پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) کۆبوونەوەیەکیان لە قەرەهەنجیر رێکخست. تەڤگەرى ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان و زۆرێک لەلایەنە کوردستانییەکان بانگهێشتى کۆبوونەوەکە نەکرابوون.
یەنەکە لە دواى کۆبوونەوەکە پاڵێوراوی خۆی بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک ئاشکرا کرد. ئەویش رزگار عەلی ئەندامى مەکتەبی سیاسیی یەنەکەیە.
لە دواى ئەوەش محەمەد کەمال ئەندامى ئەنجوومەنى سەرۆکایەتیى پەدەکە لە کەرکوک و گەرمیان رایگەیاند "چوار کەس دەیانەوێت ببنە پارێزگارى کەرکوک. دەبێت لەوبارەیەوە گفتوگۆ بکرێت. هەروەها دەبێت بابەتى پۆستى سەرۆکایەتیى کۆمار لە عێراق روون بێتەوە، چونکە ئەو بابەتانە پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە".
جەمال شوکر بەرپرسی رێکخستنەکانى یەکێتى لە کەرکوک وتى "تەنها رزگار عەلی پاڵێوراوی فەرمیی یەکێتیە بۆ پۆستی پارێزگارى کەرکوک. مەکتەبى سیاسی و گەلی کەرکوکیش ئەوە دەزانن. دەبێت بە خێرایى پارێزگارێک بۆ کەرکوک دیاری بکرێت، چونکە کەرکوک پارێزگاری نییە و کورد رۆژ بە رۆژ پۆستەکانى لە دەست دەدات".
لە کۆبوونەوەکەى هەفتەى رابردووى نێوان پەدەکە و یەنەکە جگە لەبابەتى پارێزگاری کەرکوک بابەتى چالاککردنەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکەش گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
ئاماژە بەوەدەکرێت، لیژنەیەکى ٤ کەسی بۆ چالاککردنى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکوک دروستکراوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا یەکەم کۆبوونەوەى خۆی دەستپێبکات.
بەرەی تورکمانی دژایەتیى دەکات
حیزبە تورکمانەکانى کەرکوک دژایەتییان بۆ کۆبوونەوەى هاوبەشی حیزبە کوردییەکانى کەرکوک دەربڕی و رایانگەیاندووە، قبوڵی ناکەن پارێزگارى کەرکوک کورد بێت.
قاسم قازانجی ئەندامى مەکتەبی سیاسیى بەرەى تورکمانیى عێراق (ITC)، کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیى لێدەکرێت وتى "وەک بەرەی تورکمانی بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین دۆخی پێش ١٦ى ئۆکتۆبەر بگەڕێتەو بۆ کەرکوک. دەمانەویت حکومەتى عێراق کەرکوک کۆنترۆڵ بکات. ئیمە قبوڵ ناکەین کە تەنها حیزبێک حاکمی کەرکوک بێت".
کورد لە بەرامبەر دژایەتییەکەى بەرەى تورکمانیدا و بۆ ئەوەى کۆتایى دۆخی سەربازی کەرکوک بهێنێت، دەیەوێت لە دواى هەڵبژاردنی پارێزگار، تورکمانێک بۆ جێگری پارێزگار بۆ کاروباری ئەنجوومەنى پارێزگا و عەرەبێکیش بۆ جێگری پارێزگار ئەرکدار بکرێن.
ر.م