ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ١٥:٠٠ ، کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و چین و توێژەکانی شاری سلێمانی، لە بەردەم مۆزەخانەى ئەمنەسوورەکە لە شارى سلێمانى، گردبوونەوەیەک بۆ شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانى هەرسێ زیندانى سیاسى کورد ڕامین حسێن پەناهى، زانیار و لوقمان مورادى ئەنجامدار.
لە گردبوونەکەدا سالار مەحمود، ئەندامى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، قسەىکرد و وتى: شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و پەرلەمانى ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ، کە ڕامین حسێن پەناهى و زانیا و لوقمان مورادى لە سێدارە بدرێت، دەکرا حکومەتى هەرێمیش ڕۆڵى هەبوایە لە ڕاگرتنى سزاى لە سێدارەدانى ئەو سێ زیندانییە سیاسییە، وێنەى لە سێدارەدانى ئەو سێ زیندانییە سیاسییە هەمان وێنەى لەسێدارەدانى پێشەوا قازى محەمەد-ە، گەلى کورد بەم کارانە بەهێزتر و بڵندتر دەبێت".
دواتر ئەمجەد حسێن پەناهى، براى ڕامین حسێن پەناهى، قسەىکرد و وتى:"جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامى نیشانى دا کە بەشێوەیەکى دڕندانە ڕووبەڕووى نەیارانى دەبێتەوە، لەگەڵ لەسێدارەدانى ڕامیندا لوقمان و زانیارى مورادى لە سێدارە دراوە، ئەمڕۆ ڕۆژێکى ڕەش بوو بۆ کوردستان، لەقامیشلۆ وە بگرە هەتاوەکو سنە هێرش هەبوو لەسەر کوردستان".
ئەمجەت حسێن پەناهى رخنەی تووندی ئاراستەی حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و وتى:"وەک ڕەخنەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان پێمان وایە ئەگەرهەوڵێکى ڕاستەقینەیان بدایە لەڕێگەى پەیوەندییەکانیانەوە دەیانتوانى سزاى لەسێدارەى ڕامین ڕابگیرێت، بەڵام نەیانکرد، بۆیە داوادەکەین ئەگەر ڕامینەکانى دیکە ڕووبەڕووى سزاى لە سێدارە بوونەوە ئەوا هەڵوێستیان هەبێت".
بەیانی ئەمڕۆ هاوکات لەگەل مووشەک بارانکردنی بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەکۆیە ڕژیمی ئێران ٣ی چالاکی سیاسی کورد بە ناوەکانی ڕامین حسێن پەناهی، زانیارولوقمان مورادی لە سێدارەدا.