هەپەگە: لە جۆلەمێرگ و سێرت ١٩ ئەندامی هێزى تایبەت و سەربازی تورکیا کوژران

گەریلاکانى هەپەگە گورزی بەهێز لە سوپاى تورکیاى داگیرکەر دەوەشێنن. لەچالاکیی گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستاردا لە جۆلەمێرگ و سێرت ١٩ ئەندامى هێزە تایبەتەکانى تورکیا و سەربازی تورکیاى داگیرکەر کوژران.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەی چالاکیى گەریلا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. هەپەگە رایگەیاند، لە چالاکیی گەریلا لە جۆلەمێرگ ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی ئەندامانى هێزی تایبەتی پۆلیس (POH) تێکشکێنرا و ١٠ ئەندامی ئەو هێزەى تیادا کوژرا.

هەپەگە راشیگەیاندووە "لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری دا هێزەکانمان رۆژی ٣ى ئابی ٢٠١٨ لە جۆلەمێرگ گورزى قورسیان لە سوپاى تورکیاى داگیرکەر وەشاند".

لەبارەی وردەکاریی ئەو چالاکییانەوە لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە "هێزى گەریلا لە نزیک گوندی هەرکی لە ناوچەى شەمزینانى جۆلەمێرگ یەکەیەکى شاراوەى کۆمارى تورکیاى داگیرکەریان خستە ژێر چاودێری. لە دوای ماوەیەکى دوور و درێژ لە چاودێریکردنیان، هێزەکانمان لە کاتژمێر ٠٩:٥٠ دا لە نزیکەوە هەڵمەتیان بردە سەریان. لەو چالاکییەدا سەربازێکى دوژمن کوژرا و چەندین سەربازى تری برینداربوون. دواى چالاکییەکە سوپاى تورکیاى داگیرکەر بە تۆپی جۆرى ئۆبیس و هاوەن ناوچەکەى بۆردومانکرد".

لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ئەوەش هاتووە "هێزەکانمان لە کاتژمێر ١٠:١٥ دا لە گردی شکێری سپی لە گەلیشمەى ناوچەى شەمزینانى جۆلەمێرگ لە دژى بنکەى سەربازانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا گورزی قورس لە سەنگەر و حەشارگەکانى دوژمن درا و لە ئەنجامدا ٢ سەرباز کوژران. لە دواى چالاکییەکە سەربازەکان لە گردەکە رایانکرد".

  لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەکەى هەپەگەدا هاتووشە "کاتژمێر ٢٢:١١ هێزەکانمان لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ لە دژى کاروانى سەربازیى سەربازانى سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر، کە لە بنکەى سەربازیى وەرگەنیما بەرەو ناوەندى گەڤەر دەڕۆیشتن، لە نێوان گوندی یەکمالەی ژوور و زنیا سێڤێ چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا زریپۆشێک تەقێنرایەوە و ١٠ ئەندامى هێزە تایبەتەکانى پۆلیس کوژران".

لە سێرت سەنگەرێک تێکشکێنرا و ٦ سەرباز کوژران

هەپەگە لە بەشێکى ترى راگەیاندراوەکەیدا باسى ئەوەیکردووە "هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەى شۆڕشگێڕیى دەلال ئامەد و شەهیدانى بەستا چالاکییان لە دژى هێزى ئۆپراسیۆنى سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە چەمی کەرێى سەر بە ناوچەى بەرواری لە پارێزگاى سێرت ئەنجامدا.

رۆژی ٣ى ئابی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ١٦:٠٠ دا هێزەکانى یەژاستا یەکەیەکى دوژمنیان لە گردی شەهید سورخوێن کردە ئامانج. ئەو چالاکییە لە ٣ قۆڵەوە ئەنجامدرا. ئەوەندەى روون بووەتەوە ٤ سەربازی دوژمن لەو چالاکییەدا کوژراون.

هەروەها رۆژی ٤ى ئابی ٢٠١٨ (ئەمڕۆ) هێزەکانى یەژاستا بۆ جاری دووەم هێرشیان کردەوە سەر یەکەى دوژمن لە گردی شەهید سورخوێن و لە نزیکەوە هەڵمەتیان بردە سەر هێزەکانى دوژمن و گورزی قورسیان لە سەنگەر و پەناگەکانیان وەشاند و لە ئەنجامدا سەنگەرێک بە تەواوی تێکشکا و ٢ سەربازی تریش کوژران".

ر.م