال و دروشمەکانی "سڵاو لەو ژنانەی لە بەرامبەر داگیرکاریدا دەجەنگن"، "هێزی پاراستنی شەنگال تۆڵەی هەموو ژنانیان کردەوە" و "ژنبوونمان شانازیمانە" و ئاڵای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بەرزکرابوونەوە.

ک-ش