هەدەپە: دەسەڵات رووداوی کوشتنی ئەلچی دەشێوێنێت

ئایشە ئاجار باشاران پارێزەری هەدەپە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی تاهیر ئەلچی دا باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی تورک نایەوێت وردەکاریی رووداوی کوشتنی ئەلچی ئاشکرا بکات، بەڵکو رووداوە کە پەردەپۆش بکات و دەشێوێنێت.

ئایشە ئاجار باشاران وتەبێژی یاسایی و مافی مرۆڤ-ی هەدەپە لە لێدوانێکدا لە ساڵیادی کوشتنی تاهیر ئەلچی کە بە دەستی هێزەکانی دەوڵەتی تورک تیرۆر کرا، باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی تورک رووداوەکە پەردەپۆش دەکات.

باشاران لە لێدوانەکەدا باسی لەوە کرد، ئەو رۆژەی تاهیر ئەلچی کوژرا، بۆ ئەوەی بەڵگەکان ئاشکرا نەبن، لە جیاتی ئەوەی لێکۆلینەوە لە رووداوەکە بکات، شەڕێکی دروستکراوی وەک بەهانە هێنایەوە. تا ئێستاش لێکۆلینەوە لە شوێنی رووداوەکە نەکراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە بکوژەکە هێشتا دیار نییە.

باشاران وتی:" دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک ئامانجی ئەوە نییە کە رووداوەکە ئاشکرا بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە رووداوەکە زیاتر لێڵ و ناروون دەکات. لە ئەنجامی بەدواداچوونی رووداوەکەدا، پۆستی ٢ سەرۆکی داواکاری گشتی و ٤ داواکاری گشتییان گۆڕیوە، ٤ پۆلیسیش کە لە دیمەنەکانی کاتی کوژرانی ئەلچی دا دیارن تەقە بە رووی ئەلچیدا دەکەن، لە دۆسیەکەدا وەک شاهید پیشان دروان."

تاهیر ئەلچی لە ٢٨ی تشرینی دووهەمی ساڵی ٢٠١٥ لە ناوچەی سووری ئامەد بەدەستی هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە ناو شەڕێکی دروستکراوی دەوڵەتدا تیرۆر کرا. ئەوکات ئەلچی سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بوو، چەندین جار بە هۆی هەڵوێستەکانییەوە رووبەرووی دادگا کرابووە و چەندین جاریش هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.  

ز.ش