نەخۆشخانه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ جزیر هاوڵاتیان نەخۆش ده‌كات 

لە نەخۆشخانەی دەوڵەت له‌ شاری جزیر-ی باكووری كوردستان بە هۆی کەمتەرخەمییه‌وه‌ لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر کەس گیانیان لەدەستداوه‌. لە جیاتی ئەوەی که‌موكوڕییه‌كان چارەسەر بکرێن، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.

نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری جزیری سه‌ر به‌ پارێزگه‌ی شرناخ، بە هۆی كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه‌ بۆ نە خۆشەکان نابێته‌ ده‌رمان.

سەدان کەس كه‌ بۆ ته‌داوی ڕوو لەو نەخۆشخانەیه‌ دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن چەند کاتژمێرێك چاوه‌ڕوان ده‌بن. زۆر جاریش ئه‌و كاته‌ی بۆ دیداری پزیشك و نه‌خۆش دیاری كراوه‌، دواده‌خرێت. لە نەخۆشخانەكه‌ بە بیانووی ئه‌وه‌ی سیستەمی ئه‌لكترۆنی کار ناکات، بلیتی خۆتۆمارکردن نادرێت. ئەوەش دەبێتە هۆکار کە سەرەگرتنی خەڵک بۆ چارەسەر وەرگرتن درێژ بێت.

بە تایبەتی لە بەشی نەخۆشییه‌كان ژنان، لەدایکبوون، پشکنینی چاو و فریاگوزاریی خێرا، کێشەی زۆر هەن. ئەو کەسانەی کە دەیانه‌وێت پەیوەندی بگرن بە ژمارە ١٨٢ بۆ خۆتۆماركردن، پێیان ده‌گوترێت «هەموو پزیشکەکان كار ده‌كه‌ن و نۆبه‌ت نییه‌.» ئه‌وانه‌شی بۆ خۆتۆماركردن له‌ به‌ره‌به‌یانه‌وه‌ ڕوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌كه‌ن، پێیان ده‌گوترێت كه‌ «به‌بێ خۆتۆماركردنی پێشوه‌خته‌، بلیتتان پێ ناده‌ین.» به‌و شێوه‌یه به‌ ده‌ستی به‌تاڵ‌ ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای کێشەی پزیشکەکان، لە نەخۆشخانەکە کێشە ته‌كنیكییه‌كانیش زۆرن. بەهۆی ئەوەی کە جێگه‌ نییه‌، زۆرینه‌ی نەخۆشەکان ڕه‌وانه‌ی نەخۆشخانەکانی دیکە دەکرێن.

بەشی فریاگوزاریی خێرا-ی نەخۆشخانەکە چەند مانگێکە لە ژێر نۆژەن کردنەوە دایە و داخراوه‌. ئەو نەخۆشانەی کە ده‌چنه‌ ئەو بەشە لە به‌شی منداڵان چارەسەریان بۆ ده‌كرێت. هاوڵاتییەک کە نه‌یویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پێنج مانگە بە هۆی نە خۆشی چاوه‌وه‌ دەناڵێنێت، ئه‌و گووتی: بەهۆی دەرمانی هەڵەوە، زۆری نه‌مابووه‌ چاوەکانی کوێر بن. نەخۆشەکە گوتی: ڕووناكیی چاوەکانم زۆر کەم بووە. چاوه‌كانم ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر ده‌بن و ناتوانم هیچ بخوێنمه‌وه‌. ئەوەشم بە دکتۆرەکە گوتووه‌، بەڵام پێی گوتم: ئەو دەرمانانەی کە بە تۆمان داوە هەڵە نییه‌، به‌ڵكوو تۆ بە هەڵە بەكارت هێناوە.

«نابێ ژیانی مرۆڤەکان ئەوەندە بێ بایه‌خ بێت»

ئەلیف چاغل (٢١ ساڵان) کە نه‌خۆشێكه‌ و سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی جزیر ده‌كات باسی كێشه‌كانی به‌شی ژنانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ی كرد و گوتی: دەیان ژنی دووگیان لە به‌رده‌م دەرگەن و چاوەڕوانی دکتۆرێکن. نەخۆشییه‌كه‌ی من به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وان سووكتره‌. له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ئێمە نۆبه‌ت به‌ یه‌كتر ده‌ده‌ین. لە جزیردا دکتۆرێک نییە کە پشکنین بۆ ژنانی دووگیان بکات. نازانم ئەو بارودۆخه‌ تا كه‌ی بەردەوام دەبێت. بەڵام نابێت ژیانی مرۆڤ ئەوەندە بێ بایه‌خ بێت.

نه‌خۆشێكی دیكه‌ش گوتی: چەند هه‌فته‌یه‌ك چاوه‌ڕوان بووم تا چاوم به‌ پزیشك كه‌وت. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی «كارێكی بەپەلە»ی بۆ په‌یدا بوو، پزیشكه‌كه‌ ڕۆیشت و دیده‌نییه‌كه‌ بۆ هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ دواخرا. 

هه‌ردوو هاوڵاتی عه‌ره‌فات چاغلار و فەیرووز پۆڵات کە چەند ساڵ پێش ئێستا سه‌گ قه‌پی لێدابوون، بەهۆی کەمتەرخەمی نەخۆشخانەکەوە لەگه‌ڵ كۆرپه‌كه‌ی نێو سكیان گیانیان له‌ده‌ستدا. لەسەر ئه‌و ڕووداوه‌ لێپرسینەوە لە نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام بێ ئەنجام بوو.

s.m