لە چالاکییەکدا لە قەندیل کۆمەڵکوژیى کورتەک ئیدانە کرا

کۆمەڵکوژیى دەوڵەتى تورک لە کورتەک، لەلایەن گەلی بناری قەندیلەوە ئیدانەکرا.

لە شوێنى کۆمەڵکوژییەکەدا چالاکی ئەنجامدرا و راگەیاندرا "ئێمەى گەلی کورد دەبێت ئەوە بزانین، کە کۆمەڵکوژیى کورتەک لە کۆمەڵکوژییەکانى شەنگال، عەفرین و شیلادزێ جیاواز نییە و رێک بەردەوامیى ئەو سیاسەتەیە".

گەلی بناری قەندیل بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکەى کورتەک، کە بەهۆی هێرشی ئاسمانیى دەوڵەتى تورکەوە ٣ هاووڵاتیی تیادا شەهیدبوون و ٥ هاووڵاتیى تریش بریندار بوون، لە شوێنى کۆمەڵکوژییەکە کۆبوونەوە.

چەندین کەس بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد و دروشمەکانى "شەهیدان نامرن" و "تیرۆریست ئەردۆغان" و "بڕوخێت داگیرکەر" وترانەوە.

هەستیار موسا بە ناوی ئەنجوومەنى گەلی بناری قەندیل-ەوە راگەیاندراوێکى خوێندەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کاتێک دەوڵەتى تورک داگیرکەرییەکەى بۆ سەر باشووری کوردستان زیاتر کرد ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجامدا، چونکە دەوڵەتى تورک دەیەوێت هەموو باشووری کوردستان داگیر بکات.

سەرنجی راکێشایە سەر بێدەنگیی حکومەتى هەرێمی کوردستان و عێراق بەرامبەر بە هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر برادۆست و دروستکردنى بنکە و بارەگای سەربازیى تورک لە ناوچەکەدا و وتی "ئەوانە زەمینە و بوار بۆ کۆمەڵکوژی دروست دەکەن".

وتیشی "ئێمەى گەلی بناری قەندیل کۆمەڵکوژیی دەوڵەتى تورکی فاشیست ئیدانە دەکەین. ئێمەى کورد دەبێت ئەوە بزانین، کە کۆمەڵکوژیى کورتەک هیچ جیاوازییەکى لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکانى شەنگال، عەفرین و شیلادزێ دا نییە و کۆمەڵکوژییەکەى کورتەک رێک بەردەوامیى ئەو سیاسەتەیە".

دوای راگەیاندراوەکە بانگ لە هەموو گەلی کورد و بە تایبەتى گەلی باشوروی کوردستان کرا، کە بە رۆح و ورە و ئیرادەى شیلادزێ-ەوە لە دژی هێرشە داگیرکەر و پاکتاوکار و کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر راپەڕن.

ر.م