هێزەکانی ڕژیمی ئێران نەیتوانی پێش لە بەڕێوەچوونی پرسەی شەهید ئارگەش لەشاری کامیاران بگرن

سەرەڕای فشارو ڕێگری هێزەکانی ڕژیمی ئێران نەیتوانی ڕێگری لە بەڕێوەبردنی پرسەی شەهید ئارگەش کارزان لەشاری کامیاران-ی سەربەپارێزگای سنە بکەن،بەهەزاران هاووڵاتی بەشداریان لەپرسەی شەهیددا کرد.

ئێوارەی دوێنێ، پاش ئەوەی کە کۆدارهەواڵی شەهیدوونی جەمال ڕەحمانی ناسراو بە (ئارگەش کارزان)ی بڵاوکردەوە، هەزاران هاووڵاتی شاری کامیاران ودەوروبەری چوونە ماڵی باوکی شەهید و سەرەخۆشییان لە بنەماڵەکەیان کرد.

سەرچاوە هەرێمییەکان لە کامیارانەوە ڕایانگەیاند، کە هێزەکانی ڕژیمی ئێران بە هەڕەشە وفشار هەوڵیان دا پێش بە مەراسیمی پرسەی شەهید ئارگەش کارزان بگرن، بەڵام هاووڵاتیان گوێیان نەدایە ئەو هەڕەشانە وچوونە ماڵی ئەو شەهیدە لە کامیاران.

هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران هەڕەشەیان لە بنەماڵەی شەهید کارزان کردبوو، کە بۆیان نییە پرسە دانێن، بەڵام هەڵوێستی هاووڵاتیان و بنەماڵەکەیان دەسەڵاتی ناچار بە پاشەکشە کرد.

شایانی باسە، کە دوێنێ، کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک شەهیدبوونی ٣ گەریلا بەناوەکانی ئارگەش کارزان، تۆلهەلدان سنە و دلۆڤان فیدایی ڕاگەیاند، کە ڕۆژی ٧ی ئەیلول/١٦خەرمانان لە ئەنجامی شەڕێک دا لە سنە هاوکات لەگەل لە سێدارەدانی چالاکانی سیاسی کورد وموشەکبارانی کەمپەکانی حدک و حدکا لە کۆیە شەهیدبوبوون.

ک-ش