لە ٩ی ئۆکتوبەری ساڵی ١٩٩٨ بە سەرکردایەتیی هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەروپا و تورکیا و ئیسرائیل و گەلێک وڵاتی تر پیلانگێڕییەک لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد، بە هۆی ئەو پیلانگێڕییە و روونەدانی شەڕ ڕێبەری گەلی کورد سوریای بەجێهێشت و بە مەبەستی چارەسەریی پرسی کورد ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، دوای گەشتێکی بەرفراون لە ئەنجامدا لە پیلانگێڕییەکی نەگریسدا لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩ لە وڵاتی کینیا رفێنرا.
سیاسەتمەداری بەناوبانگی باشووری کوردستان یەكێک لە دۆستە دێرینەکانی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دکتۆر مەحمود عوسمان لە ٢٢هەمین ساڵیادی دەستپێکردنی ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەدا لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و سەرنجی ڕاکیشایە سەر ئەو پیلانگێڕییە و نرخاندنی گرینگی کرد.
بۆ ئەوەی شە ڕ روونەدات ئۆجالان سوریای بەجێهێشت
مەحمود عوسمان لەبارەى ئامانجی پیلانگێڕییەکەوە وتی: "ئامانج لە پیلانگێڕییەکەی ئەو ساڵە، کە ئۆجالانیان لە سوریا دور خستەوە لە ژێر فشاری تورکیا و ئەمریکا، کە ئەگەر دوری نەخەنەوە ئەگەری هەیە شەڕ لەگەڵ سوریا بکەن. پاش ئەوە ئۆجالانیش نەیویست کێشە بۆ سوریا دروست بکات، خۆی و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی دورکەوتنەوە. کاتێک دورکەوتنەوە ئیتر پلانەکە بە سەرپەرشتی ئەمریکا دەستیپێکرد، ئەمریکا ڕۆڵێکی زۆر خراپی گێڕا بە جۆرێک نەمانزانی بۆچی بەو شێوەیە دژایەتیمان دەکات. لە کۆتاییا ئەنجامەکەیمان بینی کە چی ڕویدا، ئۆجالان چو بۆ ئیتاڵیا و ماوەیەک لەوێ مایەوە، پاشان چو بۆ کینیا و لە کینیا ڕفاندیان بۆ تورکیا."
ئەمریکا سەرکردایەتیی پیلانگێڕییەکەی کرد
هەوروەها دەربارەی ئەو وڵاتانەی لەو پیلانگێری بەشداربوون وتی: "ئەم پرۆسەیە ئەمریکا سەرپەرشتیی ئەکرد، دەستی تورکیای تیابوو و لە هەندێک لایەن دەستی ئیسڕائیلیشی تێدابوو، تەنانەت ئەوروپاش لەبەر ئەمریکا کەسیان نەیانتوانی قسە بکەن بە ئاستێک کەسیان نەیانتوانی زیندانیشی بکەن لای خۆیان. ئەو پلانە گەورەیە لە دژی کورد بوو بە گشتی، چونکە مژار نەتەوەی کوردە نەک تاکە کەس. بەداخەوە پلانەکە سەرکەوت و بردیان زیندانیان کرد."
بە ئازادکردنی ئۆجالان شەڕ کۆتایی پێدێت"
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە سەررنجی ڕاکێشایە سەر دوژمنایەتیی توردکیا بۆ گەلی کورد و وتی: "حکومەتی ئەردۆغان دوژمنی گەلی کوردە و بابەتەکە تەنها ئۆجالان نییە، تورکیا دوژمنی پەکەکەیە، دوژمنی باکورە، دوژمنی باشور و دوژمنی ڕۆئاواشە بەهەمان شێوە، بابەتەکە کەسێک یاخود حزبێک نییە. ئۆجالان لە ڕیگەی ئاشتییەوە زۆر چۆیە پێشەوە بۆیان، بەڵام بە دڵیان نەبوو، ئەوان دەیانویست ئۆجالان دژی پەکەکە بوەستێتەوە و دەیانوت سەرکردایەتی قەندیل باش نییە. لە پاش ئەوە بڕیاریاندا و پەلاماری ڕۆژئاوا و باشووریاندا و ئۆجالانیان گۆشەگیر کرد لە پێناو ئەوەی قسە نەکا و خەڵک نەبینێ. هەمو کەس ئەوەش دەزانێت لە بنەڕەتدا زیندانیکردنی ئۆجالان ناحەقە و دژی یاسای نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام لە ئێستایا گۆشەگیریشی دەکەن کە ئەوگۆشەگیرییەش دژی دەستووری تورکیاشە."
لە کۆتای قسەکانیدا دکتور محمود عوسمان ئەوەشی وت: "ئۆجالان لە ناو پەکەکە و لە ناو خەڵکیشدا کاریگەریی زۆرە، چونکە ئەو سەرکردەیەکی گەورەیە و بێگومان ئەو حزبە بەشی هەیە، لە هەمو پارچەکانی کوردستان خەڵکانێک هەن پشتگیریان دەکەن. بە بڕوای من تورکیا ئەگەر بەرژەوەندیی خۆی بزانێت ئازادی دەکات، چونکە ئۆجالان بۆ ئاشتی کار ئەکات و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، بەڵام تورکیا شەڕی دەوێت و نایەوێت ئەو شەڕە کۆتایی پێ بێت. بە ئازادکردنی ئۆجالان یاخود بە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجالان ئەو شەڕە تەواو دەبێت. تورکیا و گروپە حوکمڕانیەکەی بازرگانی شەڕن، حەزیان لە شەڕە و دەیانەوێت ئەو شەڕە بەردەوام بێت. بە تۆمەتی بێ بنەما بۆ نمونە دەڵێت، کورد تیرۆریستە، تورکیا لە ئەنقەرەوە دێت پەلاماری ڕۆژئاوا دەدات، پەلاماری باشور دەدات ئەوە کاری تیرۆریستییە، بەڵام کورد پاراستنی خۆی دەکات، بۆچی ئەوەی خۆی بپارێزێت تیرۆریستە، بەڵام ئەی ئەوەی کە دێت هێرش دەکات چییە؟. ئەوان تیرۆری دەوڵەت بەکار دەهێنن بەرامبەر کورد، ئەگەر بتوانن بەسەر پەکەکەدا زاڵ بن لە دوای پەکەکە پەلاماری پارتی دەدەن، پەلاماری یەکێتی دەدەن، چونکە خۆیان لە بنەڕەتدا دژی کوردن."
ژ.ت