مەحمود عوسمان سیاستمەداری دیاری کورد لەسەر پیلان و دژایەتییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی کوردان لە وتوێژێکدا وڵامی پرسیارەکانی پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) دایەوە.
مەحمود عوسمان لەو وەڵامی پرسیاری ئەو پڕوپاگەندانەی، کە دەکرێن و دەوترێت تورکیا بە هۆکاری پەکەکە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، وتی: "ئەو کەسانەی ئەوە بە شەڕی تورکیا بەرامبەر پەکەکە دەبینن ئەوە هەڵەیە و ڕاست نییە، چونکە بۆ نمونە هەدەپە حزبێکی فەرمییە و پەکەکە نییە، حزبێکە لە تورکیا هەڵبژێردراوە و ئەندامی هەیە لە پەرلەمان، سەرۆکی شارەوانیی هەیە و هەڵبژێردراون ئەی باشە بۆچی ئەوان ئەگرن و دژیان دەوەستنەوە؟. تورکیا تەنانەت دژی حزبەکانی دیکەشە بۆ نمونە لە دژی سۆسیالیستە، پارتی دیموکراتە لە تورکیا. لە ڕاستیدا هۆکار پەکەکە نییە، بەڵکو کێشەکە تورکیایە، چونکە تورکیا هەر لە بناغەدا بڕوای بە کێشەی کورد نییە و بڕوای بە ئاشتی و دیالۆگیش نییە، ئەگەر تورکیا بڕوای بە ئاشتی و دیالۆگ هەبێت هەمو کێشەکان چارەسەر دەبن و پەکەکەش دەچێت لە ناو تورکیا وەکوو حزبێکی ئاسایی کاری خۆی دەکات و شەڕ نامێنێت. ئەوەی کە باس دەکرێت ڕاست نییە هۆکاری سەرەکی تورکیایە، ڕەنگە پەکەکە هەندێک کەم و کورتیی هەبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا تورکیا هۆکاری ئەو هەمو کێشەیەیە، چونکە ئامادە نییە بۆ دیالۆگ و ئامادە نییە بۆ ئاشتی، بڕوای بە بونی گەلی کوردیش نییە".
ناکرێت پەیوندییەکان لەگەڵ تورکیا لەسەر حیسابی کوردانی باکور بێت
مەحمود عوسمان دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا وتی: "هەرێمی کوردستان لەبەر هەندێک بەرژەوەندیی ئابوری و بازرگانی و سیاسی و لەبەر ئەوەى لەگەڵ تورکیا هاتوچۆ هەیە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا هەبێت و بابەتێکی ئاساییە، لەگەڵ ئێرانیش بە هەمان شێوە، چونکە جوگرافیا بەو شێوەیەیە، بەڵام ناکرێت ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە لەسەر حیسابی کوردی باکور بێت یاخود لەسەر حیسابی کوردی ڕۆژهەڵات بێت. ئەگەر باسی سیاسەتی تورکیا بکەین، تورکیا دەیەوێت کوردی باشور و باکور یەکتری بکوژن سیاسەتیان بەو شێوەیەیە و بە هیچی دیکە ڕازی نین و نایشارنەوەش، بەڵکو خۆیان باسی لێوە دەکەن دەڵێن، دەبێت تۆ شەڕی پەکەکە بکەیت. بۆ نمونە حزبێک دەچێت داوای هاوکاری لە تورکیا دەکات مەرجی تورکیا ئەوەیە دەڵێت، دەبێت تۆ شەڕی پەکەکە بکەیت ئینجا من هاوکاریت دەکەم. بە بڕوای من پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە ئاساییە، بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو پەیوەندییە لەسەر حیسابی کوردی باکور یاخود کوردی ڕۆژهەڵات یاخود کوردی ڕۆژئاوا نەبێت، چونکە ئەو دەوڵەتانە مەبەستیان ئەوەیە، کاتێک پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبەستن مەبەستیان ئەوەیە ئێرە لەگەڵ پەکەکە تێک بدەن یاخود ئێرە لەگەڵ ڕۆژئاوا تێک بدەن. لە بنەڕەتدا ئێران و تورکیا و سوریا بڕوایان بە بونی کورد و کێشەی کورد نییە و دەستوریان تەماشا بکە بە یەک وشەش باسی کوردی تێدا نییە. ئەگەر دەستوری عیڕاق بخوێنیتەوە کۆمەڵێک مافی کوردی تێدایە، بەڵام ئەوان بە هیچ شێوەیەک باسی کوردیان نەکردووە و بڕوایان پێی نییە. چەند پەیوەندی لەگەڵ ئەوان بەرەو پێش بەریت ڕەنگە لە ئەنجامدا زەرەر بکەیت، بە بڕوای من باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخە دەبێت برادەرانی ئێرە پارتی و یەکێتی لەگەڵ پەکەکە قسە بکەن و گفتوگۆ بکەن و ڕێکەوتن بکەن کێشەکە چارەسەر دەبێت، بەڵام بێ ئەوەی دانیشن قسە بکەن دور بە دور یەکتری تۆمەتبار بکەن هیچ شتێک چارەسەر نابێت."
ئاشتی و دیالۆگ دەبێت لە نێوان کوردان هەبێت
ئەو سیاستەمەدارەی کورد پێیوایە دەبێت ئاشتی و دیالۆگ هەبێت لەگەڵ تورکیا و ئێراندا، بەڵام لە بنەڕەتدا دەبێت لە نێو لایەنە کوردییەکاندا هەبێت، هەروەها وتیشی کێشەی نێوان کوردان بەوە چارەسەر نابێت، کە بنکە و بارەگا دانێیت لەسەر سنوور، بەڵکو بەوە چارەسەر دەبێت ئەگەر تۆ کێشەت هەیە لەگەڵ پەکەکە دانیشتن ئەنجام بدە و لە کۆتاییدا دەگەنە ڕێککەوتن. بۆ نمونە ئێستا یەکێتی و پارتی ئەگەر کێشەیان هەیە لەگەڵ پەکەکە با دانیشن لەگەڵیان ئەگەر بە نهێنیش بێت دەگەنە ئەنجامێک، بەڵام بە دروستکردنی بنکەی سەربازی و بە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر نابێت. چەند جارێک برادەرانی باشوری کوردستان دەڵێن، تورکیا داوامان لێ دەکات و دەڵێت دەبێت ئاسایشی سنوورەکانم بپارێزن، ئاسایش بە ئاشتی دەپارێزرێت، ئەگەر ڕێککەوتن بکەن ئەوکات ناوچەکە ئارام دەبێت و شەڕ نامێنێت. تورکیا ئەوە ٣٠ ساڵە شەڕ دەکات و لە ئەنجامدا وەزیری بەرگریان خلوسی ئاکار دەڵێت، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٩ هەشت هەزار ئۆپەراسیۆنمان لە دژی پەکەکە کردووە، کەواتا ساڵ بە ساڵ کێشە زیاتر دەبێت. بە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر نابێت و دەبێت ئاشتی بکەن، بە بڕوای من دەبێت تورکیا و ئێرانیش لەگەڵ لایەنە کوردیەکان کۆببنەوە و بە ئاشتی چارەسەری بکەن ئەگینا ڕێگە چارەیەکی دیکە نییە."
ئۆجەلان پرۆژەی هەیە
ناوبراو سەرنجی ڕاکیشایە سەر پرۆژەکانی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و نیەت خراپی تورکیا لە دژی کورد و وتی: "ئەتوانی بە هۆی کەسێک کێشەیەک چارەسەر بکەی، پەکەکە بەقسەی ئۆجەلان دەکەن، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئۆجەلان ڕێک بکەویت. چەندین جار ئۆجەلان پرۆژەی پیشکەش کردووە لە ڕێگەی پارێزەرەکانی و براکەی کە دەچنە سەردانی، ئۆجەلان پرۆژەی هەیە و دەڵێت، من بە شەش مانگ کێشەکە چارەسەر دەکەم نەک تەنها دەوڵەتی تورکیا وەڵامی ناداتەوە، بەڵکو گۆشەگیرشیان کرد. بە بڕوای من ئەگەر لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆ بکەن کێشەکان چارەسەر دەبێت، بەڵام تورکیا دەڵێت، لەگەڵ ئۆجەلان قسەمان کرد، بەڵام قەندیل بەقسەی ئەو ناکەن و دژی ئۆجەلانن، کە ئەوەش ڕاست نییە. ئەگەر ئۆجەلان ئازاد بکەن و بە گفتوگۆ ڕێک بکەون ئاشتی لەناوچەکە بەرقەرار دەبێت، تەنانەت کێشەی ڕۆژئاواش چارەسەر دەبێت، چونکە ئەوان دەڵێن، ڕۆژئاوا سەر بە پەکەکەیە و تیرۆریستن، ئەوان تەنانەت مەزڵوم کۆبانیشیان پێ تیرۆریستە، چ کوردێک باشە لای تورکیا ئەوەیان نازانین."
من و مسرور بارزانی لە لیستی تیرۆری تورکیا دابوین
ئەو سیاستمەدارە سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەت و پۆلیتیکای دژایەتی تورکیا بۆ کوردستان وتی: "من لە ساڵی ٢٠٠٣ کە ئەنجومەنی حوکم بووم لە بەغداد بە فەرمی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ ئەمریکیەکان و بۆ وەزارەتی خارجی عێراقیان نوسیبوو، کە فڵان کەس تیرۆریستە و بە چ شێوەیەک کراوە بە ئەنجومەنی حوکم پێویستە دەری بکەن و تەسلیمی ئێمەی بکەن، یانی داوایان کرد کە من تەسلیمی ئەوان بکەن. تەنانەت جارێکیشیان داوای مەسرورشیان کردبوو، کە کوڕی مەسعود بارزانیە تەسلیمی بکەن لەگەڵ کۆمەڵێک لە پەکەکە. ئەوان دەمێکە بە منیان وتوە تیرۆریست و دەمێکە من لە لیستی ئەوان تیرۆریستم. بۆچی تیرۆریستم، چونکە داوا دەکەم کێشەی باکور بە ئاشتی چارەسەر بێت هەر ئەوەندە."
تورکیا هەموو کوردێکی پێ تیرۆرستە
هەروەها دەربارەی هەمان بابەت بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی داو وتی: "تورکیا دەڵێت، کورد بوونی نییە بۆ نمونە ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا چەند پەرلەمانتارێکی کورد حوکم دراون لەبەر ئەوەی ناوی کوردستانیان هێناوە، خەڵکانێک دەچن سەفەر دەکەن لێرەوە بۆ تورکیا لێی دەپرسن تۆ لە کوێوە هاتوی ئەویش دەڵێت، لە کوردستان لە وەڵامدا پێی دەڵێن، شوێنێکی بەو ناوە نییە و ناهێلن بچێتە خاکی تورکیاوە. ئەو زیهنیەتە نەتەوەپەرستییە سەیرە لە تورکیا هەیە، پەروەردەیان بەو شێوەیە کراوە و مژارێکی زۆر هەڵەیە و حکومەتەکەی تاوانبارە. ئەوان زیهنیەتیان نەتەوەپەرستە و بڕوایان بە بونی کورد نییە، هەمو جار ئەردۆغان دەڵێت، ئێمە یەک وڵاتین یەک زمانین و یەک ئاڵاین ئەوەشی ڕازی نییە با لە تورکیا دەرچێت، پێم سەیرە کەسێک بەو عەقڵیەتە حوکمی وڵاتێک بکات، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوش نەبوو. تورکیا لەگەڵ عێراق جیاوازیی زۆرە بۆ نمونە لە عیراق لە دەستوردا باسی کورد هەیە، زمانی کوردی هەیە، تورکمان هەیە، باوەڕی و ئاینە جیاوازەکانیش هەیە، بەڵام لە تورکیا ئەوەی تورک نەبێت حیسابی بۆ ناکەن، ئەوان دەڵێن، هەرچی لە تورکیا بژیت تورکە!.
مەحمود عوسمان جەختی لەوە کردەوە: "حکومەتی هەرێم لە ئێستادا چوون بەرەو تورکیا سوودی نییە و تەنانەت فرۆشتنی نەوتیش زۆر سوودیان لێ نەبینیوە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت لەگەڵ عیراق ڕێک بکەون، بەڵام بەداخەوە ڕەوشی عێڕاق سەقامگیر نییە و ئیمکانیاتیان نییە. بۆیە ئێستا ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی عێڕاق ڕێک بکەوێت و هەستی کردوە لەگەڵ تورکیا ناگات بە ئەنجامێک. گفتوگۆ لە نێوانیان هەیە، بەڵام جارێک ئەو پرۆسەیە ماوە."
لە کۆتای قسەکانیدا ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر گرنگیی یەكێتی و یەكڕیزی کوردان وتی: "بە بڕوای من کورد دەبێت یەک بێت لە باشور، یەکێتی و پارتی و حزبەکانی تر هەیە، لە باکور، ڕۆژ ئاوا و لە ڕۆژهەڵات حزبی کوردی هەن، دەبێت یەکگرتوو بن لەناو یەکتر و چوارچێوەیەکیان هەبێت، لە هەمانکاتدا دەبێت لە بیرمان نەچێت دەبێت، کە چوارچێوەیەکی نەتەوەییمان هەبێت، کە بەیەکەوە هاوکاریی یەک بین و دژی یەک نەبین. لە دەرەوەش ئەگەر کورد بتوانێت بەیەک دەنگ قسە بکات ڕۆڵێکی زۆر گەورەی دەبێت، بەڵام بەداخەوە حزبایەتی زۆرە و لەگەڵ یەکتر ڕێک نین ئەوەش لاوازی کردوین".
ژ.ت