هاووڵاتییانی بناری قەندیل: قەندیل لانکەی شۆڕشە و ناهێڵین خەونی داگیرکاران بێتە دی

چەندین ساڵە هاووڵاتییانی بناری قەندیل و باشووری کوردستان دەبنە قوربانیی هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا، دواین هێرشیش لە چیای کورتەکی بناری قەندیلدا روویدا؛ کە تیایدا بنەماڵەێك بوونە قوربانی و لە هێرشەکەدا ٣ هاوڵاتی شەهید بوون و ٥ تریش بریندار بوون.

هاووڵاتییانی قەندیل لەبەرامبەر بەم هێرشانە توڕەن و بێهەڵوێستی و بێدەنگیی حکومەتی باشوور وعێراقیش توڕەتری کردوون و بەرامبەر بە داگیرکاری زیاتر توڕە بوون. لەم بارەیەوە هاووڵاتییانی بناری قەندیل بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

مام حەمەدەمین هاوڵاتییەکی بەتەمەنی گوندی ئێنزێیە و وەك خۆی باس دەکات، تەواوی شۆڕشەکانی ئەو ناوچانەی بینیوە و ئەم هەرێمانەش بە لانکەی شۆڕشەکان و  قەڵای خۆڕاگری ناو دەبات و  دەڵێت: ''ئەو ڕووداوەی لە کوررتەك ڕوویدا تاوانێکی زۆر گەورە بوو بەرامبەر بەم هاووڵاتییانە، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە ئەنجامدرا. داواکارم لە تەواوی دەوڵەتەکان و  هەموو گەلی کوردستان و  دەسەڵاتداران، کە خاوەن هەڵوێست بن و ئەردۆغان تاوانبار بکرێت و ئەم ڕاستیانە نیشانبدرێن، لە بەشێك لە ناوچەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام دەبێت لە هەر لاێك و لە هەر شوێنێکەوە ناڕەزایەتی دەرببڕن لە دژی ئەم کۆمەڵکوژییەی کە کراوە، نابێت هیچ کەسێك بێدەنگ بێت. ئەم هێرشەی کە دروستیش بووە لەبەرامبەر هاووڵاتییان بووە ئەم قسانە ڕاست نین کە دەڵێن، ئەم کەسانە پەکەکەن''.

یەکێکی تر لەو هاووڵاتییانە، دایە ماهیە جەلالە  کە بەم شێوەیە ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت:'' هەموو کەسێك لە دەوڵەتی تورکیا  و هێرشەکانی بێزارە ئەوە چەندین جارە، کە چەندین بنەماڵە لەناو دەبات. شەقامەکان و ڕێگاوبانە گشتییەکان مافی هەر کەسێکەوە، کە تییادا تێپەڕ ببێت ئەو دێت و هێرش دەکاتە سەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و شەهیدیان دەکات ئیتر سنوور بۆ ئەو زوڵم و زۆردارییەی ئەردۆغان و  تورکیا نەماوە. چەندین کەسی شەهید کردووە و چەندین کەسیشی کەمئەندام کردووە. ماڵی چەندین کەسی وێران کردووە. بێدەنگیی حکومەتی باشوور و حیزبەکانیش نیشاندەری ئەوەن، کە خۆیان یارمەتیدەر و  هاوکارن، ئەوان دەڵێن، هۆکار ''پەکەکە''یە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە بۆچی پەکەکە؟ ئەگەر پەکەکەش لە شاخەکان نەبوونایە ئێستا تەواوی ئەو ناوچانە دەبوون بە چەتە و کەسانی خراپکار. لە هەر شوێنێك پەکەکە هەبێت ئارامی و ئاسایش هەیە، بەڵام ئەوە دەوڵەتی تورکیایە کە ئەو ئارامی و ئاسایشە تێکدەدات و هێرشی خەڵکی دەکات. داواکارم، کە هەموو لایەنێک و خەڵکیش بە گشتی بێنە وەڵام بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژیانەی لەسەر هاووڵاتییان دەکرێت''.

دانیشتوێکی گوندی ئێنزێش بە ناوی کەنار ئەحمەد بەم شێوەییە بۆچوونی خۆی دەڵێت:" ئەمە یەکەمجار وە کۆتا جاریش نییە، کە ئێمە لە قەندیلدا هاووڵاتیانمان شەهید دەکرێن. تا ئێستا هیچ بەرپرس و لایەنێك نەهاتە وەڵام لەبەرامبەر ئەم هێرشانە لە تیڤیەکانەوە قسە دەکەن و  دەڵێن ''ئێمە ئاگادار نین لەوەی کە ئەمان هاووڵاتیی بن و شەهید بوونە''، پێشتریش ئەو هێرشانە لە برادۆست لە کورتەك، زارگەلی روویاندا، بەڵام ئەوان هەر بێدەنگ ئەگەر خۆیان یارمەتیدەر نابن ئەوا توركیا بەم ئاسانییە ناتوانێت خاکی باشووری کوردستان ببەزێنێت و بەم شێوەییە هێرش بکات. دەبێت هەموو لایەنێک بێتە وەڵام وئەنجامدەرانی ئەم کارانەش بدرێنە دادگا و سزا بدرێن، قەندیل شوێنكی دەوڵەمەندە و سروشتەکەشی دڵڕفێنە بەڵام ئێستا بە ئەندازەێک ژیانیان ناخۆش کردووە خەڵکی ناتوانن بە ئاسانی بێن و سەردانی باخ و ڕەزەکانی خۆشیان بکەن، بەڵام ئێمە تەنها شتێك دەڵێین، کە ئێمە هیچ کاتێك بستێك خاکی خۆمان بۆ دوژمن بەجێناهێڵین، چونکە قەندیل لانکەی شۆڕشەکانە''.

 

کوێستان حەسەنیش یەکێکە لە هاووڵاتییانی بناری قەندیل بە توڕەییەکی زۆرەوە  بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان قسەی کرد و وتی:" سەرەتا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەم شەهیدە سەربەرزانە دەکەین، تەواوی گەلی کورد لە هەر لایەکەوە ناڕەحەتین بەم هێرشەی کە دروست بووە. ئێمە هیچ کاتێك ئەم شەهیدانە لەیاد ناکەین ئەوانە شەهیدی تەنها ئەم بنەماڵە نین و شەهیدی تەواوی کوردستانن و بەڵێنی ئەوەش دەدەین، کە تۆڵەسێنەری خوێنەکەیان بین. ئێمە ناڕەزایەتیی خۆمان بەرامبەر بەم داگیرکاری وهێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەردەبڕین و داوکاریمان لە تەاوی وڵاتان هەروەها کوردستان و بەتایبەت دەسەڵاتدارانی باشوور هەیە کە خاوەن هەڵوێست بن و  نەبنە هاوکار  و یارمەیتدەری دوژمنان بۆ کوشتنی هاووڵاتییان. باس لەوە دەکەن گوایە ئەو کەسانە ''پەکەکە'' بوون و پەکەکە هۆکاری هێرشەکە بووە، بەڵام ئەمانە ڕاست نین ئەوانەی شەهید بوون هاووڵاتیی مەدەنین و هەمیشە لێرە هاووڵاتییان دەبنە قوربانی، ئەوان ئێستا باس لە پەکەکە دەکەن، بەڵام بۆچی باسی ئەوە ناکەن کە پەکەکە سنوورەکان و  شوێنەکانی لە نموونەی شەنگال و  مەخمور و کەرکوكی پاراست، ئەوان دەبێت ئەو ڕۆژانەیان لە یاد نەچێت، ڕۆژانێك باسی قەندیلیان دەکرد و  سوودیان لێ دەبینی، بەڵام ئەوەتا ئێستاش هێرش هەیە و خەڵکی شەهید دەبن بۆ ناێنە وەڵام.  قەندیل لە هەموو شۆڕشەکان خاوەنی ئەو هەموو شەهید و تێکۆشانەییە دەبوو خەڵکی قەندیل ژیانێکی خۆش و ئاسودەی بۆ فەراهەم بکرێت، سەرەڕای هەموو مەترسی و  هێرشەکان بەڵام ئیمە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە بستێک خاکی خۆمان ناگۆڕینەوە بە هەموو دونیا ئێمە لێرەین و  پارێزگاری لە خاکاکەمان دەکەین گیان و جەستەمان دەبێتە قەڵخانێك و قەندیل بۆ دوژمنان ناهێڵین و ڕێگەنادەین ئەم ئاواتانەیان بێتە دی''.

ر.م