هەوڵی دەرکردنی نزیکەی ٣٠٠ ماڵی کورد دەدرێت لە گەڕەکێکی شاری کەرکووک
هێزە عێراقییه‌كان بە بەکارهێنانی هێز هەوڵی دەرکردنی ٢٨٠ ماڵی کورد دەدەن لە گەڕەکی عارەفەی شاری کەرکووک
هێزە عێراقییه‌كان بە بەکارهێنانی هێز هەوڵی دەرکردنی ٢٨٠ ماڵی کورد دەدەن لە گەڕەکی عارەفەی شاری کەرکووک
بەهۆی ئەوەی هێزە عێراقییەکان مۆڵەتی یەک هەفتەیان داوەتە ٢٨٠ ماڵی کورد لە گەڕەکی عارەفەی شاری کەرکووک تا ماڵەکانیان چۆڵ بكه‌ن، ئەمڕۆ گردبوونەوه‌یەکی ناڕەزایەتی لە گەڕەکه‌كه به‌ڕێوه‌چوو.
ئەو ماڵانە به بیانووی ئه‌وه‌ی لەسەر زەوی کۆمپانیای نەوتی باکوورن، لە لایەن فرقەی ٦١ی سەرۆکایەتی هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کراوه. ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر ماڵه‌كانیان چۆڵ نه‌كه‌ن، خانووه‌كانیان به‌سه‌ردا ده‌ڕووخێنن. ئەم ماڵانە کە لە سەردەمی حکوومەتی بەعس ئاواره بوون و دوای ڕووخانی ڕژێم گه‌ڕاونه‌ته‌وه کەرکووک، ماوەی ١٧ ساڵە لەو شوێنە دەژین. دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر چەندین جار هێزه عێراقییه‌كان هەڕه‌شەیان له‌و ماڵانه كردووه و ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه كه خانووه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن.
هاوکار عەبدوڵا دانیشتووی گه‌ڕه‌كه‌كه به ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی گوت، لە مانگێکدا ٣-٤ جار دێن بۆ دەرکردنمان. ماڵی عەرەب و تورکمان دراوسێمانن، به‌ڵام تەنها هەوڵی دەرکردنی ماڵە کوردەکان ده‌درێت و هێرش دەکەنە سەر ژن و کەسانی بەتەمەن.
ناوبراو گوتیشی، «لەم ٢٨٠ ماڵە، ٢٥٠ی ماڵی پێشمەرگەن کە ١٨ شەهید و چەندین کەمئەندامان هەیە. ئەم هێزە چوونه‌ته سه‌ر ماڵێك و هێرشیان کردووه‌ته سەر ژنێکی بەتەمەن. هه‌روه‌ها هاوژینه‌كه‌شی كه ته‌مه‌نی نزیکه‌ی ٨٠ ساڵانه و خاوەن شەهیدە، سوكایه‌تی و بێ ڕێزی پێ كراوه.» ئه‌و هاوڵاتییه ڕایگه‌یاند، ئێمە ده‌توانین بەرگری لە خۆمان بکەین و شەڕ بکەین، بەڵام حەز ناکەین شەڕ و فیتنە لەم شارە دروست بێت.
عومەر حەسەن (٧٣ ساڵان) هاوڵاتییەکی دیکەی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یه کە هێرشکراوەتە سەر ماڵەکەی و به ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی گوت، بەرپرسێکی ئەو هێزە بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری هەمەر هاتبوو هاواری به‌سه‌رمدا ده‌كرد، به‌ڵام من هەر بەهێمنی له‌گه‌ڵیان دواوم. گوتیشی، «کاتێک کچەکەم هەوڵیدا بە مۆبایله‌كه‌ی وێنە بگرێت بە ٥ چەکدارەوه هێرشیان کردە سەر ماڵەکەم.»
ئه‌و هاوڵاتییه گوتی، «من برای شەهید ئەنوەر حەسەنم کە براکەم لەپێناو کەرکووک شەهید بوو. هیچ کەس و لایەنێک خاوەنداره‌تیمان لێ ناکات. کوا ئەو بەرپرس و ئەندام په‌رله‌مانانه‌ی کە دەنگمان پێیان دا. هەر ڕۆژ هێزێک دێت هەڕه‌شەمان لێ دەکات. من تەمەنم ٧٣ ساڵانه، لە گرتووخانەی ڕژێمی بەعس لە بەغدا چاوم لەدەست داوه چونکە برای شەهید ئەنوەر حەسەن بووم.»
s.m