دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، بەسەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە تورکیا و لەگەڵ ئۆردۆغان کۆبوونەوە. ئەنجامدانی ئەو سەردانە لەم کاتەدا و شێوازی پێشوازیلێکردنی و نەبوونی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە شوێنی کۆبوونەوەکەدا، کاردانەوە و مشتومڕی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامی کوردی.
"لە بەرامبەر سوکایەتییەکاندا سوپاسگوزارە"
لەوبارەیەوە هاووڵاتییەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە ناوی بەکرحەسەن نووسیویەتى "قابیلە نێچیرڤان بارزانی نەزانێت ئۆردۆغان بەکاری دەهێنێت بۆ بەرژەوەندیی حزبەکەی و دژ بە کوردانی هەموو پارچەکانیتر و گەل و نیشتمان".
هەروەها دەپرسێت "نازانم هەست بە چی دەکات کە ئەو ڕۆڵە دەبینێت؟ ئایا بۆچی ئەوەندە ترساوە لە ئەردۆغان چ فشارێکی لەسەرە؟ بەم شێوەیە سوکایەتییان پێدەکات و لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی نەک هەر بێدەنگی هەڵبژاردوووە، بەڵکوو سوپاسگوزارە و خۆی تەسلیم کردوە".
"ناکریت پەیوندی لەسەر حسابی پارچەیەکی تری کوردستان بێت"
عەلی جوامێریش نووسیویەتى: "لە کاتێکدا لە ئێستادا هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەمبوڵ تەنها یەک ڕۆژی ماوە سەردانیکردنی نێچیرڤان بارزانی دەکەوێتە چوارچێوەی پڕوپاگەندە و خزمەتکردن بۆ سەرخستنی حزبەکەی ئەردۆغان، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی پەیوەندییەکی شەخسی و حزبی لە کاتێکدا، ناکرێت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر حسابی پارچەکانیتری کوردستان بێت".
هەروەها هاوڵاتی شڤان ئەبوبەکر وێنەی ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانیی بەیەکەوە لەسەر واڵەکەی خۆی داناوە و بەشێوازێکی گاڵتە ئامێز نوسیویەتی "یەکەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاڵای کوردستان".
"تورکیا هەرێم بە کۆمانیایەکی نەوتی دەزانێت"
هەروەها چاودێری سیاسی فەلاح سەلاح لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە واڵەکەی خۆیەوە بەکورتی بۆچوونی خۆی لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو، بە پرسیاری "کوا ئاڵای کوردستانت؟" دەستپێدەکات و دەڵێت" مامەڵەکردنی ئاک پارتی و ئۆردۆغان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا وەکوو کۆمپانیایەکی بەرهەمهێننانی نەوت وایە، سوودی بازرگانی بۆ تورکیایە و برسێتی و کەمدەرەامەتیی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانە".
لە بەشتیکی تری نووسینەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات "لە تورکیادا شتێک نییە بەناوی حکومت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کەچی لەبەرخاتری چاوی کاڵی قارداش لەکاتی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا بڕگەی سرودی ئەی ڕەقیب لابرا".
لە کۆتاییشدا پێشنیازێکی تەنز ئامێز ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت" جەنابی سەرۆک بۆ ئەوەی تووشی ئیحراجی نەبیت باشتر وایە سەردانەکەت دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکانەوە بێت".
ر.م