لەگەرمیان یادی ١٥ ئاب کرایەوە

بەبۆنەی ٣٥هەمین ساڵیادی دەستپێکردنی قەڵەمبازی شۆڕشی چەکداریی پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، لە گەرمیان بە دەستپێشخەری گەل و بە ئامادبوونی سەدان کەس ئاهەنگێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو.

 

لە ١٥ ی ئابی ساڵی ١٩٨٤، لەچیاکانی کوردستان بە پێشەنگایەتی فەرماندە عەگید (مەعسوم قورقوماز) قەڵەمبازی شۆڕشی چەکداری پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەستیپێكرد و یەکەم فیشەک تەقێنرا، بەوبۆنەیەشەوە ساڵانە لەتەواوی کوردستان و دەرەوەی وڵات یادی ئەو قەڵەبازیە پیرۆز دەکرێت.

لە چوارچێوەی ئەو پیرۆزباییانەدا، دوانیوەڕۆی دوێنێ لە هەرێمی گەرمیان بە دەستپێشخەری گەل و بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە هاوڵاتیان و وڵاتپاریزانی ئەو هەرێمە، لە سەیرانگای خۆرنەوازانی سەر بە ناحیەی کفری ئەو یادە پێرۆز ڕاگیرا، سەرەتای یادەکە بە خولەکێک ڕاوەستان بە بێدەنگیی، بۆ گیانی پاکی شەهیدان و مارشی نیشتیمانی دەستیپێکرد.

پاشان، لەسەرناوی وڵاتپارێزانی گەرمیان، عەلی گەرمیانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و وتی "ئەو هەڤاڵانەی کە ئەو هەنگاوەیان دەستپێکرد، ژمارەیان کەم بوو، بەڵام لەڕووی ئەخلاقی شۆڕشگێڕیی و چۆنیەتییەوە، خاوەن ئاستێکی بەرز بوون، بە ٢٢ گەریلا و بە پێشەنگایەتی فەرماندە عەگید، توانیان هەنگاوێکی مێژوویی لە باکوری کوردستان بهاوێژن، کە لەو کاتەدا نکۆڵی لە کوردان دەکرا،  بڵێسەی ئاگری چالاکی ئەو گروپە گەریلا لە سەرتاسەری کوردستان بڵاو بۆتەوەو ئێستا بەدەیان هەزار گەریلا ڕێبواری ڕێی هەڤاڵ عەگیدن، شۆرشی رۆژئاواش بەرهەمی ئەو هەنگاوە مێژوویەیە."

دەربارەی بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان کە بە دەست چەندین قەیرانی سیاسیی و ئابووریەوە دەناڵێنێت، عەلی گەرمیانی وتی "باشووری کوردستان پێویستی بە قەلەمبازێکی نوێ هەیە، ئەوەش بە بیری نوێ هەیە. بۆ قەیرانەکانی باشووری کوردستان."

عەلی گەرمیانی، هزری پەکەکەی بۆچارەسەری کێشەکانی باشووری کوردستان وەک دەرمان وەسفکرد و وتیشی "بۆئەوەی کە لەو قەیرانانە ڕزگارمان ببێت، دەبێت هەموومان باوەڕ بە فیکری پەکەکە بکەین و هەوڵ بەین کە لەو تەنگەژانە ڕزگارمان ببێت کە ڕووبەڕووبوومان بوونەتەوە."

 دواتر هەریەک لە گروپەکانی ئاوازی ئارارات، مێزۆپۆتامیا و گروپی شەهید سەرحەد، بە کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری مۆسیقای شۆڕشگێڕیی، جۆش و خرۆشیان بە ئاهەنگەکە دا. هەروەها گروپی شانۆی کوردستانی نوێ، شانۆیی ڤەژینی پێشكەش کرد کە ناوەرۆکی شانۆیەکە، ئاماژەدان بوو بە چیرۆکی شۆڕشگێڕیی ١٥ ی ئابی ساڵی ١٩٨٤.

لە کۆتاییدا، ئاهەنگەکە بەگۆرانی شاد وهەڵپەرکێی کوردەواریی، کۆتایی هات.

ک-ش