لە کەرکوک یادی لەیلا قاسم و شەهیدانی هەفتەی قارەمانی بەرز ڕاگیرا
لە چالاکییەکدا لە شاری کەرکوک یادی هەریەک لە شەهید لەیلا قاسم و شەهیدانی هەفتەی قارەمانی بەرز ڕاگیرا.
لە چالاکییەکدا لە شاری کەرکوک یادی هەریەک لە شەهید لەیلا قاسم و شەهیدانی هەفتەی قارەمانی بەرز ڕاگیرا.
ئەم شەو لە شاری کەرکوک لەلایەن رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (رەژاک) مەراسیمێک رێکخرا بۆ یادکردنەوەی هەریەک لە شەهید لەیلا قاسم و شەهیدانی هەفتەی قارەمانی، لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتیانی کەرکوک بەتایبەتی ژنان ئامادە بوون.
لە مەراسیمی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید لەیلا قاسم و شەهیدانی هەفتەی قارەمانی، لەلایەن سومەیە جەلیل ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بەیاننامەیەک خوێندرایەوە بۆ ئامادەبوونی مەرسیمەکە، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "
بەرۆحی لەیلا و شیرین تێدەكۆشین و داگیركاری و نادیموكراتی و ژن كوشتن بنەبڕ دەكەین
لە دەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شیرین عەلەم هولی و 46 هەمین ساڵیادی لەیلاقاسم و 28هەمین ساڵیادی مزگین هۆزان و 23 هەمین ساڵیادی شەهیدانی كۆمەڵكوژی هەولێردا، سەری رێز و نەوازش لەبەردەم رۆحی هەمیشە زیندوی شەهیداندا دادەنەوێنین و لە كەسایەتی ئەم قارەمانانەدا تەواوی شەهیدانی رێگای ئازادی بەبیر دەهێنینەوە. ئەگەرچی وڵاتەكەمان پارچە پارچە كراوە و هەر پارچەیەكی پێشكەشی داگیركەرێك كراوە و لە هەر پارچەیەكیش تاكەكانی كۆمەڵگا لە یەكتری دابڕێندراون، بەڵام داگیركەران لە سیاسەتی لەناوبردن و نكۆڵیكردندا هاوپەیمانن و لەهەندێك رۆژ و مانگی تایبەتدا بەردەوام مێژوو دووبارە دەكەنەوە. لە بەرامبەردا داستانی قارەمانێتی پێشەنگەكانیش بەگورتر و بەهێزتر دەبێت. ئاشكرایە كاتێك كۆمەڵگاكەمان رووبەرووی زۆرترین زوڵم بۆتەوە ژنانی پێشەنگ و شۆڕشگێریش هەوڵیان داوە بە چالاكی جەرگبڕ وەڵام بدەنەوە. لە بەرامبەردا داگیركەران بە پەت و ئاگر و ئاسن وەڵامیان داوەتەوە ئەمانەش گوزارەیە لە كۆتایی هاتنی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر شۆڕشگێران.".
هەروەها لە بەیاننامەکەدا پەیامێک ئاراستەی ژنانی ئامادەبوو کرا و تیدا هاتبوو: " ژنانی خۆشەویست و دایكانی بەرێز لە كۆمەڵگای باشوری كوردستاندا كاتێك "لەیلا قاسم" وەك ئەندامی (كۆمەڵەی لاوانی ماركسی لینینی) تێكۆشان دەكات، دەیەوێت تێكۆشانی نەتەوەیی و ئازادی ژن ئاوێتەی یەكتر بكات، مەبەست لە ئەنجامدانی چالاكییەكەی لە دژی سیاسەتی رژێمی بەعسە كە سیاسەتی نكۆڵیكردن و لەناوبردنی نەتەوەی كورد و كۆیلەكردنی ژنان و رەگەزگەرایی و ناموسپەرستییە، ئەوەی وەڵامی ئامانجەكانی لەیلا قاسم دەداتەوە بەرپابوونی شۆڕشی ژنانە لە سەرتاسەری كوردستاندا بەفكر و رامانی رێبەر ئاپۆ، لە باشووری كوردستاندا كاریگەری ئەم تێكۆشانەش دەگاتە لوتكە و بۆیە چەندین پێشەنگی بەهێزی ژنان بەكلتور و فەلسەفەی ژیانی ئازاد خۆیان پەروەردە دەكەن و دەبنە پێشەنگی رۆژنامەوانی ژنانی ئازاد و خەباتی رێكخستنی ژنانی ئازادیخواز و هونەرمەند و لاوی بەرخودێر لەدژی زهنیەتی پارچەگەری و ژنكوشتن و نادیموكراتی تێكۆشان بەرێوە دەبەن، هەر بۆیە شەهیدانی وەك (پەیام و بەرخودان و روكەن و رەوشەن و رۆزا و هێلین'ەكان و بەدەیانی تر بوونە ئاستەنگ لە بەردەم سیاسەتی پارچەگەری و نۆكەرایەتی، هەر بۆیە نۆكەران و داگیركەری توركیا بەیەكەوە هێرشی نامرۆڤانە و نا ئەخلاقانەیان كردە سەر ئەم قارەمانانە، بەڵام باشوور بێ دەنگ نەبوو، جارێكی تر وەڵامدەرەوەی لەیلا قاسم لە لوتكەدا هاتەدەنگ، ئەمجارەیان لەیلا والی حوسێنە كە ناسراوە بە ڤیان كارۆخ، بۆ كۆكردنەوەی هەموو نرخەكان، چالاكییەكەی لەیلا قاسمی سەرخست و دەمامكی دوو رویی لەسەر هەموو نەیارانی ئازادی هەڵماڵی، لە باكووری كوردستاندا لەیلا گوڤەن و لە ئەوروپا لەیلا شایلەمەز و لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش شیرین عەلەم هولی داستانەكەی لەیلا قاسمی لە لوتكەدا گەیاندە سەركەوتن. ئەمجارەیان وەك قەدەمخێر و ئەختەرەكان پەیامی سەركەوتنی شۆڕشی ژنانی گەیاندە سەرتاسەری ئێران، ئەم قارەمانانە وەك زنجیرەی لەیەكتر دانەبڕاو بەگژ جەلادەكاندا چوونەوە لە پێناوی بەدەستهێنانی ناسنامەی ژنی ئازاد و ناسنامەی نەتەوەیی و بونیاتنانی دیموكراتی تێكۆشان و بوونە سمبولی ئازادی و ئاراستەی كۆمەڵگایان راستكردەوە."
هەروەها سەبارەت بەو هێرش داگیرکارانەی ئێستا دەکرێنە سەر گەلی کورد و خاکی کوردستان سومەیە جەلیل ووتی: "ئێمەی ژنان لە كاتێكدا یادی پۆلێك شەهید دەكەینەوە ئەو راستییە باشتر دەبینین كە لە رۆژی ئەمڕۆدا هێرش و پەلاماردانەكانی دوژمنان كۆتای نەهاتووە بەڵکو دژوارتر بووە، بەتایبەتی لە باشووری كوردستان و عێراقدا بەردەوامكردنی سیاسەتی نادیموكراتی و بەردەوامكردنی گەندەڵی و زیادبوونی توندوتیژییەكانی سەر ژنان و بێ سنوور دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ و ژنان و بڵندبوونی رێژەی هەژاری، بێگومان سەرچاوەی زۆربەی زۆری كێشەكان داگیركاریەكانی دەوڵەتی توركیایە لەسەر باشوری كوردستان و رۆژبەرۆژ زیادكردنی بنكە و بارەگا سەربازیەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا و قوڵكردنەوەی داگیركاری ئابووری و كلتووری، ئەمانە هەمووی هۆكاری سەرەكین بۆ بەگژدایەكی هێز و لایەنە كوردییەكان."
سەبارەت بە ئالۆزیەکانی ناوچەی زینی وەرتێ و هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکان، سومەیە جەلیل ووتی: "بێگومان هاتنی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ زینی وەرتێ و باڵەكایەتی و رەواندوز ئەمانە زەنگێكی مەترسیدارترە بۆ گوێگرتن لە فیتنەییەكانی توركیا و پەیامی داگیركردنی باشووری كوردستانە بەهەموو شێوەیەك، دیسان هێرش و پەلاماردانەكانی هێزی داعش بۆ سەر كەركوك و خانەقین و مەخمور گوزارەیەكی تری هەماهەنگی داگیركاران و هێزە تاریكەكانی دژە مرۆڤایەتین."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سەبارەت بەرۆڵ بینی ژنان لە چارەسەرکردنی کێشەکان سومەیە جلیل ووتی: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە و چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان پێویستە بە رۆحی شیرین و لەیلاكان تێكۆشان بكەین و بەچالاكی دیموكراتیانە و بەئیرادەی پۆڵاینی شەهیدانی سێدارە و شەهیدانی بەرخودانی هەولێر، هەموو تواناكان بخەینەگەڕ و بێدەنگییەكان بشكێنین و بەهێزی گەل پاوانخوازی و ژنكوشتن و گەندەڵی بنەبڕ بكەین. ئەم ئەركەش ئەركی ژنانە و بۆ ئێمەی ژنانیش رۆح و ئیرادەی شیرین و لەیلاكان پێویستە."
ژ.ت