هیومان ڕایتس وۆچ، لەسەر گەمارۆی سەر کامپی مەخموور و لەبارچوونی منداڵانی کامپەکە بەهۆی ڕێگریکردنی هاوڵاتییان لە گەیشتن بە نەخۆشخانەکانی هەولێر، ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی هەرێم دەگرێت و بەرپرسێکی ڕێکخراوەکەش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە جێی سەرسوڕمانە تا ئێستا بەرپرسانی هەرێم کۆتاییان بەو گەمارۆیە نەهێناوە.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ تایبەت بە چاودێرییکردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، ڕاپۆرتێکی درێژی لە بارەی ئەو گەمارۆیەوە بڵاو کردوەوە کە زیاتر لە چوار مانگە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە خراوەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور).
هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەیدا کە بە وردی باسی لەو ڕێگریی و ئاستەنگانە کردووە کە بەرپرسانی هەرێم لەدژی دانیشتوانی کامپەکە گرتوویانەتە بەر و ڕایگەیاندووە، "هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی ٢٠١٩وە، بەشێوەیەکی هەڕەمەکیانە گەمارۆیان خستۆتە سەر جموجوڵ و هاتوچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور کە کوردانی تورکیای تێدایە".
هەر لە سەر گەمارۆکە سارا لی وویستن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوڕاست لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە "بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ناتوانن سزای هەموو دانیشتوانی ناو کامپەکە بدەن تەنها لەبەرئەوەی لهوانهیه كه هەندێکیان لایەنگیری پەکەکە بكهن لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدانیە کە ئەم کەسانە تاوانێکیان ئەنجامدابێت، ئەم گەمارۆ هەڕەمەکیەی سەر دانیشتوانی ناو کامپەکە وایکردووە کە دەستیان بە کارەکانیان و نەخۆشخانەو چارەسەری تەندروستی نەگات".
ئەو بەر پرسە ڕەخنەی توندیشی لە بەرپرسانی هەرێم گرتووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە "نابێت دایکان کۆرپەکانیان لە دەست بدەن ئینجا حکومەتی هەرێم تێبگات لەوەی کە ئەو گەمارۆیەی سەپاندویەتی بە سەر کامپەکەدا زیاد لەحەدە، جێی شۆک و سەرسوڕمانە تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییان نەهێناوە بە سنوردارکردنی مافی هاتوچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە دیندار زێباری، ڕێکخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داکۆکی نێودەوڵەتی، لە ڕێکەوتی ٣٠ ی تشرینی یەکەم لە وەڵامی داوایەکی هیومان ڕایتس ۆوچ وتوویەتی کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بۆ ماوەیەکی کاتی و گەمارۆیەکی کەمیان" خستە سەر دانیشتوانی ناو کامپەکە بەهۆی "کێشەی ئەمنیەوە".
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، مافی ئازادی نیشتەجێبوون و هاتوچۆ بۆ خەڵکانی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی دابین بکات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەریم تەنها لەکاتێکدا دەتوانێ هاتوچۆی هاوڵاتییەکانی و ئەوانەشی کە هاوڵاتی نین سنوردار بکات کە بەپێی یاسا بێت و بۆ پارێزگاریکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی و وورەو تەندروستی گشتی بێت یان بۆ پارێزگاریکردن بێت لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکانی تر، جگەلەوەش، دەبێت جیاکاری نەکرێت لە سنووردار کردنەکان و بە قەد قەبارەی مەترسیەکە بێت.
ئەمەش دەقی ڕاپۆرتەکەیە:
هەرێمی کوردستانی عێراق: سنووردارکردنی هاتوچۆی ئاوارەکان
لەبارچوونی دوو منداڵ بەهۆی ڕێگریکردنیان لە گەیشتن بە نەخۆشخانە
(بەیروت) - هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی ٢٠١٩وە، بەشێوەیەکی هەڕەمەکیانە گەمارۆیان خستۆتە سەر جموجوڵ و هاتوچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور کە کوردانی تورکیای تێدایە.
گەمارۆکە لەدوای ئەو ڕوداووە هات کە چەند چەکدارێکی نەناسراو بە گوومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەستان بە کوشتنی دیپلۆماتکارێکی تورکی لە ١٧ی تەمووز لە شاری هەولێر. هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕووداوەکە چەند گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردو گەمارۆیان خستەسەر کامپەکە لەبەرئەوەی دانیشتوانەکەی پشتگیری پەکەکە دەکەن. لەئەنجامی ئەو گەمارۆیە، ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی کامپەکە کارەکانیان لە دەستداوەو بە ئاستەنگ دەستیان بە نەخۆشخانەکان دەگات.
سارا لی وویستن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوڕاست لە هیومان ڕایتس ۆوچ، وتی، "بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ناتوانن سزای هەموو دانیشتوانی ناو کامپەکە بدەن تەنها لەبەرئەوەی لهوانهیه كه هەندێکیان لایەنگیری پەکەکە بكهن لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدانیە کە ئەم کەسانە تاوانێکیان ئەنجامدابێت. ئەم گەمارۆ هەڕەمەکیەی سەر دانیشتوانی ناو کامپەکە وایکردووە کە دەستیان بە کارەکانیان و نەخۆشخانەو چارەسەری تەندروستی نەگات."
کامپەکە کە بەدووری ٦٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر، لانی کەم لە ١٢ هەزار هاوڵاتی کوردی تورکیای تێدایە، زۆرێکیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە و لە پاش ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی سوپای تورکیا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ کە بووە هۆی دەربەدەرکردنی سەدان هەزار هاووڵاتی کوردی گوندنشینەکان كه ناوچەکانیان جێهێشتوو، لە ساڵی ٢٠١١، بەرسانی حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی کامپەکەیان وەک کامپی پەنابەران تۆمارکردو مافی پەنابەرێتیان دایە دانیشتوانی ناو کامپەکە.
لەم بارەیەوە، دیندار زێباری، ڕێکخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داکۆکی نێودەوڵەتی، لە ڕێکەوتی ٣٠ ی تشرینی یەکەم لە وەڵامی داوایەکی هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بۆ ماوەیەکی کاتی و گەمارۆیەکی کەمیان" خستە سەر دانیشتوانی ناو کامپەکە بەهۆی "کێشەی ئەمنیەوە. "
زێباری ئاماژهی بهوهكرد كه کە "ڕێوشوێنە نوێیەکان ئەو کەسانەی نەگرتۆتەوە کە کاریان هەیەو قوتابین یان ئەوانەی کە پێویستیان بە چارەسەری تەندروستیە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەگەر نووسراوی مۆڵەتیان بۆ کرابێ." لە ئیمەیڵێکی تردا کە لە ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم ناردبووی، زێباری ئەوەی دووپات کردەوە کە "هەموو رێوشوێنە ئەمنیەکان کاتین و بۆ پارێزگاریکردنە لە سەلامەتی هەموو لایەک" و ووتی مەبەست لە "مۆڵهت هەبوون" ههبوونی نامەی پشتگیریە لەلایەن خاوەن کارەکانیان یان خوێندگاو دامەزراوەکانی تری خوێندن.
پێنج دانیشتووی کامپەکە بە هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت کە مۆڵەتی جێهێشتنی کەمپەکەیان هەبووە، بەڵام لە خاڵی پشکنینی یەکەمی سەر ڕێگەی هەولێرو شارەکانی تری کوردستان هێزە ئەمنیەکان ڕێگریان لێکردوون، دانیشتویەکی تری کامپەکە ووتی کە بەهۆی ڕێگرییەکانەوە کارەکەی لەدەستداوە و نەیتوانیوە کارێکی تر بدۆزێتەوە کە خاوەن کارنامەی پشتگیری بۆ بکات، ووتیان تەنها خوێندکارەکان و چەند کەسێکی کەم کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێدراوە.
یەکێکی تر ووتی، هێزە ئەمنیەکان لە بازگەی یەکەم ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێداوە بەڵام لە بازگەیەکی نزیک هەولێر گەڕاندویانەتەوە.
پزیشکێکی بنکەی تەندروستی ناو کامپەکە ووتی هەوڵیداوە زۆرێک لە نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر بکات لەبەرئەوەی بنکەکەیان داودەرمان و چارەسەری زۆر سنورداری تێدایە، بەڵام لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەو ووتی، "ئاسایش پێیان ووتوین کە متمانەیان بە پزیشکەکان نیە لە ڕەوانەکردنی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر. پاشان ناچار بووین نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی مەخموور بکەین کە ئەویش داودەرمان و چارەسەری زۆری تێدانیە، بەڵام هێزە ئەمنیەکان ڕێگری لەوەش دەکەن."
ژنێکی سێ مانگ دوو گیان لە نەخۆشخانەکەی مەخموور بە نامەیەک کە مۆری ئیمقامی مەخموری پێوە بووە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەولێر کراوە بۆ تاقیکردنەوەی سکپڕی، ئەو ژنە لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیەوە تا نیوەڕۆ لە بازگەیەک چاوەڕێ دەکات لە ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم. ئەو ژنە ووتی، "ئەفسەرێکی زۆر بێشەرم پێی گووتم ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێکیش چاوەڕێ بکەی ڕێگەت نادەم بچیتە هەولێر تەنانەت ئەگەر مۆڵەتیشت هەبێت، ئەو ئەفسەرە مۆڵەتەکەی لێسەندم و گەڕاندمیەوە".
ژنێکی تری دوو گیان کە سکی شەش مانگ دەبێت وتی لە ئێوارەی ڕۆژی ٨ی ئاب مێردەکەی بەپەلە دەیباتە بنکەی تەندروستی کامپەکە بەهۆی خوێن بەربوونیکی زۆر لێی، پزیشکی بنکەکە دەڵێ دەبێت بەپەلە ببرێتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر بۆ چارەسەری بەپەلە، کامپەکە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری نابێت بۆیە مێردەکەی بە ئۆتۆمبێلی خۆی دەیبات بەرەو هەولێر، لە سێ بازگەی یەکەم ڕێگەی چوونە هەولێریان پێدەدرێ بەڵام لە دوا بازگە ڕێگریان لێدەکرێت.
ژنەکە وتی، "ئەفسەرێک لە بازگەکە بە مێردەکەمی ووت کە ڕێنماییان پێدراوە ڕێگە بە هیچ کەسێکی ناو کامپەکە نەدەن بچێتە هەولێرەوە، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا خوێنم لێدەڕۆیشت بەڵام ئەفسەرەکە تەماشای کردم و ووتی باشم و هیچم نیە." ژنەکە ووتیشی ناچاریان کردین بە گەڕانەوەو لە ڕێگادا منداڵەکەم لەبارچوو، زۆر دڵتەنگ بووم بە لەدەستدانی منداڵەکەم، لەکاتی لەدەستدانی منداڵەکەمدا وا هەستم دەکرد کە خۆشم دەمرم بەڵام هیچ کەس گوێم پێنادات، لەو کاتەوە هیچ چارەسەرێکی گونجاوی تەندروستیم بۆ نەکراوە".
پزیشکی ناو کامپەکە وتەکانی ئەو ژنەی پشت ڕاستکردەوەو وتی کە ژنێکی تری ناو کامپەکە بە هەمانشێوە منداڵەکەی لەبارچووە لەبەرئەوەی ڕێگەی تێپەڕین و چوونە نەخۆشخانەی پێنەدراوە لە بازگەکانی سەر ڕێگەی هەولێر.
ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ کە پێنج منداڵی هەیە وتی: لە ئەنجامی گەمارۆی سەر کامپەکە خۆی و مێردەکەی کارەکەیان کە بریتی بووە لە کاری پاککردنەوە لەدەستداوە چونکە ئەو جۆرە ئیشانە نامەی پشتگیریان نیە، ئەو ژنە وتی نزیکەی هەزار دانیشتووی ناو کامپەکە لە هەولێرو شارەکانی تر کاری لەو جۆرە دەکەن، ئەو وتی، "ئەوەی پەیامان دەکرد تەنها بەشی خەرجی ڕۆژانەی دەکردین، لە یەکەم بەیانی ڕۆژی جەژن دەستم بە گریان کرد لەبەرئەوەی نەمانتوانی شیرینی و جلوبەرگ بۆ منداڵەکانمان بکڕین، بۆ ئێمە جەژن نەبوو".
ئەندازیارێک کە لە کۆمپانیایەکی دروستکردنی بینا لە سلێمانی کاری دەکرد، وتی، پاش ئەوەی بەرپرسان دەستیان کرد بە رێگریکردن لە دانیشتوانی ناو کامپەکە لە تێپەڕین بەناو بازگەکاندا کارەکەی لەدەستداوە، ئەو وتی، کارتی مانەوەو کارتی ئەندامێتی سەندیکای ئەندازیارانیشی لە بازگەکان نیشانداوە، بەڵام ئەفسەرەکان پێیان ڕاگەیاندووە هیچ دانیشتوویەکی ناو کامپەکە ڕێگەی پێنادرێ بچێتە ناو هەولێر.
هاووڵاتیەکی کوردی عێراقی دانیشتووی مەخموور کە لە نزیک کامپەکە دەژی وتی، لە ٦ی تشرینی دووەم هەر جارێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بەناو بازگەکەدا تێدەپەڕی پرسیاریان لێدەکرد کە ئایا هیچ کەسێکی ناو کامپەکەی هەڵنەگرتووە: "زۆر کەس دەبینم بە ژنی پیر و خەڵکی نەخۆشیشەوە، لەسەر زەوی نزیک بازگەکان دانیشتوون و لە ئاسایشەکان دەپاڕێنەوە کە ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێبدەن، تێناگەم بۆچی ڕێگریان لێدەکەن".
ئەو هاوڵاتیانەی ناو کامپەکە کە چاوپێکەوتینیان لەگەڵ کرا وتیان ڕێگەیان پێدراوە بچنە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەغدا، بەڵام بەهۆی نەزانینی زمانی عەرەبی و نەبوونی ناسنامەی پێویست و دەستگیرکردن ناوێرن بچنە ئەو ناوچانە، زۆرێک لە خێزانەکان ناسنامەی مانەوەکانیان لە ساڵی ٢٠١٤وە بەسەرچووە، بەڵام حکومەتی بەغدا لە ساڵی ٢٠١٨ دەستیکردووە بە نوێکردنەوەیان، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا بازگەکانی حکومەتی هەرێم ڕێگەیان بە دانیشتوانی ناو کامپەکە داوە بچنە شارەکانی کوردستان، سێ دانیشتووی ناو کامپەکە ووتیان لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ دوو پیاوی دانیشتووی کامپەکە کاتێک هەوڵیانداوە بە ناسنامەی بەسەرچووەوە لە ڕێگەی موسڵەوە بچنە دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ڕفێندراون و تائێستاش بێسەروشوێنن.
بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، مافی ئازادی نیشتەجێبوون و هاتوچۆ بۆ خەڵکانی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی دابین بکات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەریم تەنها لەکاتێکدا دەتوانێ هاتوچۆی هاوڵاتییەکانی و ئەوانەشی کە هاوڵاتی نین سنوردار بکات کە بەپێی یاسا بێت و بۆ پارێزگاریکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی و وورەو تەندروستی گشتی بێت یان بۆ پارێزگاریکردن بێت لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکانی تر، جگەلەوەش، دەبێت جیاکاری نەکرێت لە سنووردار کردنەکان و بە قەد قەبارەی مەترسیەکە بێت.
هەروەها یاسا نێودەوڵەتیەکان قەدەغەی ئەوە دەکەن کە ئازادی هاتوچۆ بە پشت بەستن بێت "بە مەبەست یان هۆکارێکی تایبەت بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت لە شوێنێکەوە بچێتە شوێنێکی تر."
وویتسن وتی، "نابێت دایکان کۆرپەکانیان لە دەست بدەن ئینجا حکومەتی هەرێم تێبگات لەوەی کە ئەو گەمارۆیەی سەپاندویەتی بە سەر کامپەکەدا زیاد لەحەدە، جێی شۆک و سەرسوڕمانە تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییان نەهێناوە بە سنوردارکردنی مافی هاتوچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور".
ف.ق