مەزارگەیەکى قەدەغەکراو؛ شێخ شەهابەدین

کوردانى شەبەک بە زۆری لە ناوەندى موسڵ، گوند و ناوچەکانى و شارۆچکەکانی پارێزگاى نەینەوا لە عێراق دەژین. بەپێى دوایین ئامارەکان ژمارەى کوردانى شەبەک لە ٣٠٠ هەزار کەسەوە بۆ ٧٥٠ هەزار کەس دەبێت. شەبەکەکان ٨٥ گوندیان هەیە.

لە کوردستان چەندین باوەڕی جیاجیا بوونیان هەیە. جگە لە چوارپارچەى کوردستان، لە رووسیا و ئەرمینیا و جۆرجیا ژمارەیەکى زۆر کوردى ئێزدى دەژین وەک دەشزانرێت کوردانى ئێزدى بە زۆری لە باشوور و بەشێکیشیان لە باکوور و رۆژئاوا دەژین. کوردانى عەلەوی لە باکوور و بەشێکیشیان لە رۆژئاوا دەژین. هەروەها کاکەییەکان بە زۆری لە باشوور و رۆژهەڵات دەژین.

بەپێى باوەڕی کاکەییەکان، سوڵتان ئیسحاق ٢١ى ئادار لە دایکبووە. ئەو رۆژە نەورزە. بڕواشیان بەوە هەیە، کە زەردەشت لە هەمان رۆژدا لە دایکبووە. ناوەندى کاکەییەکان لە باشووری کوردستان لە دۆڵێکدایە بە ناوی هاوار. ئەو دۆڵە لە هەڵەبجەوە دەستپێدەکات و تاوەکو نزیک پردیوار  لەسەر سنوورى رۆژهەڵات (نێوان ئێران – عێراق) درێژدەبێتەوە. رۆژی ٢١ى ئادار هەزاران کاکەیى لەسەرتاسەرى کوردستان و جیهانەوە دەچنە هاوار و ئاهەنگی پیرۆزبایى بەڕێوەدەبەن.

کوردانى فەیلی بە زۆری لە باشووری کوردستان و چەند ناوچەیکى ترى عێراقدان. کوردانى یارسان (کاکەیى – ئەهلی حەق) و هەروەها کوردانى شیعە بە زۆری لە رۆژهەڵاتى کوردستاندان و بەشێکیشیان لە باشوورى کوردستاندان.

کوردانى شەبەک بە زۆری لە ناوەندى موسڵ، گوند و ناوچە و شارۆچکەکانى پارێزگاى نەینەوادان لە عێراق. هەر چۆن عەلەوییەکانى دێرسیم سەردانی دوزگیون بابا دەکەن، ئێزیدییەکانیش سەردانى لالەش و کاکەیی و یارسانەکانیش سەردانى سوڵتان ئیسحاق و پیرشالیار دەکەن. کوردانی فەیلیش سەردانى مەزارگەى گوندى پیران لە داڵاهۆ دەکەن. کوردانى شەبەکیش بۆ نزا و ئاهەنگەکانیان سەردانی مەزارگەى شێخ شەهابەدین لە هەورامان دەکەن.

کوردانى شەبەک کێن؟

لەسەر شەبەکەکان ئیدعا و بانگەشەى زۆر هەیە، تەنانەت مێژوونووسە نەتەوەپەرستەکانى تورک، ئیدعاى ئەوە دەکەن، کە شەبەکەکان تورکی بەکتاشین، بەڵام چەندین بەڵگەى مێژوویى ئەوە دەسەلمێنن، کە شەبەکەکان کوردن. بەلانیکەمەوە شەبەکەکان لە ساڵی ١٥٠٢ەوە لە دەورووبەرى پارێزگاى نەینەوا و لە ناوچەکانى نێوان رووبارەکانى دیجلە و خازر دەژین. بە تێپەڕبوونى کات روویان کردووەتە موسڵ. بەشێکیشیان لە دەورووبەرى کەرکوکدا دەژین. بەپیى دوایین ئامارەکان شەبەکەکان ٨٥ گوندیان هەیە و ژمارەى دانیشتوانیشیان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٧٥٠ هەزار کەسدایە.

بە زمانێکى تێکڵاو لە کوردی، فارسی و ئازەری قسە دەکەن. سەربارى ئەو تێکەڵی و پێکەڵییەش و سەرباری هەندێک جیاوازی، بەڵام ئەو زمانەى شەبەکەکان پێى دەدوێن، نزیکە لە زاراوەی زازاکى لە باکوورى کوردستان، یان شێوەزاری هەورامی لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

ساڵح جومعە سەرۆکى ناوەندى شەبەکەکان رایگەیاند، هەورامی، ماچۆ و دملکی زمانی شەبەکەکانە و دەڵێت "دەڵێت زمانى شەبەکەکان هەورامییە".

محەمەد سالم پەرلەمانتاری کۆتای شەبەکەکان لە پەرلەمانى باشووری کوردستان وتى "لە سەردەمی میدییەکانەوە شەبەک روویان لە دەشتی موسڵ (نەینەوا) کرد. هەر وەک عەشیرەتەکانى تری کورد، کە چۆن هەر عەشیرەتێک لە ناوچەیەکدا نیشتەجێ بوو، شەبەکیش بەو شێوەیە لەو دەشتەدا نیشتەجێ بوو".

سالم شەبەک وتیشی، ئێستا هەرێمێک بە ناوى شەبەکستانەوە هەیە و لە چەند عەشیرە پێکدێت. ئەوەشى وت "عەشیرەکانى باجەڵان، زراری، سمایلوەند، شکاک و گێژ عەشیرەکانى هەرێمى شەبەکستانی دەشتى موسڵن. هەروەها شەبەکەکان کوردی رەسەنن و بەپێى ئامارى نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەى ٤٥٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار شەبەک لە دەشتى نەینەوادا دەژین".

شێخى پیرۆزى شەبەکەکان

هەر چۆن پێکهاتەکانى تری کورد خاوەن باوەڕێ دیاریکراوى خۆیانن، کوردانی شەبەکیش باوەڕێکى دیاریکراویان هەیە و پەرستش و مەزارگەى تایبەت بە خۆیان هەیە و دڵسۆزیشن بۆی. لەبەر ئەوەى لە دەشتى نەینەوادا زۆر نزیک و هاوسنووری ئێزدییەکانن بەشداریی پەرستش و ئاهەنگ و مەراسیمى ئێزدییەکان دەکەن و پەرستشی خۆیان بەجێدەهێنن. لەبەر ئەوەش کە مەزارگەکەیان زۆر دوورە بەشێک لە شەبەکەکان بەبێ ئەوەى بتوانن مەزارگەکەیان ببینن، ماڵئاوایى لە ژیان دەکەن.

کوردانى شەبەک خۆیان بە شوێنکەوتوی شێخ شەهابەدین دەزانن. لەبەر ئەوە بڕوایان بەوەیە، کە دەبیت پەرستش و ستایشەکانیان لەبەردەم گۆڕەکەى ئەودا ئەنجام بدەن. مەزارگەی شێخ شەهابەدین لە شوێنێکى نێوان گوندی زاوەر و تەوێڵەدایە لە هەرێمى هەوراماندا، کە کوردانى کاکەیى و یارسان و هەورامی لەو هەرێمەدا پێکەوە لە نزیک یەکتردا دەژین.

شێخ شەهابەدین بەهۆی گوشار و زۆرداری لەسەر بیروباوەڕەکەى لە ناوچەیەکى ترەوە هەڵهاتووە و خۆی گەیاندووەتە هەریمى هەورامان و لەوێ گیرساوەتەوە. هەورامییەکانیش خاوەندارییان کردووە و حەواندویانەتەوە. شێخ شەهابەدین لە نێوان گوندەکانى زاوەر و تەوێڵەدا و لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتى کوردستاندا کۆچی دوایى کردووە. گوندی تەوێڵە (تەوێڵەی بچووک) گوندێکە لە هەرێمى نۆدشە لە نزیک شارۆچکەى نەوسو لە نزیک شارى پاوە و لە خوار چیاى داڵانی هەرێمى هەوراماندایە، کە بە بەهەشتى هەورامان دەناسرێت. دراوسێى گوندەکانى هانەگەرمەڵە و کێمنەیە و بەری رۆژهەڵاتەکەیشی نۆدشەیە.

گۆڕی شێخ شەهابەدین، کە گەورەترین مەزارگەى پیرۆزی کوردانى شەبەکە دەکەوێتە گوندی زاوەر و لەلایەن گەلی ناوچەکەوە وەک شێخ شەهابەدینى دزاوەر، یان شێخ شەهابەدینی زاوەر دەناسرێت. هەندێک لە سەرچاوەکانیش بەهۆی خوێندنى شێخ شەهابەدینەوە لە بەغدا، بە ناوی شێخ شەهابەدینى بەغدادی ئاماژەیان بە ناوەکەى و مەزارگەکەى کردووە.

شێخ شەهابەدین ساڵی ١١١٨ لە دایکبووە. لە تەمەنى لاوێتیدا دەچێتە بەغداد بۆ ئەوەى ببێتە شاگردی شێخ عەبدولقادری گەیلانی. بۆ ماوەیەک لەلای شێخ عەبدولقادری گەیلانى شاگردبووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەورامان.

لە گوندی زاوەر لەگەڵ کچێکدا هاوسەرگیرى دەکات. دواى ٣ منداڵی کچ ٢ کوڕیشی لە دایک دەبن. یەکێک لە کچەکانى لەگەڵ سەید مستەفا هەورامانیدا، واتە لەگەڵ پیرشالیاری سێیەمدا هاوسەرگیرى ئەنجام دەدات. گۆڕی کچەکەى لەپاڵ گۆڕەکەى پیرشالیاری سێیەمدایە لەو ناوچەیەدا. ئەو کچەى شێخ شەهابەدین بە ناوی "ئەدالۆ پیرا" یانى، دایکێکى زانا و هەروەها بە دایکى هەژاران دەناسرێت و پەرستش و ستایش دەکرێت.

شێخ شەهابەدین ساڵێ ١١٩ی زایینى و لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا کۆچی دوایى کردووە. لە کتێبی گەورە و پیرۆزى یارسانەکاندا لەبارەى شێخ شەهابەدینەوە نووسراوە، کە یەکێکە لە ٧ نوێنەرەکەى ئایینى سوڵتان ئیسحاق. شێخ شەهابەدین پیرۆزترین شێخی شەبەکەکانە و  گۆڕەکەشی گەورەترین مەزارگەى پیرۆزی کوردانى شەبەکە.

بۆ ئەوەى مرۆڤ بتوانێت خۆى بگەیەنێتە مەزارگەکەى شیخ شەهابەدین لە گوندی تەوێڵە (تەوێڵەى بچووک) دەبێت مۆڵەت لە بنکەى سەربازیى ئێران لە گوندی زاوەر وەربگرێت. سەدان هەزار هاووڵاتیى شەبەک ناتوانن و دەرفەتى ئەوەیان بۆ ناڕەخسێت بچنە مەزارگەکەى شێخ شەهابەدین و بەبێ ئەوەى مەزارگەکەى لە نزیکەوە ببینن، چاو لێکدەنێن و ماڵئاوایى لە ژیان دەکەن. بەپێى بیروباوەڕی شەبەکەکان، ئەو کەسانەى کە گۆرى شێخ شەهابەدین-یان زیارەت کردووە و بینیویانە، کەسانى پیرۆزن.

ر.م