هەپەگە: لە قلابان گورز لە کۆپتەرێکى سوپاى تورکیا درا

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە رایگەیاند، هێزى گەریلا لە ناوچەى قلابان گورزیان لە کۆپتەرێکى جۆری سکۆرسکیى سوپاى تورکیا داوە.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) رایگەیاند، هێزى گەریلا ٢ چالاکییان لە ناوچەکانى گەڤەرى جۆلەمێرگ و قلابانى شرنەخ ئەنجامداوە. لە گەڤەر گردێک کە سەربازانى دوژمنیى تیادا بووە کراوەتە ئامانجى چالاکیى گەریلا و بەو هۆیەوە کۆنتێنەرێکى شوێنى مانەوەى سەربازەکان تەقێنراوەتەوە. هەروەها لە قلابانى شرنەخیش گورز لە کۆپتەرێکى جۆری سکۆرسکیى سوپاى تورکیاى داگیرکەر دراوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە "هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری دا لە رۆژی ١٢ى ئابی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ دا لە ناوچەى گەڤەرى جۆلەمێرگ هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانى دوژمن لە گردی سیسەر لە سنوورى چارچێلا. لەو چالاکییەدا کۆنتێنەرێکى شوێنى مانەوەى سەربازانى دوژمن تەقێنراوەتەوە، بەڵام ژمارەى کوژراوان و بریندارانى دوژمن روون نەبووەتەوە".

هەپەگە راشیگەیاندووە "لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانى بەستادا، هێزەکانمان لە ١١ى ئابی ٢٠١٨ ن لە کاتژمێر ٠٦:٣٠ دا لە ناوچەى قلابانى شرنەخ لە دژى کۆپتەرێکى جۆرى سکۆرسکیى سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامداوە. لەو چالاکییەدا گورزی قورس لەو کۆپتەرە درا کە بە ئاسمانى چەمی خەچەکێ دا دەسوڕایەوە و بەهۆی ئەو گورزەوە ناچار بووە ئاسمانى ناوچەکە بەجێبهێڵێت".

ر.م