لەتیف فاتیح فەرەج: تورک بە درێژایی مێژوو نەیهێشتووە کورد ببێتە خاوەن پێگە

نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیری شاری کەرکوک لەتیف فاتیح فەرەج لە سەر داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان رایگەیاند، تورکیا بۆ لێدانی قندیل هاتبێت بۆ لێدانی هەولێریش هاتووە، چونکە تورک بە درێژایى مێژووی نەیهێشتوە کورد ببێتەخاوەن پێگە.

رۆشنبیر و نووسەر لەتیف فاتح فەرج بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: " ئامانج لەم داگیرکارییە تەنها قەندیل و کەرکوک نییە، ئەگەر قەندیل زەرە و زیانی بەربکەوێت ئەوە هەولیریش زەرەر و زیانی بەردەکەوێت، چونکە تورکیا بۆ لێدانی قندیل هاتبێت، بۆ لێدانی هەولێریش هاتووە، نابێت خەلکی دڵخۆشبن بە لێدانی پەکەکە ."

لەتیف فاتح فەرەج راشیگەیاند: "ئەم قوناغە ئەو قوناغەیە، کە پیدەلێن شەڕی ناتوندووتیژی و ئەم شەڕە ناتوندوتیژییە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ ئەنقەرە و ئیستەنبول و شارەکانی تورکیا، بە بڕوای من ئەوەی دوێنی ئیمام ئۆغڵو، بن عەلی یڵدرمی شکشتپێهێنا بە شێکە لەم شەڕە، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە پێویستە کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان درێژە بەم شەڕە بدەن بە دژی ستەمکاران بچنەوە."

ئەوەشی راگەیاند: " شەرمەزارییەکی گەورەیە دڵمان بە تەپلکەیەکی بچووک خۆش بێت و خواکورک و قەندیل و بەرزان بکەوێتە دەست دووژمنانمان. ئەو دووژمنانەی بە درێژایی مێژوو ستەمی گەورەیان لێمان کردووە، چونکە ئەوەی بە درێژایی مێژوو کە نەیهێشتووە کورد ببێتە خاوەن پێگە تورک بووە. لە سەردەمی عوسمانییەکان تا سەردەمی کەمال ئەتاتورک. ئەتاتورک ئینسانێکی ئەوەندە ستەمکار و نادادپەروەر بووە، کە لە رووی سیاسییەوە وتویەتی 'بەختەوەر ئەوەیە کە بڵێ تورکم' ."

لەتیف فاتیح فەرەج لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتی: " شەرمەزاریی گەورە ئەوەیە، کە ئێمە بێدەنگ بین و قسەمان نەبێت بەرامبەر ئەم ستەمە. شەرمەزارییە تورک وامان لێبکات ئێمە خۆمان بە کۆیلە و بندەستە و بەشێک لەوان بزانین ."

وتیشی: "لە سەردەمی عوسمانییەکان فەقێ قاری هەمەوەند کرایە قائیمقامی بازیان و لە شوێنێکدا دەڵێت 'هەر کەسێک بە تورک بکەوێت بە باوەڕ، بێمێشک ئەوەیە لەم بێ مێشکترە' بە درێژایی مێژوو هیچ شاعیر و رۆشنبیرێک نابینی، کە ئەم دەسەڵاتەی تورکیایان قەبوول کردبێت، مەگەر بە دەگمەن کەسانێك هەبوون ئەو دەسەڵاتیان قەبووڵ کردبێت ."

لە کۆتایدا ئەوەشی وت: "شەرمەزارییەکی گەورەیە لە دۆخێکی ئەوا هەستاریدا، ئێمە ئیرادەی خۆمان تەسلیمی دەوڵەتی تورک بکەین."

ر.م