هەپەگە: لە جۆلەمێرگ و ئێلح ١٧ سەربازی تورکیا کوژران
هەپەگە رایگەیاند، لە چالاکیى گەریلادا لە جۆلەمێرگ و ئێلح ١٧ سەربازى سوپای تورکیا کوژراون. لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ناسنامەى گەریلایەک بڵاوکراوەتەوە، کە لە شەڕدا شەهیدبووە.
هەپەگە رایگەیاند، لە چالاکیى گەریلادا لە جۆلەمێرگ و ئێلح ١٧ سەربازى سوپای تورکیا کوژراون. لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ناسنامەى گەریلایەک بڵاوکراوەتەوە، کە لە شەڕدا شەهیدبووە.
ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى زنجیرە چالاکیى گەریلا لە جۆلەمێرگ و ئێلح راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. هەپەگە رایگەیاند، لە چالاکیى گەریلادا ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی سوپاى تورکیا تێکشکێنراوە و بە لانیکەمەوە ١٧ سەربازى تورکیا کوژراون.
دەقى راگەیاندراوەکەى هەپەگە:
لە گەڤەر ٢ سەرباز کوژران
"هێزەکانمان لە بەردەوامیى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری دا، رۆژی ٤ى ئەیلولی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ١٧:٣٠ دا لە شاخی عەلی شێر لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ چالاکییەکیان لە دژى سەربازانى سوپاى تورکی داگیرکەر ئەنجامدا. سەنگەرێک و پەناگەیەکى دوژمن تێکشکێنرا. لەو چالاکییەدا بە لانیکەمەوە ٢ سەرباز کوژراون.
لە جۆلەمێرگ زرێپۆشێک تێکشکێنرا و ٦ سەرباز کوژران
هێزەکانمان رۆژی ٤ى ئەیلولی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ٠٨:٣٠ لە رێگاى نێوان گەلیى دەشتانێ و شاخی شوندار لە ناوچەى چەلێى جۆلەمێرگ لە دژى ئۆتۆمبێلێکى زرێپۆشی جۆرى کیرپیى سوپاى تورکیا چالاکییەکى سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا زرێپۆشەکە بە تەواوى تێکشکێنرا و ٦ سەربازى دوژمنیش کوژران.
لە چالاکیى گەریلا لە ئێلح ٩ سەربازی سوپاى تورکیا کوژران
هێزی گەریلا رۆژی ٣١ى ئابی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ٠٣:٣٠ دا لە دژى یەکەیەکى شاراوەی سوپاى تورکیای داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامدا. هێزى گەریلا ئەو چالاکییەی لە نزیکەوە بەرامبەر ئەو یەکەیەی دوژمن ئەنجامدا و بەو هۆیەوە ٩ سەربازى دوژمن کوژران.
لەو چالاکییەدا هاوڕێمان ئەرگەش کە قارەمانانە و بە فیداکاری شەڕی دەکرد بە قورسی برینداربوو بوو و بۆ ئەوەى بە دیلی نەکەوێتە دەستى دوژمن بۆمباکەى بە خۆیدا تەقاندبووە و بەو هۆیەوە شەهید بووە.
لە دواى ئەو چالاکییە، کە دوژمن گورزی قورسی بەرکەوتبوو، لە سنووری گوندەکانى زەنگۆ، هەسکێ، نو، دەرشەوا و چایخانە دەستیکردووە بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن و تاوەکو ئێستاش ئۆپراسیۆنەکەى بەردەوامیى هەیە.
ناسنامەى هاوڕێ شەهیدەکەمان
نازناو: ئارگەش ئامەد
ناو و پاشناو: مزباه یاوز
شوێنی لەدایکبوون: ئامەد
ناوى دایک و باوک: ئاینور – محەمەد
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٣١ى ئابی ٢٠١٨ / ئێلح (باتمان)
هێرشى ئاسمانى
سوپاى تورکی داگیرکەر رۆژی ٤ى ئەیلولی ٢٠١٨ و لە نێوان کاتژمێری ١٥:٠٠ بۆ ١٧:٠٠ هێرشى ئاسمانیى لە دژى هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا ئەنجامدا. لەو هێرشانەدا لە هەرێمى زاپ ناوچەکانى چەمچۆ و گرێ جەهەنەم، لە هەرێمى خواکورک دۆڵی ئاشوت و دەورووبەرى لۆلان، لە هەرێمى حەفتانین ناوچەی قەرسۆک و لە هەرێمى قەندیل گوندی بێتێلان و دەورووبەریان بۆردومانکرد. بەهۆی ئەو بۆردومانەوە ئاگر بەربوویە سنوورى ئەو شوێنانە.
ئەو هێرشە کە سوپاى تورکی داگیرکەر بە ژمارەیەکى زۆر فڕۆکەى جەنگى ئەنجامیدا هیچ ئەنجامێکى دەست نەکەوت و هێزەکانى ئێمە هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە. دەوڵەتى تورکی داگیرکەر کە لە رێگەى راگەیاندنەکانیانەوە شەڕی دەروونی بەڕیوەدەبات، هەموو رۆژێک لە هەواڵەکانیاندا دەڵێن، هێرش دەکەن و ئەنجام بەدەست دەهێنن، بەڵام ئەو هەواڵ و زانیارییانەى راگەیاندنەکانى تورکیا بی بنەمان و هیچ راستییەکیان تیادا نییە، بەڵکو دەیانەوێت بەو جۆرە درۆیانە راى گشتى فریوبدەن".
ر.م